ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان:   پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای شاری هەولێر بڕی (479) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە و لە چارەسەركردنی گرفتی كەمئاویدا ڕۆڵێكی گەورە دەبینێت  

ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر  بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان:     پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای شاری هەولێر بڕی (479) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە و لە چارەسەركردنی گرفتی كەمئاویدا ڕۆڵێكی گەورە دەبینێت   

 

لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كاری زۆر لەسەر چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی كراوە، بەتایبەتی لەگەڵ گۆڕانكاریی كەشوهەوا و وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و زۆربوونی خواستی هاووڵاتیان. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دا .

 

 

* تا چەند كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی بە دابینكردنی ئاوی خواردنە لە هەموو شار و شارۆچكە و وگوندەكانی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان داوە؟

- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مسرور بارزانی هەر لە ڕاگەیاندنی بەرنامە و كارنامەكەیدا، جەختی لەسەر هەموو ئەو كار و خزمەتگوزارییانە كردووەتەوە كە زۆر پەیویستن بە ژیانی ڕۆژانە و ڕاستەوخۆی هاووڵاتیانەوە، ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆش سێكتەرێكی گرنگن و ڕیزبەندی دراوەتە چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی ئەم سێكتەرە، لەم تێڕوانینەوە پێویستە ئاماژە بە پڕۆژە ستراتیژییەكان بكەین، كە هەندێ پڕۆژە لە پێشترە و لە كابینەكانی دیكەدا دەستی پێ كردبوو، بەڵام بە هۆی بابەتی تەكنیكی و دارایی و یاساییەوە ڕاگیرابوون، وەكو پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوەی (ئاكرێ و 51 گوندی بارزان و دەربەندیخان و دەربەندی ڕانیە) ئەو پڕۆژانە هەر یەكەی بە هۆكارێك ڕاگیرابوون، لە پاش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستانەوە هەموو ئەو پڕۆژانە بوودجەیان بۆ دابین كرا و ئێستا لەژێر ئەنجامدانن و لە ماوەیەكی كورتدا دەكەونە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.تێچووی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی 51 گوندی بارزان زیاتر لە (140) ملیار دینارە و دەربەندی ڕانیە (37)ملیار دینارە و دەربەندیخان (25)ملیار دینارە و ئاكرێ (109) ملیار دینارە، هەروەها ئەو پڕۆژانەی لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا گرێبەستیان بۆ كراوە و لەژێر جێبەجێكردندان وەكو پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی دەوروبەری پیرمام كە بودجەكەی (14) ملیۆن دۆلارە و كەشفێكی زیادكراویشی ئێستا بۆ كراوە، ئەوە بودجەكەی دەبێتە (17) ملیۆن دۆلار، كە دانانی تۆڕی ئاوی پیرمام و سەری بڵندی لەگەڵ ئەنجام دەدرێت، دووەمیش پڕۆژەی ئاوی (گۆپتەپە–چەمچەماڵ)ـە، كە ستراتیژییە و بە گوژمەی (78) ملیۆن دۆلار كە دەكاتە (102) ملیار دینار لە زێی بچووك لە گوندی گۆپتەپەوە بە چوار قۆناغ ئاو دەگوازێتەوە بۆ چەمچەماڵ، ئەم پڕۆژەیەش لە ژێر جێبەجێكردندایە كە ماوەی (720) ڕۆژی بۆ دانراوە تەواو بكرێت، هەروەها پڕۆژەی ستراتیژیی فریاگوزاریی خێرای شاری هەولێرمان هەیە كە توانای (20) هەزار مەتر سێجای هەیە لە كاتژمێرێكدا، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە ئەو كێشە و گرفتانەی لە شاری هەولێر هەیە لە ڕووی كەمیی و نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە، كە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، ئەوە بۆ ماوەی (30) ساڵ بە یەكجاری چارەسەر دەبێت، كە بڕی (479) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە. هاوكات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ستراتیژیی قەزای قوشتەپە بەردی بناغەی بۆ دانرا كە ئاو لە گوندی قەشقەوە دەگوازیتەوە بۆ بیستانە و قوشتەپە، ئەو گوندانەی لەسەر ئاراستەی ئەو پڕۆژەیەن كە زیاتر لە (60) گوند، دەبێت هەر هەمووی سوودمەند ببن، كە درێژیی بۆڕییەكەی (38) كیلۆمەترە و بە دوو قۆناغ ئاو بەرز دەكاتەوە، لە قۆناغی سێیەمدا گوندەكان لێی سوودەمەند دەبن كە نزیكەی (190) ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە، هاوكات پڕۆژەی ئاوی فایدە هەیە كە بڕی (30) ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە، هاوكات لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانراوە بە ڕێژەی 50% سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگرین و بە ڕێژەی 50% بەكارهێنانی ئاوی ژێر زەویمان كەم كردووەتەوە. لە داهاتوویەكی نزیكدا زۆربەی بیرەكان بۆ نموونە لە شارێكی وەكو هەولێر دادەخرێن، تەنیا ئاوی سەر زەوی بەكاردێت، لە ڕێگەی پڕۆژە ستراتیژییەكانەوە و بەو پلانەی دانراوە كە ئەو (11) پڕۆژە ستراتیژییەی ئاوی خواردنەوە لە هەموو و كوردستان تەواو ببێت، ئەوە سوودوەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی دەگاتە 80% و ئاوی ژێر زەوی كە بەكار دێت دەگاتە 20% كە ئەو چەند پڕۆژەیەش وەكو پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر و گۆپتەپە–چەمچەماڵ و دەربەندیخان و دەربەندی ڕانیە و ئاوی سلێمانی و بەردەڕەش و سۆران و هەریر و ئاوی گەرمیان كە بەرفرەوان دەكرێت و پڕۆژەی ئاوی خەبات و كەوروگۆسك لە پارێزگای هەولێر، هاوكات لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوو پڕۆژەی ئاوی ستراتیژی هەیە، كە یەكێكیان لە ئاوی بێخاڵ–سۆرانە و پڕۆژەی دووەم زارگەلی–سۆرانە، كە لە ئێستادا بە هۆی بەرفرەوانبوونی شارەكەوە داوای پڕۆژەیەكی دیكەی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوە دەكەن، كە پێویستی بە (200) ملیار دینار دەبێت، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دوو پڕۆژەی ئاویان هەیە كە یەكێكیان پڕۆژەی ئاوی زاخۆی كۆنە و دووەمیان ئاوی زاخۆی نوێیە، كە هەر دوو پڕۆژەكە بەبێ كێشە كار دەكەن و پێویستیان بە پڕۆژەی دیكەی ئاو نییە.

