پ.د.غالب ئەلدەعمی توێژەری كاروباری سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی: ناكرێت پەلە لە دەرچوونی یاسایەك بكرێت كە كێشەی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت
پ.د. غالب ئەلدەعمی سەرۆكی بەشی ڕاگەیاندنە لە زانكۆی (أهل البیت) لە كەربەلا و توێژەرە لە كاروباری سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراقە و، لە بواری كاری ڕۆژنامەنووسیدا سەرنووسەری چەندین ڕۆژنامە بووە، وەك: ڕۆژنامەی «كربلاء الیوم، الطلیعة الإسلامیة»، لە بواری كاركردنیدا لە دژایەتیكردنی گەندەڵی لە دەستەی دەستپاكیی فیدڕاڵیی عێراقدا بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژكاری سەرۆكی دەستەكە بووە، وەك شرۆڤەوانێكی سیاسییش بەردەوام لەسەر شاشەی كەناڵە عێراقییەكان ئامادەیی هەیە و بە شێوەیەكی زانستی و دوور لە هەڵچوونی مەزهەبی و نەتەوەیی، بیروبۆچوونەكانی دەخاتە ڕوو، لە گفتوگۆی ئەم جارە «هەمواركردنی یاسای باری كەسیی عێراق و ئاكامەكانی» بەم جۆرە دید و بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.
زۆر سوپاستان دەكەم كە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە گرنگە «هەمواركردنی یاسای باری كەسیی عێراق و ئاكامەكانی» بانگهێشتتان كردین، كە ئەم پرسە لە ئێستادا جێگەی مشتومڕی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراقە.
پێش ئەوەی بێمە سەر ئەم پرسە دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە لەم سەردانەماندا بۆ هەولێر، بە ڕاستی شارێكی زۆر جوان و هێمنمان بینی، لە شەقامەكاندا قەرەباڵغی و قفڵبوونی ترافیكمان نەبینی وەك ئەوەی ئێمە لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە بەدەستیيەوە دەناڵێنن، ئەم قسانەی من ستایشە و ئاراستەی ئەوانەی دەكەم كە توانیوویانە هەولێر بگەییننە ئەم جوانی و ئارامییە.
لیرەوە ئەگەر بێمە سەر ئەو پێشنیارەی بۆ هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە پێشكەش كراوە، من هاوڕام لەگەڵ هەندێك خاڵ و لەسەر هەندێك خاڵیشی تێبینیم هەیە، بۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەم بە كورتی قسە لەسەر ڕەهەندە ناخۆیی و دەرەكییەكانی پەسەندكردنی ئەم یاسایە بكەم.
من زۆر باش ئەوە دەزانم، كە عێراق بە گۆشەگیری لە دەرەوەی ژینگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی ناژی، بۆیە تێپەڕاندنی یاسایەك لەم بارودۆخەدا لەگەڵ ئەوەی ئەوانەی لایەنگیری ئەم هەموارە دەكەن بە پێویستی دەزانن و، بیانوویان ئەوەیە كە دەبێت شەرعی خودا جێبەجێ بكرێت، ئەوا ئێمە نەمانتوانیووە لە هەموو بوارێكدا شەرعی خودا جێبەجێ بكەین لەم بارودۆخە هەرێمی و نێودەوڵەتییەدا، من لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە زانیاریم وەرگرتووە كە لەم قۆناخەدا حكومەتی عێراق نایەوێت هەمواری ئەم یاسایە لە پەرلەمان تێپەڕێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەسەر ئاستی ڕەهەندی دەرەكی، عێراق وەك دەوڵەت بەو شێوەیە سەیر دەكرێت كە ڕێز لە مافی «ئافرەت و منداڵ» ناگرێت، بۆیە دەبێت زۆر باش لەمە تێبگەین و عێراق نەخەینە ژێر گوشاری ڕەهەندە دەرەكییەكەوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ئێمە بمانەوێت یان نەمانەوێت لە عێراقدا پێكهاتەی جیاواز هەیە و عێراق وڵاتی پێكهاتە جیاوازەكانە، لەوانە «هەرێمی كوردستان، ناوچەی ڕۆژئاوا، باشوور و ناوەڕاست، بەغدا» هەروەها هەندێك لە برایانی نوێنەر لە فراكسیۆنێكی دیاریكراو نوێنەرایەتیی هەموو عێراق ناكەن، تەنانەت مەرجەعییەتی ڕەشیدیش كە بریتییە لە «باوكی گەورە» كە ئەویش مەرجەعییەتی ئایەتوڵڵا سیستانییە، هەتا ئێستا هیچ ڕایەكی ڕوون و ئاشكرای لەسەر ئەم یاسا دەرنەبڕیووە، تەنانەت كاتێك چەند ساڵێك پێش ئێستا پەرلەمانتار حەسەن ئەلشەمری هەموارەكەی پێشكەش كرد، ڕەت كرایەوە.
شتێكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم، ئەم پێشنیارەی بۆ ئەم هەمواركردنەوەیە پێشكەش كراوە تەنیا بۆ هەمواری دوو ماددەی ئەو یاسایە پێشكەش كراوە، بۆ ئەمەش چاوەڕێی ئەوە دەكرێت كە هەردوو وەقفی سوننە و شیعە مدەوەنەیەك ئامادە بكەن، مەدەوەنەكانیش لەیەكتری جیاواز دەبن. ئەوجا لەبەر ئەوەی مەزهەبەكانی ئیسلامی جیاوازن ئەوە ئەوەی لەسەری ڕێك دەكەون لەوانەیە ڕاست بێت و لەوانەشە ڕاست نەبێت، هەموو ئەوانەی ئیجتیهاد دەكەن مرۆڤن لەوانەیە هەڵە بكەن، خۆ ئەمە دەقێكی ئاسمانی نییە و هاتبێتە خوارەوە، بۆیە باشترە ئێستا چاوەڕیی ئەوە بكەین بزانین مدەوەنەكە چۆن دەنووسرێت.
سەبارەت بەو خاڵانەشی لەم هەمواركردنەوەدا لەگەڵی كۆكم، یەكێكیان پرسی «بەخێوكردنی منداڵە دوای جیابوونەوەی دایك و باوك» بە ڕاستی لەم پرسەدا زۆر جار خۆم بینیوومە ئافرەت لە پرسی «بینین و مانەوەی منداڵ لای باوك» زوڵمی لە مافی پیاو كردووە و باوكی لە ڕۆڵەكەی خۆی بێبەش كردووە، بۆیە دەبێت ئەم حاڵەتە سنووری بۆ دابنرێت، چونكە زۆر جار دایكەكە، باوكی منداڵەكەی لە بینین و مانەوەی منداڵەكەی بێ بەش كردووە و هیچ یاسایەك نەبووە ئەم پرسە چارەسەر بكات.
ئەگەر بیر لە جێبەجێكردنی شەرع بكەینەوە، پێویستە خەرجی بەخیوكردن و خزمەتی منداڵ لەلایەن پیاوەوە بدرێت بە ئافرەت، من زۆر جار لەسەر ئەم پرسە بە دوور و دریژی لەگەڵ د.رائید ئەلمالیكی گفتوگۆم كردووە، ئایا پێویستە ئەو بڕە پارەیە چەند بێت، ئایا «ملیۆنیك یان 500 هەزار دینار» بێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر كارەكەرێكی بەنگلادیشی بگرین بۆ ئەو منداڵە دەبێت لانی كەم «300 دۆلاری» پێ بدرێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە مامەڵە لەگەڵ ئافرەتێكی عێراقی وەك كارەكەرێكی بیانی دەكرێت، یان دەبێت وەك فاتیمە زەهرا (سڵاوی خوای لێ بێت) مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
بە بۆچوونی من ئەم یاسایە پێویستی بە كاتی زیاترە، پێویستە كەمێك ئارام بگرین، نابێت پەلە بكەین بۆ ئەوەی بیسەلمێنن دەتوانین ئیرادەی بەرامبەر بشكێنن، بۆیە من لەگەڵ ئەوەم ئەم پرسە بەجێ بهێڵرێت بۆ كاتێكی تر و بخرێتە خولی داهاتووی پەرلەمان و زیاتر گفتوگۆی لەسەر بكرێت و، ناكرێت پەلە لە دەرچوونی یاسایەك بكرێت كە كێشەی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت.