ئه‌مه‌ریكا: زۆر نیگه‌رانین له‌وه‌ی چه‌كه‌كانی ئێمە كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست چه‌ند گرووپێكی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ سه‌ر بە ئێرانن

ئه‌مه‌ریكا:  زۆر نیگه‌رانین له‌وه‌ی چه‌كه‌كانی ئێمە كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست چه‌ند گرووپێكی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ سه‌ر بە ئێرانن
سه‌رله‌نوێ قسه‌وباس له‌باره‌ی چه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لای گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌نێوان ساڵانی 2015 تا 2017 له‌كاتی شه‌ڕی داعشدا كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستیان. هاوكات له‌گه‌ڵ زیادبوونی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و گرووپه‌ نزیكه‌كانی تاران، به‌رپرسانی عێراقی بۆ رۆژنامه‌ی "العربي الجديد" ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا داوایان له‌ حكوومه‌تی عێراق كردووه‌، پابه‌ندی به‌نده‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی پڕچه‌ككردنی نێوان هه‌ر دوو وڵات بێت. له‌و رێككه‌وتنه‌شدا گه‌رێنتی ئه‌وه‌كراوه‌ جگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پارێزگاریكردنی له‌ ئه‌منییه‌ت و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌و چه‌كانه‌ به‌كارنه‌هێنرێن و ته‌نها له‌ ده‌ست هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقدابن. به‌ڵام ئه‌و مه‌رجه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و پشت به‌ یاسای ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌به‌ستێت و به‌ به‌شێك له‌ هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی وڵاته‌كه‌ ده‌یانناسێنێ".

له‌ رابردوودا واشنتن كاروانی گه‌وره‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی مامناوه‌ندی و سووكی ناردووه‌ بۆ عێراق، به‌تایبه‌تی ساڵی 2016 پێش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی فه‌لوجه‌ و موسڵ له‌ دژی داعش، جگه‌ له‌وه‌ وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ك بریتانیا و ئوسترالیا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیان بۆ عێراق ناردووه‌.

به‌رپرسێكی عێراقی به‌ رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی گوتووه‌: "ئه‌مه‌ریكییه‌كان سه‌رله‌نوێ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیان گوتووه‌، نابێت چه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بگاته‌ ده‌ستی چه‌ند گرووپێكی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه‌ پێشێلكاریی له‌و بواره‌دا رووبدات هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر به‌رنامه‌ی پڕچه‌ككردنی عێراق. به‌تایبه‌تی یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌ تایبه‌ته‌كانی عێراق كه‌ چڕچه‌ككردنیان 100% له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، وه‌ك ده‌زگای دژه‌ تیرۆر و یه‌كه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا و یه‌كه‌ تایبه‌ته‌كانی كۆماندۆس كه‌ سه‌ر به‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقن".

ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقییه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ رۆژنامه‌كه‌ ناوی بهێنێت ده‌ڵێت: "ئێستا ئه‌مه‌ریكا چه‌كی سووك و مامناوه‌ند بۆ عێراق نانێرێ، به‌ڵام زۆر نیگه‌رانن له‌وه‌ی چه‌كه‌كانیان كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست چه‌ند گرووپێكی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌سه‌ر ئێران هه‌ژمار ده‌كرێن و ئه‌و چه‌كانه‌ به‌كارده‌هێنن كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ سوپای عێراق نێردراون وه‌ك‌ (M4 و M16) و تانكشكێنی جۆری AT4".

له‌ به‌رامبه‌ردا په‌رله‌مانتارانی عێراق ده‌ڵێن، به‌غدا رێككه‌وتنی پڕچه‌ككردنی پێشێل نه‌كردووه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان، چونكه‌ حه‌شدی شه‌عبی ئیتر به‌شێكن له‌ هێزه‌كانی عێراق و شه‌ڕی دژی تیرۆریان كردووه‌.

عه‌بدولئه‌میر مه‌یاحی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتوویه‌تی: "سكاڵا و ره‌خنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پاساوهه‌ڵناگرن، چونكه‌ ئیتر حه‌شدی شه‌عبی به‌شێكن له‌ سیستمه‌ ئه‌منی و هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی عێراق".

