هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە تۆمەتی پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران سزا درا

بەڕێوەبەری کۆمپانیای “ڤیگا توڵز”، لە لایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بە تاوانی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە پێنج ساڵ زیندان سزا درا.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکادا ئاماژە بەوە کراوە کە “رەی هانت”، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ڤێگا توڵز لە ویلایەتی ئالاباما، لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٤ دانی بەوەدانا کە بە شێوەیەکی نایاسایی کەرەستەی پیشەسازیی بۆ پیشەسازییەکانی نەوت، گاز و پترۆکیمیای ئێران ناردووە.
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەکو دەستگیرکردنی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئێرانی کاری کردووە و کۆمپانیای نێوەندگیری گواستنەوەی لە تورکیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەکارهێناوە بۆ دەربازبوون لە سزاکان.
جگە لەوەش ئەو کەسەی کە باسی لێوە دەکرێت، لە ڕێگەی بانکەکانی ئیماراتەوە پارەی داوە و هەوڵی بەلاڕێدابردنی دابینکەران و کۆمپانیاکانی کەشتیوانی داوە سەبارەت بە شوێنی ڕاستەقینەی هەناردەکردنەكەی.
گوڵان: سەردار خەلیل