كــــونسوڵی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە سەرۆك بارزانی دەکات

كــــونسوڵی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە سەرۆك بارزانی دەکات

چوارشەممە 23ـی تشرینی یەكەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە كونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر كرد.

بارەگای بارزانی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەسەرکەوتوویی و بە هەنگاوێكی گرنگی هەرێمی كوردستان بۆ قۆناغێكی تازەی سیاسی وەسف كرد.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها هەنگاوەكانی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتی تازە ئاڵوگۆڕ كرا.

لە دیدارەکەدا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و هەروەها هیوای ئەوەشی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

 

Top