د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان : مـــافــی ئـــافـــره‌ت، پــێـــوه‌رێـــك بـــۆ هـــه‌ڵـــســه‌نـــگـــانـــدنـــی پــێــشــكــه‌وتــنــی كـــۆمـه‌ڵــگـــه‌

د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان : مـــافــی ئـــافـــره‌ت، پــێـــوه‌رێـــك بـــۆ هـــه‌ڵـــســه‌نـــگـــانـــدنـــی پــێــشــكــه‌وتــنــی كـــۆمـه‌ڵــگـــه‌

 

له‌ بیسته‌مین كۆبوونه‌وه‌ی"بازنه‌ی گفتوگۆ"دا، دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و تاوتوێکردنی چه‌ندین پرسی گرنگ و هه‌ستیار تایبه‌ت به‌ خه‌ڵك و نیشتمان، بڕیاردرا گفتوگۆی ئه‌مجاره‌ ته‌رخان بكرێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ تایبەتی كه‌ ئاماری دادگەکان له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی جیابوونه‌وه‌ و ته‌ڵاق زه‌نگێكی مه‌ترسیدار لێدەدە‌ن و هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و شیرازەی خێزان.

فاكته‌ری سه‌ره‌كی و هانده‌ر بۆ ئه‌م گفتوگۆیه‌، ئه‌م بارودۆخەیه‌ كه‌ ئێستا له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سیی عێراق دروستبووه‌ و، پێشنیازێكه بەشێک لە کوتلە بەهێزەکانی نێو بەشێک لە هێزە شیعییەکان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی 2 مادده‌ی ئه‌و یاسایه‌ پێشكه‌شیان كردووه‌ و، له‌ناو په‌رله‌مانی عێراقدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی پاش ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژەی هه‌مواركردنەوەیان‌ ده‌كرێت، هیچ دوور نییە بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌زۆرینه‌ تێیبپەڕێنن.

بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌ستیاره‌ بڕیاردرا، نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌ پێوەندیداره‌كان به‌ "دژ و لایه‌نگر"وه‌ هه‌ر له‌ عه‌ره‌بی شیعه‌، عه‌ره‌بی سوننە، هێز و لایه‌نه‌ سیاسییەکانی كوردستان، په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ پلاتفۆرمێکی كراوه‌ی بازنه‌ی گفتوگۆ كۆبكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دید و بۆچوونە جیاوازه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی لایه‌نگری هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ن و ئه‌وانەیشی دژن ڕووبه‌ڕوو له‌سه‌ر ئه‌و پرسە هه‌ستیاره‌ بدوێن.

بۆ ماوه‌ی پتر له‌ 3 كاتژمێر لایەنە جیاوازەکان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ گفتۆگۆی زۆر ڕاشکاوانەیان كرد، ته‌واوی قسه‌كانی به‌شداربووانی ئه‌م گفتوگۆیه‌، پاشتر قسه‌كانی خۆیان بینیوه‌ته‌وه کە وەک خۆی بڵاوکراوەتەوە لە ژمارە 1428ی گۆڤاری گوڵان. هه‌ڵسه‌نگاندنی گفتوگۆكه‌ بۆ خوێنه‌رانی هێژا به‌جێده‌هێڵم، با ئه‌وان بڕیاری خۆیان بده‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك هه‌ڵوه‌سته‌ ده‌كه‌م كه‌ ژینگه‌ی كۆبوونەوەکە چه‌ند شتێكی تازه‌ی پێ گوتین كه‌ لێره‌دا به‌ كورتی هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر ده‌كه‌م:

 بەشێک لە برایانی عه‌ره‌بی شیعه‌ كه‌ لایه‌نگری پێشنیازی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ن، پێیانگوتین شه‌ڕ كردن له‌سه‌ر "هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سیی عێراق"، شه‌ڕی پارتی دیموكراتی كوردستان نییه‌، به‌ڵام جوامێرانه‌ به‌شداربووانی گفتوگۆکە به‌ "كورد و سوننه‌ و شیعه‌وه‌" ئه‌و بۆچوونه‌یان ڕه‌تكرده‌وه‌ و گوتیان خه‌باتی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو هێزه‌ دیموكراتی و ئازادیخوازەکانی عێراق له‌ پێناوی پاراستی "ماف و كه‌رامه‌تی مرۆڤ، ماف و كه‌رامه‌تی ئافره‌ت، مافی منداڵ و پاراستنی خێزانه‌" سوپاس بۆ به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ ئه‌م ده‌ستپێشخەرییە گه‌وره‌یەی كردووه‌ و نوێنه‌ری هه‌موو عێراقيیه‌كانی له‌ پلاتفۆرمێكی كراوه‌دا كۆكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئازادانه‌ "لایه‌نگر و دژ" قسه‌ی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌ستیاره‌ بكه‌ن.

