سەرۆکایەتیی ههرێمى كوردستان: جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانمان لەگەڵ ئێران دەکەینەوە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیانەوە گفتوگۆیان کردووە و "ئەو کێشانەی هەبوون بە تەواوی لەنێویان دەبەین".
مەسعود پزیشکیان باسی لەوە کرد، "هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە ستایشی براکانمان بکەین لێرە، لە سەرۆکی بەڕێزی هەرێم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، رێبەری ئەم هەرێمە، لە میوان پەروەرییان لە پەیوەندییەکانیان. روانینی ئەمان ئەوەیە کە پێکەوە خوێنمانداوە، ئەمە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ بە جۆرێکی دیکە سەیری بابەتەکە بکات".
گوتیشی، "ئەمە راستییەکە کە ئێران و ئەم هەرێمە لە زۆربەی ئەو رووداوانەی دەبوونە هۆی دروستبوونی شەڕ و گرژییەکان، پێکەوە و لە تەنیشت یەکدی بوون و پێکەوە هەوڵیان دەدا کێشەکان چارەسەر بکەن؛ ئێستا هەمان بۆچوون ماوە. دەبێت ئێمە لەو کاتەی کە ئاشتی و سەقامگیری هەیە. هەوڵبدەین بە گوێرەی پێویست سوود لەو مێژووە وەربگرین. لەڕووی کولتووری، ئابووریی و سیاسیی و ئەمنی ئێمە دەتوانین یارمەتی یەکدی بدەین و زەمینە بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان ئامادە بکەین".
هاوکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەردانی سەرۆککۆماری ئێران مێژوویی بوو. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لە هەموو روویەکەوە بەرەو پێشتر ببەین".
نێچیرڤان بارزانی گوتی، "دەمەوێ بڵێم ئێمە لە هەرێمی کوردستان، خەڵکی هەرێم، حکومەت و بەرپرسانی هەرێم و هەموو رێبەرە ئایینییەکانی هەرێم کە ئەمڕۆ لێرە کۆبوونەتەوە. خۆشحاڵین کە بەڕێز سەرۆککۆمار لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق سەردانی کوردستانیشی کرد؛ هەرچۆنێک بێت ئێمە لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی مێژووییمان هەیە و کۆمەڵێک هاوبەشیی زۆرمان لە بواری مێژوویی، کولتووری و زماندا هەیە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "هاتنی سەرۆککۆمار، وەکو یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران کە چاوی بە هەولێر دەکەوێت بۆ ئێمە بە هەموو شێوەیەک مێژووییە. لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆککۆمار لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان بە تایبەت پرسی ئەمنی گفتوگۆمان کرد. جەنابی سەرۆککۆمار و ئێمەش جەختمان لەوە کردەوە کە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق نابێت بە هیچ شێوەیەک لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاربهێندرێت".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها باسی لەوە کرد، "بەڵێ کۆمەڵێک کێشە هەن، بەڵام ئەو کێشانە ئێمە وەکو یەک تیم چارەسەریان دەکەین. هەرێمی کوردستان ئامادەیی ئەوەی تێدایە لە هەموو ئاستەکان پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەرە پێبدات".
مەسعود پزیشکیان و نێچیرڤان بارزانی لە پاش کۆبوونەوەی پزیشکیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، لایەن و پێکهاتەکان، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
پزیشکیان کاژێر 8:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە هەرێمی کوردستان؛ ئەو یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بێتە هەولێر.
بەیانیی دوێنێ چوارشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و بڕیارە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سێ رۆژ بخایێنێت.
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.
مەسعود پزیشکیان لە بەغدا بە زمانی کوردی وەڵامی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە بەغدا دایەوە و گوتی: "سڵاومان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە و لە خزمەتیانداین، پشت بەخوا لە بەرنامەماندایە دەچینە ئەوێ و قسەیان لەگەڵ دەکەین".
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، مەسعود پزیشکیان گوتی: "پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشە و باشتری دەکەین".