پەرلەمانتارێک: کارەساتێکی راستەقینە لە عێراق روو دەدات
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی لێژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندووە، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە بەرپرسانی ئەمریکا کرد عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران ببوێرن.
هەیبەت حەلبوسی هەروەها رایگەیاندووە، هەرچەندە چەند هەفتەیەک بەسەر ئەو داوایەی سەرۆکی پەرلەمان لە ئەمریکا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا عێراق هیچ وەڵامێکی وەرنەگرتووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەگەر عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران نەبوێردرێت و پابەند بێ بە سزاکانی ئەمریکا، ئەوا ”لە هاوینی داهاتوو عێراق رووبەڕووی کارەساتێکی راستەقینە دەبێتەوە“.
عێراق گازی سروشتی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکڕێت و بەپێی سزاکانی ئەمریکاش، نابێ هیچ وڵاتێک نەوت و گاز لە ئێران بکڕێت و هەیبەت حەلبوسیش پێی وایە، ئەگەر عێراق نەبوێردرێ، ئەوا لە هاوینی داهاتوو پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.
لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری سەپاندنی سزای کەرتی نەوت و وزەی بەسەر ئێراندا سەپاند، بەڵام هەندێک وڵاتی لەو سزایە بە شێوەیەکی کاتی بەخشی کە تێیدا هەریەک لە وڵاتانی عێراق و تورکیای گرتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 2-5-2019، بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکا بە کۆتایی هێنان بە لێبووردن لە هەشت وڵات، کە هەموویان لە کیشوەری ئاسیان، چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.
باسنيوز