سەعد ئەلموتەڵیبی ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: دەستووری عێراق یەكێكە لە دەستوورە باشەكان و دەبێت هەموومان ڕێزی لێ بگرین
سەعد ئەلموتەڵیبی ئەندامی فراكسیۆن و یەكێكە لە سەركردەكانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، كە بەشێكی سەرەكین لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی و، ڕۆڵێكی كاریگەریان لە ناو حكومەت و پەرلەمانی عێراقدا هەیە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی . خوێندنەوە و هەڵوێست) لە دید و تێڕوانینی لایەنەكانی ناو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتەوە (چوارچێوەی هەمانگیی شیعە) خوێندنەوەی بۆ كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی كرد، كە ئێستا لەسەر ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بەڕێوە دەچێت و بەم جۆرە دید وتێڕوانین و بۆچوون و پێشنیارەكانی خستە ڕوو.
سوپاس بۆ بانگهێشتكردنمان بۆ ئەم گفتوگۆ ڕاشكاوە. سڵاوم هەیە بۆ بەڕێزانی ئامادەبووی ئەم گفتوگۆیە. ئەگەر پابەندبوونەكانم لە بەغدا ڕێگر نەبوونایە، حەزم دەكرد بێمە هەولێر و ڕاستەوخۆ لەگەڵتان بەشدار بم، بەڵام هەر بینینی ئەم دیمەنە كە كۆمەڵێك كەسایەتی و ئەكادیمی و سیاسیی دەستەبژێر لەم هۆڵەدا كۆبوونەتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە هەستیارە دەكەن، ئەمە مانای ئەوەیە پرسێك هەموومانی كۆ كردووەتەوە، كە ئەویش ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی باڵا و بونیادنانەوەی عێراقە.
سەبارەت بە پرسی نەوت و گاز، زۆر بە ڕوونی لە ماددەی 111ی دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێ كراوە كە «نەوت و گاز موڵكی هەموو گەلانی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاكان»، بە شێوەیەكی دیاریكراو ئاماژەی بە هەرێمێك، یان پارێزگایەك نەكردووە، بەڵكو هەموو ڕۆڵەكانی عێراق دەگرێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە دەستووری عێراق هیچ هاووڵاتییەكی لەوی دیكە جیا نەكردووەتەوە و هەژموونی هیچ هاووڵاتییەكیشی بەسەر ئەوی دیكەدا فەرز نەكردووە.
لەگەڵ ئەوەی هەندێك ئیشكالییەت لەسەر دەستوورەكە هەیە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دەستووری عێراق یەكێكە لە دەستوورە باشەكان و دەبێت هەموومان ڕێزی لێ بگرین.
لێرەدا كاتێك باسی ماددەی 112ی دەستوور دەكەین، كە بە دەق دەڵێت: «حكومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت و غازی بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی ئێستا بەڕێوە دەبات، بە مەرجێك داهاتەكانیان بە شێوەیەكی دادپەروەری و بە گوێرەی دابەشبوونی دانیشتووان لە سەرجەم پارچەكانی وڵاتدا دابەش بكرێت، لەگەڵ دیاریكردنی پشك بۆ ماوەیەك بۆ ئەو هەرێمە زیانلێكەوتووانەی ڕژێمی پێشوو بێبەشی كردبوون، ئەوانەش كە پاشتر زیانیان لێ كەوت، بە جۆرێك گەشەسەندنێكی هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەكانی وڵات مسۆگەر بكات و، ئەمەش بە یاسا ڕێك دەخرێت». بێگومان ئیشكالییەت لەسەر تەفسیری ئەم ماددەیە لەسەر پێناسەی «بیرەكانی ئێستا و بیرە كۆنەكانی نەوتە»، ماددەكە ڕوون و ئاشكرایە بیرە كۆنەكانی پێش ساڵی 2005 لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە بەڕێوە دەبرێن، بەڵام ئەوانەی دوای ساڵی 2005 بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت بەڕێوە دەبرێن.
ئەو كێشانەی لەمپەرن لە بەردەم یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵیدا، بریتین لە تەفسیری جیاوازی حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم بۆ ماددە دەستوورییەكان، یاسای نەوت وگازی فیدڕاڵی دەبێت بە جۆرێك بێت، بتوانرێت پەیوەندیی نێوان هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی ڕێك بخاتەوە، ئێمە یاسایەك دەرناكەین بۆ هەرێم و یەكێكی دیكە بۆ پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت، واتە دەبێت یەك یاسا بێت و هەموو پرسەكانی دیكە ڕێك بخاتەوە.
