بزووتنەوەی حزبوڵڵا: تا ئێستا 95 سەربازی ئیسرائیل له هێرشه زه مینییەکاندا کوژراون
نووسینگەی ئۆپراسیۆنەکانی بزووتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لەو بارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
نووسینگەی ئۆپراسیۆنەکانی بزووتنەوەی حزبوڵای لوبنانی ئەم هەینییە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: لە ٣٠ی ئەیلولەوە کە تەلئەبیب هێرشی زەمینی بۆ سەر باشووری لوبنان دەستی پێکرد، تا ئێستا ٩٥ ئەفسەر و سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە ٩٠٠ کەسیش بریندار بوون.
لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە: ٤٢ تانکی مێرکاڤا و ٤ بولدۆزەری سەربازی و ٢ ئۆتۆمبێلی هەمەر و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی هێزمان لەناوبرد و ٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرمێس ٤٥٠ و ٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرمێس ٩٠٠مان خستە خوارەوە.
لەم ڕاگەیاندنەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئەو ژمارانە ئەو زیانانە ناگرێتەوە کە بەر ئەو بنکە و ناوچە و پادگانە و شارۆچکانەی لەلایەن حزبوڵڵا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج.
باس لەوە دەکرێت کە هێزەکانی بزووتنەوەی حزبوڵڵا لەم دواییانەدا هەوڵەکانی سوپای ئیسرائیلیان بۆ پێشڕەوی لە گوندەکانی باشووری لوبنان بە چەند میحوەرێک بەرپەرچ داوەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حزبوڵڵا بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل و لە ١٧ی ئەیلولەوە تا ئێستا ٦٥٥ هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە.
گوڵان: سەردار خەلیل