پرۆژەی بەخشین لەژێر دروشمی "ژیان بە بەخشینەوە جوانە" ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی دووشەممە 17ی 7ی 2023، بە ئامادەبوونی تەیب زرار شێروانی، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی پارێزگای هەولێر، م. سەید سدیق کەپرانی، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر، ئەمیر عوسمان مەولوود، بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و نوێنەری کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم و ڕێکخراوی "AOO"، پرۆژەی بەخشین لەژێر دروشمی "ژیان بە بەخشینەوە جوانە" ڕاگەیەندرا.''
ئاماژە بەوەش دراوە، لە لێدوانێکیدا، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف پرۆژەی بەخشینی بە پرۆژەیەکی گرنگ ناو برد و گوتی: ''ئێمە وەک ئەوقاف پاڵپشتیی ئەو سندووقە دەکەین، چونکە گیانی هاوکاریکردن و بەخشینی زیاتر دەخاتە دڵی هەمووانەوە، کە لەپێناو یەکتردا ببەخشن.''
پرۆژەی بەخشین، کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم و ڕێکخراوی "AOO" بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی پارێزگای هەولێر-ئەوقافی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف وەڕێیان خستووە کە بریتییە لە سندووقێک بۆ کۆکردنەوەی جلوبەرگ و پێڵاو و...هتد، کە هەر کەسێک هەر جل و پێڵاوێکی زیادەی هەیە، دەتوانێت بیبەخشێتە ئەو سندووقە و لەو سندووقەشەوە دەبەخشرێتە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت.
شایانی باسە، پرۆژەی بەخشین، پرۆژەیەکی گشتگیرە و سەرتاسەری کوردستان دەگرێتەوە.