نێچیرڤان بارزانی: ئاشتی هەورامی به‌ لێهاتوويى و دڵسۆزى‌ خزمه‌تى هه‌رێمى كوردستانی كرد

نێچیرڤان بارزانی: ئاشتی هەورامی به‌ لێهاتوويى و دڵسۆزى‌ خزمه‌تى هه‌رێمى كوردستانی كرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا بۆ کۆچی دوایی ئاشتی هەورامی، دەڵێ "به‌ لێهاتوويى و دڵسۆزى‌ خزمه‌تى هه‌رێمى كوردستانی كرد... رۆڵێكى گه‌وره‌ى له‌ بنيتانانى ژێرخان و به‌ره‌وپێشبردنى كه‌رتى نه‌وت له‌ هه‌رێمى كوردستاندا گێڕا."
 
ئاشتی هەورامی، کە لە کابینەکانی شەشەم، حەوتەم و هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری سامانە سرووشتییەکان بوو، هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بوو بۆ کاروباری وزە، دوێنێ دوای نەشتەرگەرییەک کۆچی دواییکرد. 
 
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى د. ئاشتى هه‌ورامى ده‌كات و، دەڵێ "پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قووڵم ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوڕێ و هاوكارانى ده‌كه‌م، هاوسۆز و هاوبه‌شى خه‌ميانم. له‌ خواى مه‌زن داواكارم گيانى به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ هه‌موو لايه‌ك ببه‌خشێت."
 
لەبارەی کار و ئەرکەکەشی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ "خوالێخۆشبوو د. ئاشتى هه‌ورامى، به‌ لێهاتوويى و دڵسۆزى‌ خزمه‌تى به‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و به‌ شاره‌زايى و پسپۆرى و تواناكانى، رۆڵێكى گه‌وره‌ى له‌ بنيتانانى ژێرخان و به‌ره‌وپێشبردنى كه‌رتى نه‌وت له‌ هه‌رێمى كوردستاندا گێڕا."
 
ئاشتی هەورامی ساڵی 1948 لەدایکبوو و ساڵی 1971 لە بەغدا بەکالۆریۆسی لە نەوت بەدەستھێناوە، ھەمان ساڵ لە کۆمپانیای نەوتی عێراق لە بەسرە وەک ئەندازیار کاری کردووە.
 
ساڵی 1975 تاوەکو 1982 لە بەریتانیا وەک ئەندازیار لە کۆمپانیایەکی نەوتی بەریتانی کاریکردووە. ساڵی 1978 ماستەری لە ئەندازیاریی نەوت لە سکۆتلاند بەدەستھێناوە. ساڵی 2006 بووە وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دوێنێ لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
 

Top