“ بانگەشەیەكی نەرم و سەردەمییانە دەستپێبكەن ”
دەستەواژە و میتۆدی ماركێتینگ-بازاڕسازی سیاسی، وەك ئامراز و میكانیزم لە تەك هێزی نەرم لە كایەی هەڵبژاردن و بەهێزكردنی گوتاری پارتی سیاسی كاریگەری سیاسیی خۆی هەیە. هەر پارتێكی سیاسی پێویستی بە بەرنامە و كارنامەیەك هەیە لەپاڵ ئایدۆلۆژیا و جیهانبینییەكەی خۆیەوە تاكو بە ئامانجەكانی بگات، ئەركی بەردەوامی رێكخستن و ئۆرگان لە دنیای مۆدێرندا، بازاڕسازی و گوتاری سیاسییە بە هێزی نەرمەوە بۆ ئامانج، وتار، فیكر، ستراتیژ، پڕۆسە، كاندید، توانا و خزمەت بۆ ئەو كۆمەڵگەیەی كە تێیدایە، هەمیشە لە بازاڕسازیی سیاسیدا نێرەر ڕۆڵێكی گەورە و باندۆرێكی ئەرێنی دەبینێت لە گەیاندنی ئەو پەیامە بە تێروانین، دنیابینی و دیدێكی جوان و هێزێكی نەرم كە ئایدۆلۆژیای حزب بگەیەنێت بە رای گشتی.
کارنامەی پارتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەنجامی دەنگدانی جەماوەر، بەرهەمی ئەو ماركێتینگەیە كە بە پلانی پێشوەختە و بە تەیاربوونی زانیاری و مەعریفەی كاندیدەكانی پارتییەوە كاریان لەسەر كردووە، پێویستە كەمپینی ھەڵبژاردن ڕەچاوی ئارامی دەروونی، ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی خەڵك بکات.
ئاساییە هێزە سیاسییەكان بەرنامەی خۆیان پێشكەش بكەن و زۆر گرنگە گوتارێكی میانڕەویان هەبێت، چونكە دەنگدەر ھەموو ھێزەكان دەناسێت و هیچ كەس و لایەنێک نوێ نین، زۆرینەیان تاقیكراونەتەوە.
بەربژێرانی پارتی بە ئاوێتەبوون
لەگەڵ جەماوەر، چین و توێژە جیاوازەكان و گوێگرتن بۆ ڕوانگە و بۆچوون و كێشەگەلییان، نەك تەنیا دەچنە نێو قووڵایی و مەغزای ئاریشە و ناسۆری جەماوەر، بەڵكو بیر و هزریان فراوان و بەرچاویشیان زیاتر ڕووناك دەبێتەوە، هەروەها تێگەیشتنیان بۆ كێشەگەلی هاونیشتمانیان و پرسەكان قوڵتر و چارەسەرەكانیش ئاسانتر و واقعیتر دەبێت.
لەكاتی پلاتفۆرمی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەندێك وشە هەیە هێندەی چارەسەری پزیشكێكی زیرەك و كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنەری دەرمانی پزیشكی باش كاریگەری هەیە، وشەسازی باش و نەرم كاریگەری لەسەر دەروونی جەماوەر بەجێدەهێڵن.
راستە شەڕی براكوژی گــەرم كۆتایی هاتووە، بەڵام یەكترسڕینەوە، شكاندن و تۆمەتباركردن بۆتە فەرهەنگی ئێستای میدیا و فەزای مەجازی سۆشیاڵ میدیا لە هەرێمی كوردستان.
ئەم فەرهەنگە خەریكە لە هەموو بۆنە و بارودۆخ و ڕووداوێكدا ئامادەیی پەیدا دەكات، بەعەقڵیەتی براكوژی لایەنگرانی حیزبەكان یەكتری دەدوێنن و گفتوگۆ لەگەڵ یەكتری دەكەن، ئەمەش سیمای دیموكراسی و دیدی دنیای مۆدێرن نییە، بەڵكو مەفهوم و تەرجەمەی دیموكراسیی لاواز و كەمڕەنگ كردووە.
لەسەر پلاتفۆرمی هەڵبژاردن، بانگەشە، هێزی نەرم، دوور لە تەشهیر و هەست برینداركردن: (مەسرور بارزانی)، سەرۆک وەزیران داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات: "بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن، چونکە هەموومان کوردستانین و رۆڵەی ئەم نيشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە رەفتار بکەین."
هەست برینداركردن و گەڕانەوە بۆ ڕابردووی تاڵ و بەكارهێنانی وشەی خراپ و دەستەواژەی نەشیاو لە بانگەشەكاندا توانای ئەوەی هەیە دووبەرەكی، دووژمنداری، ترس، دڵەڕاوكێ، تۆقاندن و جەنگ لەنێوان هاووڵاتییان بەرپا بكات.
بۆیە زۆر گرنگە كاندیدەكانی پارتی بەرپرسانە و بە هێزی نەرم وشەكان هەڵبژێرن و كاتێك قسە و گفتوگۆ دەكەن، حیسابی ئەوە بكەن كە كاریگەری و لێكەوتە و ئەنجامەكانی لەسەر بیركردنەوە و ئەندێشەی تاك بە تاكی هاونیشتمانیان چی دەبێت.