گرنگیی چاویلكەی هەتاوی
گرنگترین سوودی بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی Sunglasses پاراستنی چاوەكانە لە زیانەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی ناو تیشكی خۆر، كە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر پێڵووەكان، چینی كۆرنیای چاو، هاوێنەی چاو، هەروەها تۆڕەی چاو بە شێوەی: ئاوی سپی Cataract، تێكدانی چینی كۆرنیا، گرفت لە سەنتەری تۆڕەی چاودا، هەروەها زیادبوونی ئەگەری لۆچبوون و شێرپەنجەی پێستی پێڵووەكان. جگە لە (ستایل و فاشیۆن)، چاویلكەی هەتاوی كلیلە بۆ پاراستنی تەندروستیی چاو. ڕێنمایی پسپۆران بۆ بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی:
• ئەگەر تەنیا لەو كاتەی كە ڕۆژ بەدەرەوەیە چاویلكەی هەتاوی بەكار بهێنیت، ئەوا زیان پتر لە سوود بە چاوەكان دەگات، چونكە بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی بۆ هەموو وەرزەكان و كەشوهەوایەك پێویستە، جا هەتاو بێت یان هەور كە لە هەر دوو حاڵەتدا تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بەر چاوەكان دەكەوێت.
• بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی لە نزیك كانی و ڕووبار و دەریا یان زیخی كەنار دەریا یان لەكاتی بوونی بەفردا زیاتر پێویست دەكات، چونكە ڕووی ئاو و زیخ و بەفر ڕێژەیەكی دیكەی تیشك دەدەنەوە، واتە چاوەكان دوو هێندە بەر تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دەكەون.
• چاویلكەی هەتاوی پێستی دەوری چاوەكانیش لە لۆچبوون دەپارێزێت، بەتایبەتی پێستی پێڵووەكان كە تەنكترین پێستە لە لەش و زیاتر دەكەوێتە بەر ڕیسكی تیشكی خۆر.
• ڕەنگی چاویلكە تەنیا بۆ مەبەستی جوانكارییە، گرنگ ئەوەیە كە چاوەكان بە ڕێژەی 100% لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لە جۆری UVA و جۆری UVB بپارێزێت، هەروەها جۆری چاویلكەی پۆلەرایز Polarized تەنیا بۆ كەمكردنەوەی بریقەی تیشكە.