پ.د.نەزاكەت حوسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای نییەت باشی، لێكتێگەیشتن، پێكەوەهەڵكردن و هاریكاری و دانوستان مامەڵە لەگەڵ ڕووداو وپێشهاتەكان دەكات  

پ.د.نەزاكەت حوسێن  ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:  هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای نییەت باشی، لێكتێگەیشتن، پێكەوەهەڵكردن و هاریكاری و دانوستان مامەڵە لەگەڵ ڕووداو وپێشهاتەكان دەكات   

 

پ.د.نەزاكەت حوسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پسپۆڕە لە بواری ڕاگەیاندن و مامۆستایە لە زانكۆی سلێمانی. لە گفتوگۆ ئەم جارەدا (مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە) بەم جۆرە دیدوتێروانین و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

مامەڵەی سیاسی و سەركەوتووانە لە ناوچەیەكدا كە چواردەور درابێت بە گرژی و ناتەبایی و كێشەی یەك لە دوای یەك و درێژخایەن، كارێكی ئاسان نییە، هەمیشەش ئەوە دەزانین كە مامەڵەی سیاسییانە لە ناو هەر هاوكێشەیەكی سیاسیدا پێش هەموو شت لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكان و بەرژەوەندیی هاوبەشە، بەڵام ئەمە بۆ هەرێمێكی وەك كوردستان كە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ و تا ڕاددەیەك ئابوورییەكی سەربەخۆ نییە و پێگەیەكی بەهێزی لە ئاست وڵاتانی زلهێز لە هاوكێشە سیاسییەكاندا نییە، جیاوازە. لەگەڵ ئەوەی خۆشبەختانە بەشێك نییە لە ململانێ و گرژییەكان، بەڵكو بەركەوتەی هەیە لەگەڵ ململانێكان و، بەهۆی ئەو هاوكێشە و ململانێ سیاسییەی لەم ناوچەیەدا لە نێوان جەمسەرەكان و وڵاتەكاندا هەیە، زۆر جار دەبێتە قوربانی و دەكەوێتە بەردەم لێدان لێی و دروستكردنی قەیران و ئاڵۆزی و پشێویی سیاسی و قەیرانی ئابووری و بەربەست لەبەردەم گەشەسەندنەكانیدا.

 ئەوەی تێبینی كراوە لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دوایی كە كۆمەڵێك گرژی و ململانێ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی كوردستاندا هەبوون، هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای نییەت باشی، لێكتێگەیشتن، پێكەوەهەڵكردن و هاریكاری و دانوستان و، زۆرجاریش هەڵگرتنی بەشێك لە قورسییەكان و موبادەرە و لەخۆبوردن و دەستهەڵگرتن لە هەندێك ماف و ئیستیحقاقی خۆی، لەپێناو هێنانە كایەی سەقامگیری بۆ خۆی و بۆ ناوچەكەش كاری كردووە. واتە عەقڵییەتێكی هاوسەنگ و حەكیمانە و نییەت باشانە و بەرپرسیارانەی بەرانبەر خاوكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە هەبووە، ئەگەر بەشێكیش نەبوبێت لە گرژییەكان، ئەوا بووەتە بەشێك لە چارەسەر. زۆرجار تاتوانیبێتی ئەگەر ئاگرەكە هیچ پریشكی بۆ ئەم نەبووبێت و دوور بووبێت لە ململانێكە، خۆی دوورەپەرێز نەگرتووە و ڕۆڵی ناوبژیوانی بینیوە و پێشكەشكردنی پێشنیاری بۆ چارەسەر هەبووە.

ئەم ڕیتمە و ئەم حیكمەتە لە مامەڵەی ئەم هەرێمە، وای كردووە دوور بووبێت لە كاردانەوەی توندی بەپەلە بەرانبەر ئەو ناحەقییانەی بەرانبەری كراوە، ئەمەش وای كردووە كە هەرێمەكە لە بەرانبەر ئەو هەموو پەلاماردان و قەیران و ڕووبەڕووبوونەوانە كە زۆر جار كەشتییەكەی بەرەو لێوارەكانی نوقمبوون دەبرد، خۆی ڕاگرێت، ئەمەش نوێترین مۆدێل و خواستی سیاسیی سەردەمە، نەك بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو بۆ تەواوی گرژی و ئاڵۆزییەكانی جیهان. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ جیهان لێكتێگەیشتن، هاریكاری و لێكنزیكبوونەوە و دانوستانە، سەردەمی كار و كاردانەوەی نوند تێپەڕیوە، چونكە جەنگەكانی ئەمڕۆ جەنگ نییە لەسەر زەوی و خاك، یان خۆراك، یان مرۆڤەكان و ئەو شتانەی كە لە ڕابردوودا جەنگی لەسەر دەكرا، بەڵكو وەك فەیلەسوفی سەردەم، یوڤاڵ هەراری دەڵێت: «ئەمڕۆ جەنگەكان لەسەر زەوی ناكرێن، لەسەر خۆراك ناكرێن، لەسەر بەدیلگرتن و داگیركردنی ناوچەكان و مرۆڤەكان ناكرێن، چونكە هیچ وڵاتێك كە ئێستا جەنگ دەكات لەم سەدەیەدا گرفتی كەمیی زەوی و دانیشتووان و خۆراكی نییە، بەڵكو جەنگی مێشك و ئایدیا و ئەو چیرۆكانەیە كە هەریەكەمان باوەڕمان پێیەتی، هەریەكەمان پێمان وایە خۆمان ڕاستین بە گوێرەی ئەو چیرۆكەی لە مێشكماندایە و ئەوی دی هەڵەیە. چارەسەری شەڕی چیرۆك و ئایدیاش لێكتێگەیشتن و دانوستانە، تا هەریەكەمان ئەوی دی تێبگەیەنین كە نییەتمان چییە و لە چیدا لەیەك ناگەین و لە چیدا لە یەكتر دوورین». لەوەش خراپتر ئەمڕۆ سەرچاوەكان جەنگ بە بزنێس ناو دەبەن، واتە جەنگ بووەتە بزنێس، بەڵام خراپترین بزنێسیش جەنگە.

ئەمە وای كرد كە ئێستا هەرێمی كوردستان نەك بۆ خۆی تا ڕاددەیەك سەقامگیر ڕاگرتووە، بەڵكو بووەتە جێگەی ئومێد و هۆكاری سەقامگیری و بەرهەمهێنانی ئاسایش بۆ ناوچەكە، زۆرجار بۆ ململانێ سیاسییە گەورەكانی وڵاتانی دەوروبەر و عێراق ڕوو لە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارە، هۆكارەكەی ئەو عەقڵییەتە حەكیم و هاوسەنگ و دیپلۆماسی و لێكتێگەیشتن و مۆدێرنە لە خۆبوردەیەیە كە ئەم هەرێمە و سەركردەكانی هەیانە لە تێڕوانینیان بۆ جەنگ و ئاشتی.

 

Top