قەتیسبوونی گەرمی

قەتیسبوونی گەرمی بریتییە لەو زیادەیەی كە لە تێكڕای جیهانیی پلەكانی گەرمیدا دێتە ئاراوە و، بە هۆی گازەكانی دووانەئۆكسیدی كاربۆن و میسان و ئۆكسیدی نیترۆز و ئۆكسیدی نایترۆجین، دەبێتە هۆی گۆڕانی كەشوهەوا. هەرچەندە هەزاران ساڵ لەمەوبەریش هەسارەی زەوی بە چەندین ماوە و كاتی گەرمبوون و ساردبوونەوەدا تێپەڕ بووە، بەڵام لە ماوەی سەدەی بیستەمدا دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی، زۆر بە خێرایی بۆ ئاستی نەبینراو لە ڕابردوو بەرز بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی زۆر بەكارهێنانی سووتەمەنیی بەردین لە ژیانی ڕۆژانەی تاك و كۆمەڵگەدا، بۆیە بە مەبەستی سەرنجڕاكێشانی هەمووان بۆ مەترسییەكان، زانایانی ئەم بوارە ئەم دیاردەیەیان بە «گەرمبوونی جیهان» ناو لێناوە.
قەتیسبوونی گەرمی چۆن ڕوو دەدات؟
قەتیسبوونی گەرمی كاتێك ڕوودەدات، كە گازە گەرمكارەكان چینێك لە بەرگەهەوادا دروست دەكەن و ڕێگە بە هاتنی گەرمیی خۆر دەدەن بۆ زەوی، بەڵام ڕێگە نادەن گەرمیی گەڕاوە لە زەوییەوە بگاتە دەرەوەی ئەو چینە دروستبووە لە بەرگەهەوادا.
زیادەڕەوی لە بەكارهێنانی سووتەمەنیی بەردیندا بووەتە هۆی چڕبوونەوەی گازە گەرمكارەكانی وەك دووانە ئۆكسیدی كاربۆن و میسان بۆ ئاستێك كە بووەتە هۆی قەیرانی گۆڕانی كەشوهەوا، بەتایبەت لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە پلەكانی گەرمی لەسەر ئاستی جیهاندا بۆ زیاتر لە (1.1) پلەی سەدی بەرز بووەوە، ئەم بەرزبوونەوەیەش پەیوەستە بە چڕیی گازە گەرمكارەكان لە بەرگەهەوادا كە (417) بەش لە یەك ملیۆنی تێپەڕاند لە دووانە ئۆكسیدی كاربۆن لە ساڵی (2022)، لە كاتێكدا بریتی بوو لە (280) بەش لە یەك ملیۆن لە ساڵی (1750) و ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەم.
ئەگەر ئاستی چڕیی ئەم گازەش بەرزتر بێت لە (350) بەش لە یەك ملیۆن بۆ ماوەیەكی درێژ، ئەوسا جیهان بەرەو گۆڕانێكی توندی كەشوهەوا هەنگاو دەنێت، بۆ خۆلادانیش لەم ئەگەرە، پێویستە خێراتر ڕوو لە سەرچاوەكانی وزەی خاوێن و نوێبووەوە بكرێت، لەبری زۆر بەكارهێنانی سووتەمەنیی بەردین.
هەرچەندە زەوی وەك یەك هەسارە دێتە ناسین، بەڵام لە ڕووی گەرمبوونەوە جیاوازیی هەیە و هەندێك ناوچە لەوانی دیكە زیاتر ڕوو لە گەرمبوونن، لەبەر دوو هۆی سەرەكی:
یەكەم، بارودۆخی جوگرافی: هەندێك ناوچە زیاتر ڕووبەڕووی مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەبنەوە، بەهۆی بارودۆخی جوگرافیی وەك نزیكییان لە بیابان، نزمییان لە ئاست ڕووی دەریاوە، كەمیی تێكڕای باران بارین، بۆ نموونە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا بە تێكڕایەك گەرم دەبن، كە دەكاتە دوو ئەوەندەی تێكڕای جیهانی، ئەمەش بە جۆرێك لە جۆرەكان هەڕەشەیە لەسەر دانیشتووانی ناوچەكە.
دووەم، گەیشتن بە دەرامەت و سەرچاوەكان: بەهۆی نەبوونی دارایی پێویست دەوڵەتە هەژارەكان نەیانتوانیوە بگەنە ئاستێك بۆ وەڵامدانەوەی ئاسەوارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، بەتایبەت لە بواری خۆگونجاندندا، هەرچەندە دەوڵەتە دەوڵەمەندەكان لە ساڵی 2009وە بەڵێنی 100 ملیار دۆلاری ساڵانەیان دابوو، هەتا دەگەنە ساڵی 2020 بەڵام پابەندی ئەو بەڵێنەیان نەبوون، هەرچەندە باس لە ڕێگەچارەی دیكەش كراوە و دەكرێت بۆ پارەداركردنی پڕۆژەكانی پەیوەست بە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەواوە، بەڵام ئەو ڕێگەچارانەش جێبەجێ نەكراون.
هۆیەكانی قەتیسبوونی گەرمی
یەكەم: هۆیە مرۆییەكان:
1. لەناوبردنی دارستانەكان و ڕووبەری سەوزایی.
2. زیاد بەكارهێنانی هۆكارەكانی گواستنەوەی كاركردوو بە سووتەمەنیی بەردین.
3. پێكهاتەكانی كاربۆن، كلۆر، فلۆر لە ڕێگەی ئامێرەكانی ساردكەرەوەوە.
4. شۆڕشی پیشەسازی و زیادبوونی دەرهەویشتە گازییە گەرمكارەكان لە كارگە گەورە و زۆرەكانەوە.
دووەم: هۆیە سرووشتییەكان
1. دووكەڵی گركانەكان.
2. بە هەڵمبوونی ئاوی ڕووبەرە ئاوییەكان و مانەوەی لە بەرگەهەوادا.
3. گازە گەرمكارەكانی دوای توانەوەی بەستەڵەكەكان.
4. گازە كاربۆنییەكانی دوای سووتانی دارستانەكان.
بەشێك لە ڕێگەچارەكانی قەتیسبوونی گەرمی
1. سنووردانان بۆ سەرچاوەكانی دەرهەویشتەی گازە گەرمكارەكان.
2. سنووردانان بۆ زۆریی هۆكارەكانی گواستنەوەی زیانبەخش.
3. جیاكردنەوەی ڕێڕەو بۆ پایسكل و ڕێڕەو بۆ پیادە.
4. زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی.
5. جیاكردنەوە و ڕاكێشانی كاربۆن لە بەرگەهەوا.