یەک حکوومەتى تەباو بەهێزتر لە رۆژهەڵاتێکى ناڤینى پڕ ئاگردا

یەک حکوومەتى تەباو بەهێزتر لە رۆژهەڵاتێکى ناڤینى پڕ ئاگردا

لە دواى هەڵبژاردنەکانى 20ى ئۆکتۆبەرى 2024 و راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان ، لە ئێستەدا هەموو چاوەکان وچاوەروانییەکانى خەڵکى کوردستان لە سەر پێکهێنانى کابینەى دەیەم و حکوومەتێکى نوێیە تا سەرکردایەتی پەڕینەوەى کاروانێکى پر لە بەرپرسیاریەتى و خزمەتگوزارى خەڵکى کوردستان بکات ، تێیدا هەرێمى کوردستان هەر لە هەڵەبجەوە و تا زاخۆ بگەێنێتە کەناڕى دڵنییایی و ئارامى و ژیانێکى پڕ لە بەختەوەرى بۆ ئەم مەبەستەش خەڵکى کوردستان بە بەشدارى ملیۆنى خۆى سەلماندى کە چەندە پەرۆشى قەوارەى هەرێمى کوردستان و سەروەرییەکانێتى ، بۆیە کاتى ئەوە هاتووە کە لایەنە سیاسییەکانى بەوپەرى بەرپرسیاریەتییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن بە رامبەر بە خواست ن خزمەتکردنى گەل و نیشتیمانەکەیان.
ئێستا ئیتر کاتى ئەوەیە بە گفتوگۆى بونیاتنەرانە و لێکتێگەیشتنى دروست ،ڕەچاوگرتنى بەرژوەندییە باڵاکانى خەڵکى کوردستان و بەهەند وەرگرتنى دەنگى دەنگدەرەکانیان و ڕێزگرتن لە دیموکراسى و ئیرادەى خەڵکى کوردستان و ئینجا دۆزینەوەى خاڵى هاوبەش و بە پێى ڕێژەى دەنگ و کورسییەکان و دانانى هیچ شەرت و مەرجێکى پێشوەختە و دووبارە نەکردنەوەى ئەزموونى رابردوو و لە سەر بنەماى ڕەچاوگرتنى هەلومەرج و رەوشى ناڵەبارى ناوچەکە و دەوربەرمان و هەر لایەنەوە بە پێى ئەو مافەى کە بەدەستى هێناوە حکوومەتێکى بەهێزتر وکاراتر پێکبهێنرێت ، چونکە ئەوە رەوشە هەستیارە وادەخوازێت کوردوکوردستانمان لە هەموو بەرژوەندییەکى کەسى و حزبى خۆشتر بوێت لە بەر ئەوەى :
یەکەم ،، شاراوە نییە ، کوردستان وەک جوگرافیا و لە شوێنى هەستیارو ستراتیژ دایە بە هەموو بەشەکانییەوە ، ئەو دەوڵەتانەى کە لە دەوروبەرین زانراو و ناسراون , بەشێوەیەک ئەگەر لە سەر هەموو شتێک ناکۆکییان هەبێت , ئەوا لە سەر دۆزى کورد و دژایەتیکردن و هێرش وپەڵاماردانى کۆک و هاوڕان و مێژوویش گەواهیدەرى ئەو راستییەیە .
دووەم ،، ناوچەى رۆژهەڵاتى ناڤین بە رەوشێکى زۆر خراپ و دژوار دا گوزەر دەکات ، لە هەموو لایەک ئاگڕەکە بڵێسە دەدات و بزیشک دەپرژێنێت ، ئەگەر چڕبوونەوەى زۆرە و چاوەروان دەکرێت گڕەکەى بە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بێتەوە و بەتایبەتى بۆ ئێمەى گەلى کورد و هەرێمى کوردستانیش ئەگەر قەوارەى و حکوومەتێکى بەهێز و تەبامان نەبێت زۆر مەترسیدار دەبێت .

سێیەم ،، لای هەموو خەڵکى کوردستان روونە کە لەماوەى پێکهێنانى کابینەى نۆیەم تا بە ئەمڕۆ ، سەرەڕاى هەموو ئەو ئاستەنگ و کۆسپانەى کە لە بەردەم هەنگاوەکانى ئەم حکوومەتە چ لە سەر ئاستى نێوخۆیی و دەرەکیش دروستکران ، بەڵام ڕێزدار مەسروور بارزانى ،سەرۆکوەزیرانى کوردستان و تیمەکەى گشت تواناکانیان خستەگەڕ بۆ تێکشکاندنى ئاستەنگەکان و خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان و بونیاتنانى دەیان پرۆژەى گرنگ و ستراتیژى کە بەبەراوەرد لەگەڵ کابینەکانى تر بێ وێنە بووە ، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵە سیاسى و دیپلۆماسییەکانى لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراق خستەگەڕ تا پرسى مووچە و بودجەى هەرێمى کوردستان وەک کارتێکى فشار دژى خەڵکى کوردستان بەکارنەهێنرێت ، هەر بۆیە، بە شێوەیەکى لۆژیکانە و خۆڕاگرانە مامەڵەى لەگەڵ ئەو کارتە سیاسى و لوغمانە دەکرد لە بەردەم قەوارەى هەرێمى کوردستان چێندرا بوون و مەرامیان لێدانى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان و شکاندنى ئیرادەى خەڵکى کوردستان بوو بۆوە .
زۆر گرنگە لە ژێر رۆژشنایی ئەم خاڵانەى سەرەوە کە ئاماژەمان پێکردن، زۆر گرنگە یەک حکوومەتى بەهێز و تەبا پێکبهێنرێت ، تێیدا ئەو حزب ولایەنانەى کە بەشدارى دەکەن بە ڕۆحێکى کوردپەوەرانە و نیشتیمانپەوەرانە ئەرک وبەرپرسیایەتییەکانیان جێبەجێ بکەن و هەر لێکەوتەیەکیش بێتە پێشەوە بەئەستۆ بگرن تا بەیەکەوە ڕووبەڕووى هەموو ئاڵنگارى و ئاستەنگەکان ببنەوە و بە شێوەیەک گشت هەوارزە سەختەکان ببڕێت و هەموو هاووڵاتیانیش ئەم حکوومەتە بە هى خۆیان بزانن و هەمیشە دڵنیابن، کە ئەم قەوارەیە لەدەستێکى ئەمین و خزمەتگوزار و بەرپرسیاردایە ، هەمیشە سنگى وەک قەڵغانێکە بۆ پارێزگاریکردن لە گەل ونیشتیمانەکەى.

Top