* ئایا پڕۆژە كورتخایەن و ساڵانەتان لە سێكتەری ئاوی خواردنەوە لەو كابینەیەدا چییە؟

- بەرنامە و پلانانەكانمان بریتین لە لێدانی بیری تازە و لێدانی بیری بەدیل و دانانی تۆڕی دابەشكردنی ئاو لە گەڕەك و كۆڵانە تازەكان و چاككردن و نۆژەنكردنەوەی تۆڕی كۆنەكان و، ئیداردانی بیرە ئاوەكان و پڕۆژە ستراتیژەییەكانی ئاوی خواردنەوە و دابینكردنی كەلوپەل بۆ بیر و پڕۆژەكان و كڕین و دابینكردنی كەرەستەی پاككردنەوەی ئاو و چاككردنەوەی وێستگەكانی ئاو، كە هەموو ئەو كارانە دەچنە چوارچێوەی پلانە كورتخایەنەكان، كە وەرزین یان ساڵانەن، چاككردنی بیر و تۆڕەكانیش كە پلانی ڕۆژانە و هەفتانەن، ئەو كار و پڕۆژانەی لەو پلان و بەرنامەیەدان دوو جۆر خەرجی هەیە، بەگشتی تێچوە ڕاستەوخۆكان ساڵانە لە نێوان (130 بۆ 160) ملیار دینارە و خەرجی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە خەرجی كارەباشەوە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەموو هەرێمی كوردستاندا ساڵانە دەگاتە (500) ملیار دینار.

* ئایا ئەو پڕۆژەیە بەكوێ گەیشت كە سەرۆكی حكومەتی كوردستان بڕیاری دا بە زووترین كات بۆڕیی ئیفراز سێ بگۆڕدرێت، كە ماوە ماوە دەشكا و دەبووە هۆكاری بێئاوی، یان كەمئای لە شاری هەولێر؟

- پاش ئەوەی چەندین جار بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێ لە نێوان مەرعۆدا و كۆگای سەرەكیی ئاوی خواردنەوە لە نزیك گەڕەكی هەولێری نوێ كە درێژییەكەی (11) كلیۆمەتر بوو، دەشكا، ڕێزدار مسرور بارزانی بڕیاری دا، بە زووترین كات ئەو بۆڕییە لەو نێوانەدا بگۆڕدرێت و بە شێوەیەكی باش بۆڕیی ستانداردی هاوچەرخی بۆ دابین بكرێت، كە زیاتر لە (21) ملیار دیناری بۆ تەرخان كرد، بەڵام ئەو درێژییەی كە (2750) مەتر بوو گۆڕدرا، تەنیا (4) ملیار و (300) ملیۆن دیناری بۆ خەرج كرا، پاش گۆڕینی ئەو بۆڕییە كە زیاتر لەو شوێنە بوو كە گۆڕیمان تا ئێستا هیچ شكانێكی دیكە ڕووی نەداوە .