باسی هاوبەشی و یەكسانی دەكرێت لە نێوان هەرێم و پارێزگاكان، لەگەڵ ئەم پرسەدا دەبێت باس لە بەرپرسیارێتیی هەمووان بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵاتیش بكرێت، ئەمەش بەو مانایەی ناكرێت بەرژەوەندیی حكومەتی فیدڕاڵی بخرێتە سەرووی حكومەتی لۆكاڵیی هەرێم و پارێزگاكان، هەروەها ناكرێت بەرژەوەندیی حكومەتە لۆكاڵەكانیش بخرێتە سەرووی بەرژەوەندیی حكومەتی فیدڕاڵی، دەبێت بەرژەوەندییەكان وەك تۆڕێك پێكەوە گرێدراو بن و یەكتری تەواو بكەن بۆ ئەوەی هەموو عێراقییەكان لێی سوودمەند بن.
سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان وەك بەڕێوەبەری ئەم گفتوگۆیە ئاماژەی پێ كرد، هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی پشت بە یاسایەك ببەستێت، نەوتی هەناردە كردووە، هەناردەكردنی نەوتیش بەبێ یاسا پێشێلكردنی دەستوورە، بەڵام كاروباری سیاسی لە هەندێك حاڵەتدا پێویستی بەوەیە هاوكاری یەكتری بكەین بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا كاتێك گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەكەین، دەبێت دوو خاڵی گرنگ بە هەند وەربگرین و بیانپارێزین:
یەكەم: بەرژەوەندیی باڵای دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراق.
دووەم: بەرژەوەندی لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگاكان.
گەورەترین سەرچاوەی نەوتی عێراق لە پارێزگای بەسرایە، بەڵام وەك دەبینین لەو پارێزگایە هیچ خزمەتگوزارییەكی سەرەكی نییە، هاوكات بە هۆی دەرهێنانی نەوتەوە لە ژینگەیەكی خراپیشدا دەژین. ئەو ژینگە خراپە بووەتە هۆكاری چەندین كێشەی كولتووری، كۆمەڵایەتی، نەخۆشی و...هتد. هەر بۆیە كاتێك یاسادانەران دەیانەوێت یاسایەك دابڕێژن، دەبێت هەموو لایەنەكانی ژیانی هاووڵاتیان لەبەر چاو بگرن و جیاوازیی هاووڵاتیانی ناوچەیەك لەگەڵ ناوچەیەكی دیكە نەكەن.
بەڕێزان ئێمە لە دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا دەژین، كێشەكانی دەوڵەتی فیدڕاڵی هەمەجۆرن و پێویستیان بەوەیە گفتوگۆی لەسەر بكەین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. ئەگەر ئاماژە بە سیستمی فیدڕاڵیی ئەمریكا بكەین، كە وەك سیستمێكی سەركەوتوو ئاماژەی پێدەكەن، بۆ ئەم سەركەوتنە ئەمریكییەكان (27) جار ئەو دەستوورەیان هەموار كردووە، بۆ ئەوەی بتوانن كێشەكانی كۆمەڵگەی خۆیان چارەسەر بكەن، بەڵام لە دەستووری عێراقدا دەرگای هەمواركردن قفڵ كراوە و كەس ناتوانێت باس لە هەمواركردنەوەی بكات. بۆیە ئەو یاسایەی گفتوگۆی لەسەر دەكەین، دەبێت لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە دەربچێت كە ناتوانین هەمواری بكەینەوە، بەڵام دیسان دەبێت ئەو یاسایەی كە دەردەچێت، جیاوازی لە نێوان لایەنێك و لایەنێكی دیكەدا نەكات، بەڵكو چوارچێوەیەك بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان تێیدا مافەكانیان یەكسان بێت، یەكسان بن لە ئیرادەكانیان، بۆیە بەتایبەتی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەبێت لە چوارچێوەی سەفقەیەكدا بێت، بۆ نموونە دەسەڵاتەكان، پابەندبوونی هەرێم و پارێزگاكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بە پیادەكردنی دەستووری، ئەمەش بەو مانایە ئەوەی ماددەی 110ی دەستوور دەڵێت ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە تایبەتن بە حكومەتی فیدڕاڵییەوە، وەك: «ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی و ئەنجامدانی دانوستان لەسەر پەیماننامە و ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی قەرزكردن و واژۆكردن لەسەریان و یەكلاكردنەوە و ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتە ئابووری و بازرگانییە دەرەكییە سەروەرییەكان»، هەموو ئەمانە دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی سنوورداری حكومەتی فیدڕاڵیدا بێت، بەڵام ئەوەی لە ماددە دەستوورییەكەدا ئاماژەی پێكراوە لە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵین.
هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت كە ئێستا نوێنەرایەتیی هەموو ڕۆڵەكانی عێراق دەكات، بڕوای بەوەیە كە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بگەنە ڕێككەوتنێكی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە و هەوڵەكان یەك بخەن بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ ئەو كێشانە بدۆزینەوە كە ئێستا لە كۆمەڵگەی عێراقدا هەیە، ئەوجا كێشەكان ئابوورین یان سیاسی، دەبێت چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، بەڵام ئەم چارەسەرانە پێویستیان بەوەیە ڕاشكاوانە گفتوگۆ لەگەڵ یەك بكەین. بۆ نموونە ئێمە وەك حكومەتی فیدڕاڵی كۆمەڵێك ڕەخنەمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، دەبێت هەرێمی كوردستان ئامادەباشیی ئەوەی هەبێت گوێ لە ڕەخنەكان بگرێت و پێكەوە هەوڵ بدەین ڕاستیان بكەینەوە. لێرەوە ئەگەر سەیری دەسەڵاتە حەسرییەكانی حكومەتی فیدڕاڵی بكەین، كە لە ماددەی 110ی دەستوور هاتووە، دەبینین هەرێمی كوردستان سنووری دەسەڵاتە حەسرییەكانی بەزاندووە، هەر بۆ نموونە لە ماددەكەدا هاتووە «دانان و جێبەجێكردنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی»، كەواتە سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و جێبەجێكردنی لە چوارچێوەی دەسەڵاتە حەسرییەكانی حكومەتی فیدڕاڵیدایە، دەبینین هەرێم ئەمەی تێپەڕاندووە و چەندین ڕێككەوتنی لەسەر چەك و پرسی ئەمنی لەگەڵ ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكە كردووە، بەبێ ڕەزامەندیی حكومەتی فیدڕاڵی، چەندین ڕێككەوتنی بارزگانی و دیپلۆماتیی گرێ داوە، كە ئەمەشیان هەر تێپەڕاندنی دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵییە.
ئەم ڕاشكاوییەم بۆ ئەوەیە دەست بخەینە سەر برینەكان و هەوڵەكان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەین و كەموكورتییەكان ڕاست بكەینەوە. چارەسەر كاتێك دەست دەكەوێت كە بە دیدێكی گشتگیرانە سەیری هەموو كێشەكان بكەین و بە پیادەكردنی دەستوور و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، ئەمەش بەو مانایەی كە دەبێت هەنگاوەكانمان بۆ چارەسەركردنی ئیشكالییەتی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی گشتگیرانە بێت، ئەمەش واتا دەستوور چی بەسەر هەمووماندا فەرز دەكات و داوامان لێ دەكات، وا جێبەجێ بكرێت.
لە ئێستادا ڕێككەوتنی سیاسی لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر كێشەكان هەیە، هەروەها لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتن هەیە، بەڵام هەر دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، لەبەر ئەوەی ئەم ڕێككەوتننانە (سیاسی و حكوومی) سەرەنجام پێویستیان بەوەیە لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند بكرێن، بۆیە ئەگەر لە چوارچێوەیەكی دەستووردا نەبێت، لە پەرلەماندا فراكسیۆنەكان دەنگی لەسەر نادەن.
لە ئێستادا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پشتگیریی حكومەت دەكات، بە تەئكید سەرۆك وەزیرانیش بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی تمووحی ئەوەی هەیە كە چارەسەر بۆ كۆی كێشەكان بدۆزیتەوە، بەڵام بەبێ ڕەزامەندیی ئەنجومەنی نوێنەران ئەم چارەسەرانە هەنگاو بەرەو پێشەوە هەڵناگرن. ڕاستە پەرلەمانی عێراق ئەو وەرەقە سیاسییەی پێی دەڵێن پڕۆگرامی وەزاری پەسەندی كردووە، بەڵام ئەو پڕۆگرامە پڕانسیپی گشتین و ڕێككەوتن لەسەر پرانسیپە گشتییەكان كراون، بەڵام كاتێك دەچینە ناو وردەكاریی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییانە، دەچینە ناو قووڵایی و وردەكاریی یاساكان و كێشەكان لەوێدا سەر هەڵدەدەن، گفتوگۆ لەسەر ماددەكانی ئەو یاسایە لە پەرلەمان دەكرێت، پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمانتاران هەیە، بۆیە بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان لەسەر ئەو وەرقە سیاسییەی ئیمزامان لەسەر كردووە زۆر گرنگە، بەڵام دوای ئەوە قۆناغی دووەم دەست پێدەكات كە ڕێككەوتنی سیاسییە لەسەر یاسایەكی دیاریكراو لەسەر دەق و ماددەكانی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، بەداخەوە هەتا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو ڕێككەوتنە سیاسییە.
لە دوماهیدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، لە قسەكانمدا هەندێك ڕەخنەی توندم لە هەرێمی كوردستان گرت، كە ئەمە ڕوانگەی ئێمەیە و ئێمە وا دەبینین وا تەفسیری دەكەین. هیوادارم ئەم ڕەخنانەم بەو جۆرە وەرنەگرن كە دەمەوێت هەرێمی كوردستان تۆمەتبار بكەم، بەڵكو ئێستا كەشوهەوایەكی ئەرێنی لە نێوان هەردوولا هاتووەتە ئاراوە، زۆر بە جددی گفتوگۆ دەكەین بۆ ئەوەی هەوڵەكان یەك بخەین كێشەكان چارەسەر بكەین، كە ئەمەش ئامانجی هەردوولا بێت، ئەوا بێجگە لە گفتوگۆی ڕاشكاوانە لەگەڵ یەكدی هیچ شێوازێكی دیكە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كۆی كێشەكان نزیكمان ناكاتەوە.