گرنگیی ڤیتامین B9 بۆ تەندروستیی ئافرەت
ڤیتامین B9 كە بە فۆلیت Folate یان ترشی فۆلیك Folic acid ناسراوە، لە ئاودا دەتوێتەوە و زۆر گرنگە بۆ گەشە و پەرەسەندنی لەش، هەروەها ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ فرمانی دروستیی مێشك و دەمارەكان و باشكردنی مەزاج، هەروەها خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشك لە ڕێگەی كەمكردنەوەی ئاستی ماددەی هۆمۆسیستین Homocysteine لە خوێندا، كە بەرهەمێكی لابەلای ترشە ئەمینییەكانە و ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك بەرزدەكاتەوە. توێژینەوەكان جەخت دەكەنەوە كە لەوانەیە ڤیتامین B9 ڕۆڵی هەبێت بۆ دواخستنی كەمبوونەوەی توانا و فرمانەكانی مێشك، كە پەیوەستە بە بەساڵاچوون. لە لایەكی دیكەوە ئافرەتی دووگیان پێویستی زۆریی ئەم ڤیتامینە هەیە، چونكە هاندەرە بۆ گەشەی وێڵاش و كۆرپە، هەروەها ڕۆڵی هەیە لە پاراستنی كۆرپە لە سەقەتی و گرفتی زگماكی، بەتایبەتی گرفتی زگماكی لە مێشك و بڕبڕەی پشتدا، بۆیە لەسەر ئافرەتی دووگیان و ئافرەت لە تەمەنی منداڵبووندا پێویستە كە بڕی تەواوی فۆلەیت لە خۆراكەوە دابین بكات. سپێناغ و سەوزە گەڵا تاریكەكانی دیكە، لۆبیا و پاقلەمەنییەكانی دیكە، مۆز، لیمۆ، هلیۆن، هەروەها كوارگ (قارچك) سەرچاوەی خۆراكیی گرنگن بۆ ڤیتامین B9، سەرچاوەی دەوڵەمەندن، هەروەها ئەم ڤیتامینە بە شێوەی دەنك لە نەخۆشخانە و دەرمانخانەكاندا بەردەستە كە دكتۆر بڕیار لەسەر بەكارهێنانی دەدات.