لە گفتوگۆکەدا له‌بری ئه‌وه‌ی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت به‌ ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتووی ڕۆژئاوا به‌راورد بكرێت " كه‌ پێشان وا باو بوو"، ئه‌مجاره‌یان به‌ هه‌رێمی كوردستان به‌راورد كرا، نوێنه‌رانی ڕێکخراوەكانی ئافره‌تان كه‌ له‌ گفتوگۆكه‌ به‌شداربوون، گوتیان كاتێك ڕەوشی ژنانی عێراق به‌ ڕەوشی ژنانی كوردستان به‌راورد ده‌كه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ باس لە دوو دۆخ و ژینگەی جیاواز بکەین، ئێمه‌ به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ساڵی 2008 یاسای باری کەسیی كوردستان ناڕازی بووین كه‌ فره‌ژنی نه‌هێشت و ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیریی كچانی به‌رزكرده‌وه‌ بۆ سه‌رووی 18،ساڵ، به‌ڵام ئێستا له‌ ساڵی 2024 له‌ ناو په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌یانه‌وێت یاسایه‌ك تێپه‌ڕێنرێت، كه‌ شه‌رعیيه‌ت ده‌دات به‌ هاوسه‌رگیریی منداڵی كچ له‌ 9 ساڵیدا، ته‌واوی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری له‌ دادگەکان وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و، ته‌سلیمی ئه‌و مده‌وه‌نه‌ی وه‌قفی سوننی و شیعی ده‌كات، كه‌ له‌ ئێستادا بوونی نییه‌ و نازانرێت له‌ داهاتوودا چۆن ده‌نووسرێته‌وه‌.

ئەوانەی دژی هه‌مواركردنه‌وه‌ی "یاسای باری كه‌سیی عێراق، یاسای ژماره‌ 188ی ساڵی 1959"، به‌رگری له‌ یاساكه‌ ناكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی یاسایه‌كی زۆر باش بێت و ته‌واوی مافه‌كانی "مرۆڤ، ئافره‌ت ، منداڵ، خێزان"ی پاراستبێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ش یاسایه‌كی باش نییه‌ و له‌ ساڵی 2008 له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌موار كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ترسی  عێراقییه‌كان له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌م هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ ده‌مانباته‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌کردن به‌ تێگەیشتن و شیکردنەوەی کەسانێک کە سەدان ساڵ لەمەوبەر یاسا و دەستووریان بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەی سەردەمی خۆیان نووسیوە.

ده‌ستخۆشی له‌ بازنه‌ی گفتوگۆ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌م پرسه‌ هه‌ستیاره‌ی هه‌ڵبژارد بۆ گفتوگۆ، ئه‌م پرسه‌ پێوەندیداره‌ به‌ پاراستنی ماف و كه‌رامه‌تی هه‌موو هاووڵاتیانی عێراق به‌ "ئافره‌ت و منداڵ و خێزان و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی" كۆی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقه‌وه‌.

لە دومایی ئەم پەیڤە کورتەدا، ده‌مه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئەوە بکەم كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییەوە هه‌تا ئێستا گۆڕەپانێک بووه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی فرەڕەنگی و جیاوازییه‌كان. دروشمی شۆڕشی ئه‌یلوول پێش داواكردنی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان، دیموكراتی و ئازادی بووە بۆ هه‌موو عێراق، به‌درێژایی نزیكه‌ی هه‌شت ده‌یه‌، ئه‌م پارته‌ شۆڕشگێرە ئه‌م پرەنسیپەی پاراستووه‌ و خه‌باتی بۆ ده‌كات، له‌م گفتوگۆیه‌ش ئه‌و شاهیدییه‌ بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەدرێت، ئێستا له‌ ته‌واوی عێراقدا شوێنێك مابێت كه‌ پێكڤەژیانی ئازادانه‌ی ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی تێدا مابێت، ته‌نیا لە هه‌رێمی كوردستان و له سایه‌ی سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی سه‌رۆك بارزانی ـ یه‌، هه‌ر بۆیه‌ بازنه‌ی گفتوگۆ كه‌ وه‌ك پلاتفۆرمێكی كراوه‌ به‌رگری له ‌ماف و كه‌رامه‌تی مرۆڤ و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كات، ته‌رجه‌مه‌ی ئه‌و فیكر و سیاسەتەیە، كه‌ سه‌رۆك بارزانی پیاده‌ی ده‌كات.

Top