مه‌یاحی ده‌ڵێت: "پێشتر په‌رله‌مانی عێراق چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی بۆ حه‌شدی شه‌عبی دۆزیوه‌ته‌وه‌ و مافی ده‌وڵه‌تی عێراق خۆیه‌تی ئه‌و چه‌كانه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌یانهێنێ چۆن دابه‌شی بكات وه‌ك چۆن هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ چه‌ك به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی دابه‌ش بكات، پێویست ناكات حكوومه‌تی عێراق له‌و رووه‌وه‌ روونكرده‌وه‌ بۆ كه‌س بدات و ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ سازدان و ئاماده‌كردن و پڕچه‌ككردنی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبیش به‌شێكه‌ له‌و ھێزانه‌ و مافی خۆیه‌تی ده‌ستی به‌و چه‌كانه‌ رابگات كه‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌دا گریبه‌ستیان له‌باره‌وه‌ ده‌كات".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌حمه‌د كینانی، په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی سادیقوون كه‌ باسكی سیاسی میلیشیای عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌قه‌ و به‌ دیارترین گرووپی حه‌شد داده‌نرێن كه‌ له‌ ئیرانه‌وه‌ نزیكن ده‌ڵێت: "حه‌شدی شه‌عبی به‌شێكن له‌ سیستمی ئه‌منی و به‌رگریی و سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقن، هاوشانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ كۆتایهێنان به‌ داعش تێكۆشاون، نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی چه‌كه‌كانی كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ جێگه‌ی خۆیدا نییه‌ و ده‌ستوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری عێراق و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا رێگه‌ی پێنه‌ده‌ن".

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا حسێن عه‌بدولنه‌بی، ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی جه‌نگاوه‌ره‌ پێشه‌نگه‌كانی عێراق پێیوایه‌، قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لای حه‌شدی شه‌عبی، هه‌موو جارێك له‌گه‌ڵ هاتنی كارورانی نوێی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، به‌شێكی ئه‌و فشارانه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌و كۆنگرێسمانانه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه‌یه‌ كه‌ دژی پڕچه‌ككردنی عێراقن و ده‌ڵێن ئێران سوودی لێوه‌رده‌گرێت".

عه‌بدولنه‌بی پییوایه‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵوێستێكی سه‌خته‌وه‌، چونكه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی وه‌ك نوجه‌بای ناو حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی حه‌شدی خستووه‌ته‌ لیسی تیرۆره‌وه‌، كاتێكیش چه‌كی ئه‌مه‌ریكی ده‌گاته‌ ده‌ست ئه‌و هێز و كه‌سانه‌ نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا زۆرتر ده‌بن".

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی به‌ناوی محه‌مه‌د سه‌لیم به‌ رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی گوتووه‌: "كاتێك چه‌كی ئه‌مه‌ریكی ده‌گاته‌ ده‌ست گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ پڕچه‌ككردنی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی به‌ چه‌كی پێشكه‌وتوو رووبه‌ڕووی كێشه‌ و له‌مپه‌ری زیاتر ده‌بنه‌وه، هه‌ر چه‌نده‌ سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی فشاری زۆریان خستووه‌ته‌ سه‌ر حكوومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌یان پێبدرێت".

‌ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ عێراقییه‌ پێیوایه‌ پێویسته‌ چه‌كه‌ قورسه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ حه‌شدی شه‌عبی وه‌ربگیرێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا رێگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ك بگرن و نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست هه‌موو كه‌س و گرووپیك، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق درووست نه‌كات و زیان له‌ پڕچه‌ككردنی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ش نه‌دات".

جێگای بیرهێنانه‌وه‌یه‌، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ كاتی هێنانه‌وه‌یان بۆ كه‌ركووك و په‌لاماردانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستان، به‌و چه‌كانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی داعش دابوویه‌ حكوومه‌تی عێراق دژی پێشمه‌رگه‌ به‌كاریانهێنا و له‌ شه‌ڕی پردێ دا ساڵی 2017 هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ توانیان به‌ر به‌ هێرشی حه‌شد و هێزه‌كانی دیكه‌ی عیراق بگرن و تانكی ئه‌برامسی ئه‌مه‌ریكی له‌و شه‌ڕانه‌دا تێكبشكێنن.






K24 -
Top