* ئایا كارو پلانتان بۆ ئاوەڕۆی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان چۆنە و لەو كابینەیەدا چی كراوە؟

- لە هەموو شارەكانی كوردستان چەندین پڕۆژەی ئاوەڕۆ و تۆڕی بەستنەوەی ئاوەڕۆیەكان بەیەكترەوە و بەستنەوەیان بە ئاوەڕۆ سەرەكییەكانەوە هەیە، بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانكارییەی كەشوهەوا و دروستبوونی لافاو لە چەندین شوێنی كوردستاندا، دوای ئەوەی ڕاسپارەكانی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێم زۆر دیار بوو لەسەر ئەو كار و پڕۆژانەی كە دەبنە هۆكاری كەمكردنەوە، یان نەهێشتنی كۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، بەتایبەتی لە ناو شار و شارۆچكەكان، بەگشتی هەر لەو پڕۆژەی ئاوەڕۆیانەی لە شاری هەولێر بۆ نەهێشتنی لافاو دروست كران، پڕۆژەی ئاوەڕۆی ڕێگەی مەسیف سەڵاحەدین–هەولێرە، لەوێشەوە بۆ ناو گەڕەكی زێڕین كە ئەو پڕۆژەیە بەتەواوی جێبەجێ كراوە و ساڵی پار دیتمان كە كاریگەریی تەواوی لەسەر ئەوە هەبوو كە ئاو لەو ڕێگە سەرەكی و گەڕەك و شوێنانەدا كۆ نەبێتەوە، كە ئەم پڕۆژەیە نۆ ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە، لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییانەی كە لە قۆناغی جێبەجێكرندایە پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێرە، كە وێستگەیەكی پاڵاوتنی ئاوی قورسی لەگەڵدایە، دەكەوێتە خوارووی هەولێر، وەكو قۆناغی یەكەم وێستگەكە لەگەڵ ئاوەڕۆ قورسەكەی ئەو سێ گەڕەكە (500) ملیۆن دۆلاری پێویستە، كە لە ئێستادا لە ڕێگەی ڕێكخراوی جایكای یابانییەوە (230) ملیۆن دۆلاری بۆ دابین كراوە و هەموو پڕۆژەی ئاوەڕۆیەكەی هەولێر كە بە چەند قۆناغێك تەواو دەبێت، پێویستی بە زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە. لەلایەكی دیكەوە لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا بە سەدان بەند او پۆند لە هەموو كوردستان دروست كراون، كە كاریگەرییان هەبووە لەسەر ئەوەی لافاو لە كوردستان مەترسی بۆ هاووڵاتیان دروست نەكات. هەروەها لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دیزاین و وردەكاریی ئامادەكراو بۆ ئاوەڕۆی قورسی شاری سلێمانی كراوە، لە ئێستادا لە هەوڵداین بۆ شاری دهۆكیش لە بواری ئاوەڕۆی قورسدا دەست بە پرۆژە بكەین.

* ئایا تا ئێستا ڕێژەی دانانی پێوەری ئاو چۆنە لەلایەن هاوبەشانی ئاوەوە؟

- ئەو پارەی تا ئێستا لە كۆكردنەوەی ئاو لە هەرێمی كوردستان بەگشتی وەری دەگرێن، دەگاتە 40%ی ئەو پارەیەی كە لە بەرهەمهێنانی ئاو و گەیاندنی بۆ ناو ماڵان خەرجی دەكەین، چونكە ساڵانە بەرهەمێنانی ئاو وگەیاندنی بۆ هاووڵاتیان (140 تا 150) ملیار دنیار تێچوویەتی، ئەگەرچی تەنیا لە هاوبەشەكانمان ساڵانە (40 تا 60) ملیار دینارمان دەست كەوتووەتەوە و لە باشترین حاڵەتدا وەكو ساڵی ڕابردوو كە توانرا (63) ملیار دینار كرێی ئاو لە هاوبەشەكانمان بەگشتی لە هەرێمی كوردستان وەربگرین، بەڵام لە پڕۆسەی بەستنی پێوەری ئاو بەگشتی بۆ هەموو هەرێمی كوردستان گەیشتووینەتە 82% كە لە شاری هەولێر لە سەرووی90%ی هاوبەشەكانی ئاو پێوەریان بەستووە و لە دهۆك لەسەرووی 88%ی بەستوویانە و لە سلێمانی نزیكەی 83%ی پێوەری ئاویان بەستووە، لە ساڵی 2021 تا ئێستا شەش جار لێخۆشبوون بۆ پارەی ئاو بۆ هاوبەشان دەرچووە، كە كارێكی زۆر گرنگ و باشی بووە و یارمەتی و پاڵپشتییەكی گەورەش بووە بۆ هاوبەشەكانی ئاو.

Top