زیاد خواردنەوەی قاوە لەكاتی دووگیانیدا زیانبەخشە
لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردووەتەوە كە خواردنەوەی بڕی زیادی شلەمەنییە كافائینییەكانی وەكو قاوە، چای، كۆلا، لەگەڵ خواردنەوە وزەبەخشەكان، كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر گەشەی منداڵ بە شێوەی كورتبوونی باڵا تا 2.5 سم لە تەمەنێكی زووی منداڵیدا. بە پێی ڕینمایی كۆڵیژی ئەمەریكی نەخۆشییەكانی ئافرەت و دووگیانی منداڵبوون، پێویستە كە بڕی كافائینی ڕۆژانە لە 200 ملگم زیاتر نەبێت كە دەكاتە كوپێكی گەورە كە 12 ئۆنس یان 350 میللیلیتر قاوە لەخۆبگرێت، واتە ئەم بڕە سەلامەتە بۆ تەندروستیی دایك و منداڵ. كافائین Caffeine هۆكارە بۆ تەسكبوونەوەی بۆڕیە خوێنەكانی منداڵدان و وێڵاش، واتە كەمتر گەیشتنی خوێن بە كۆرپە، كە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر گەشەی كۆرپە. لە ئافرەتی دووگیاندا كافائین دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەیەكی كەمیی پەستانی خوێن و زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، هەروەها ناڕەحەتی و زوو هەڵچوون، گرفت لە كۆئەندامی هەرس لەگەڵ تێكچوونی خەو. هەندێك لێكۆڵینەوەی دیكە ڕوونیان كردووەتەوە كە بڕی زیادی كافائین لەكاتی دووگیانیدا لەوانەیە ببێتە ئەگەری لەبارچوونی كۆرپە پێش 20 هەفتەی دووگیانی، یان منداڵبوونی پێشوەختە Preterm birthپێش 37 هەفتەی دووگیانی.