مێژووی شەقامی 60 مەتری
لە سەرەتای ساڵی 1965 ڕێكخراوی FAO سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (UN) ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دابینكردنی بڕێك لە خۆراك، بەبێ بەرامبەر بۆ پرۆژەكانی ناو شارەكانی عێراق، تا پرۆژەی ستراتیژی دروست بكرێت، كە گۆڕانكاری بەسەر سیمای شارەكاندا بهێنیت و هەنگاوێك بێت بۆ شارستانییەت و بنیاتنان، پرۆژەكە بریتیی بوو لە پێشكەشكردنی پێداویستیی خۆراك و پاداشتی ڕۆژانەی كرێكاران، ئەوانەی لە پرۆژەیەكدا كار دەكەن، هەروەها بەشێكی بودجەش بۆ پرۆژەكە لەلایەن ئەو ڕێكخراوەوە تەرخان كرا، پارێزگاری ئەو كاتەی هەولێر (عەبدولمونعیم مەسرەف) توانیی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و سوودی لەم هاوكارییە وەرگرت بۆ دروستكردنی شەقامێكی گەورە، ئەم شەقامەش بە شەقامی(60 مەتری) دەناسرێت، شەقامەكە لە سەرتای ساڵی 1964 كاری دروستكردنی دەستی پێكرد و ئەم پرۆژەیە سیمای شاری هەولێری گۆڕی، وای كرد تا ئیستاش هەولێر هەر بە بازنەیی فراوان ببێت، چونكە چەندین شەقامی بە یەك دەگەیاند، وەك شەقامی كەركووك و موسڵ و شەقڵاوە و كۆیە و مەخمور، بەبێ گەڕانەوە بۆ ناو شار، هەروەها بەیەكبەستنەوەی گەڕەكە نوێیەكانی هەولێر وەك ئازادی و ڕووناكی و ئیسكان. درێژیی ئەم شەقامە كە لە كاتی دروستكردنی بەناوی (نصر) ناونرا (10500م) دە كیلومتر و پێنج سەد مەتر بوو و پانی 60 مەتر بوو، بۆیە پێی دەگوترێ 60 متری، لە نێوان هەردوو سایدەكەدا باخچەیەكی 20 مەتری و لە هەر لایەك 10 مەتر شۆستەی هەبوو، خەرجیی گشتیی پرۆژەكە (450،000)چوارسەد و پەنجا هەزار دینار بووە، بە شێوازێك جێبەجێ كراوە كە گشت مەرجەكانی بیناسازی و نەخشەسازیی جیهانیی تیادا بووە، لە هەمان كاتدا باخچەی نێوان هەردوو شەقامەكە وەك پشتێنێكی سەوز كاری تیادا كراوە بە چاندنی چەندین هەزار دار و گوڵی جۆراوجۆر، جاران سێ پردی پەڕینەوەی گەورەی تێدا بوو، لە ئێستادا زیاتر بووە، شەقامەكە بۆ گەیاندنی تۆڕی كارەبا بۆ گەڕەگە نوێیەكانی هەولێر و ڕێگەی خێرا بۆ پاسەكانی ناوشار (ئامانە) بەسوود بووە.