لە دبلن پایتەختی كۆماری ئێرلەندا ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە جینۆساید كردنی ئێزیدییەكان دەكات
ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی ١٠/٩/٢٠٢٤ لە دبلنی پایتەختی كۆماری ئێرلەندا كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە جینۆساید كردنی كوردانی ئێزدی ئەنجام دەرێت، لەم كۆبوونەوەیەدا د.دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بە بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئێرلەندا بەشدار دەبێت.
سەبارەت بەم كۆبوونەوەیە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرلەندا بانگهێشت كراوین، كۆبوونەوەكە تایبەتە بەو تاوانانەی كە دەرهەق بە ئێزدییەكان ئەنجامدراون لەلایەن تیرۆریستانی داعش كە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دەچنە خانە تاوانی نێودەوڵەتی و بریتین لە تاوانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید.
ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئەوەشی راگەیاند: لەم كۆبوونەوەیەدا وتاری حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكرێت و تێیدا تیشك دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە پرسی بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی دژی ئێزدییەكان ئەنجامدراون، هەوڵەكانی دادگایی كردنی تیرۆریستان، قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و كەسوكاریان، ئازادكردنی رفێندراوان، هەماهەنگی حكومەتی هەرێم لەگەڵ تیمی لێكۆڵینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش(یونیتاد) و میكانیزمی كاركردنی حكومەتی هەرێم دوای كۆتایی هاتنی ئەركی یونیتاد دەخرێتە ڕوو.
ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئەوەشی باس كرد هەوڵەكان بەردەوامن بۆ رزگار كردنی رفێندراوانی داعش و تا ئێستا توانراوە (3576) كەس رزگار بكرێن لەوانە (1210) ئافرەت، (339) پیاو، (1070) منداڵی كچ و (960) منداڵی كوڕ و زیاتر لە (1000) رزگار كراوە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەر كردن.
لەبارەى کۆتایى هاتنى ئەرکەکانى تیمى لێکۆڵینەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپیچینەوە لە تاوانەکانى داعش (یونیتاد) و ڕادەستکردنەوەى زانیارییەکان ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتى: بە پێی بڕیارنامەى (2697) ی ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى لە ڕێکەوتى ١٧ ئەیلولى ٢٠٢٤ کۆتایى بە کارەکانى تیمى یونیتاد دێت، لە رۆژی 11ی تەمموز لە قۆناغی یەکەم بڕی (45.95) گیگابایت زانیاری پارێزراو كە یونیتاد لە دەسەڵاتی دادوەری و دامو دەزگا پەیوەندیدارەكان وەریگرتبوون، هەروەها رۆژی 25ی ئابی 2024 لە قۆناغی دووەم بڕی (11.9) گیگابایت زانیاری و لیكۆڵینەوەی تایبەت بە ڕێكارە یاساییەكان بۆ دادگایی كردنی تیرۆریستان، رادەستی حكومەتی هەرێمی کراون.
سەبارەت بە گرنگی بەشداری كردنی حكومەتی هەرێم لەم كۆبوونەوەیەدا وتی: پێشتر بەشداریمان كردووە لە كۆبوونەوەکان لە بەرلین و نیۆیۆرك تایبەت بە سەرچاوە داراییەكانی داعش و تاوانەكانی كۆمەڵكوژیی داعش دژی ئێزدییەكان، ئەم كۆبوونەوانە دەرفەتێكی باشن بۆ خستنەڕووی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم لە دادگایی كردنی تیرۆریستانی داعش و خستنەڕووی هەوڵەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.