گرینگترین پێشێلکارییە یاساییەکان لە هەموارەکانی یاسای بودجە (ماددەکانی 13 و 14)

گرینگترین پێشێلکارییە یاساییەکان لە هەموارەکانی یاسای بودجە (ماددەکانی 13 و 14)


ئەو هەموارکردنانەی لیژنەی دارایی بە سەر ماددەکانی 13 و 14ی یاسای بودجەدا سەپاندوویانی، کۆمەڵێک لە ماددەکانی دەستوور و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و یاساکانی بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019 پێشێل دەکەن.

ئەمانەی خوارەوە ئەو ماددانە و دەقەکانیان و گرینگترین لێکدانەوە یاساییەکانیانن:

یەکەم/ ماددەکانی دەستووری عێراق:
1- ماددەی 62:
یەکەم: ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی یاسای بودجەی گشتی و حساباتی کۆتایی پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات تا بڕیاریان لەسەر بدرێت.
دووەم: ئەنجومەنی نوێنەران مافی ئەوەی هەیە بەند و بەشەکانی بودجەی گشتی بگوازێتەوە و بڕی گشتی کەم بکاتەوە و لە کاتی پێویستدا پێشنیار بکات ئەنجومەنی وەزیران بڕی گشتی خەرجکراو زیاد بکات.

واتە: ئەنجوومەنی وەزیران بەرپرسیارە لە تەواوکردنی بودجە و، لە کاتێکدا ئەو ماددەیە مافی گواستنەوە یان کەمکردنەوەی بە ئەنجومەنی نوێنەران داوە، هیچ مافێکی بە ئەنجومەنی نوێنەران نەداوە دەستوەردان لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردندا بکات و، دەستوەردان لە میکانیزمی کارکردن لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و حکوومەتەکانی هەرێم و پارێزگاکان لە جێبەجێکردنی بودجەدا بکات.

2-ماددەی 76/ چوارەم: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی حکوومەت دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران. پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی ڕەها ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یەک بە یەکی وەزیرەکان و بەرنامەی حکوومەت، ئەوە مانای ئەوەیە متمانە دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران.

بەم جۆرە حکوومەتەکەی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنە سیاسییەکان پێک هێنرا و، بەو پێیەی گرینگترین بڕگەکانی ڕێککەوتنە سیاسییەکە لە سەر بنەمای یاسایی و دەستووری دامەزراون، خرانە نێو بەرنامەی حکوومەت و زۆرینەی دەنگەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان بەدەست هێنا و تێپەڕین (بەیاسا کران لەڕێی پەسەندکردنی پەرلەمانەوە) و، جێبەجێکردنیان بووە ئەرک لە سەر شانی حکوومەتەکەی بەڕێز سودانی.

لە بەرنامەکەی حکوومەتدا بەشێک بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، ئەوەتا لە بڕگەی 20 / لاپەڕە 18دا هاتووە: ئامانجی حکوومەت لەم تەوەرەدا خستنەڕووی دیدگە و پڕۆژەیەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی بڕگەکانی دەستوور، بەتایبەتی ئەوانەیان کە بە یاسای نەوت و گاز و پێویستیی دەرچوواندنی ئەو یاسایەوە پەیوەستن.

ئەمە جگە لە بڕگەی 23/ی بەرنامەی حکوومی، کە تایبەتە بە کۆمەڵێک یاسایاوە کە ئەنجومەنی وەزیران ئامانجیەتی پرۆژەکانیان ئامادە بکات و، یاسای نەوت و غاز وەک دووەمینی ئەو یاسایانە لە ڕیزبەندی یەکەمایەتییەکان ئاماژەی بۆ کراوە. واتە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەستوور و دەرکردنی یاسای پەیوەندیدارەوە بە ڕاشکاوی و بە بڕگەی تایبەت خراوەتە ناو ئەو بەرنامە حکوومییەی ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندی کردووە.

3-ماددەی (80): ئەنجومەنی وەزیران ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوەی هەیە:
یەکەم: پلاندانان و جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی دەوڵەت و پلانە گشتییەکان و سەرپەرشتیکردنی کاری وەزارەتەکان و ئەو لایەنانەی بە هیچ وەزارەتێکەوە پەیوەست نین.
چوارم: ئامادەکردنی پڕۆژەی بودجەی گشتی و لێکدانەوەی کۆتایی و پلانەکانی گەشەپێدان.

واتە، ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بودجە تەنیا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئەنجام دەدرێن.

4- ماددەکانی 62 و 80: ئەم دوو ماددە دەستورییە جەخت دەکەنە سەر تایبەتمەندیی ڕێکارەکانی پەیوەست بە پرۆسەی دەرکردنی یاسای بودجە بەو پێیەی یاسایەکی هەستیارە، بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک عێراق کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە سەرکوتینەوەی نەتەوە و مەزهەبە جیاجیاکانی خەڵک و بێبەشکردنیان لە سەرچاوەکانی وڵاتەکەیان بەپێی حەز و ویستی حکوومەتە دیکتاتۆرییە یەک لە دوای یەکەکان.

لەبەر ئەمە و، بە مەبەستی پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان (هەرێمێکی فیدراڵی) و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور (پارێزگا لامەرکەزییەکان)، کۆی دەقی ئەو دوو ماددەیە دەڵێت ڕەشنووسی یاسای بودجە تەنیا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکەش دەکرێت - بەپێی ماددەی 62 / یەکەم - ئەم دەقە دەستوورییە بۆ ئەوەیە جەخت بکات لەوەی پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجە تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە نەک هیچ لایەنێکی دیکە، چونکە ئەنجومەنی سەرۆکایەتیش مافی هەیە ڕەشنووسی یاسا پێشکەش بکات، بەپێی ماددەی 60/یەکەم و، هەروەها ماددەی 60 / دووەم مافی پێشکەشکردنی پێشنیاری یاسا بە 10 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، یان یەکێک لە لیژنە تایبەتمەندەکانی دەبەخشێت.

بۆیە ماددەی 62 دوابەدوای ئەوە دێت بۆ ئەوەی بیچەسپێنێت کە لە کاتێکدا ئەنجومەنی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران مافی پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاسا و پێشنیاریان هەیە، یاسای بودجە تەنیا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەش دەکرێت و، جێبەجێکردنیشی لە دەسەڵاتی ئەوە، بەپێی ماددەکانی 80/یەکەم و چوارەم لە دەستوور.

5- ماددەی 109: دەسەڵاتی فیدرالی یەکێتی و یەکپارچەیی و سەربەخۆیی و سەروەری و یاسای دیموکراسیخوازانەی فیدراڵیی عێراق دەپارێزێت.

واتە دەسەڵاتی فیدراڵی (ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی نوێنەران، دادگەی فیدراڵی) نابێت هیچ کارێک بکەن کە زیان بە سیستەمی دیموکراسیی فیدراڵی بگەیەنێت.

6- ماددەی 115: هەر شتێک لە سنووری دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا ئاماژەی پێنەکرابێت، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە. ئەگەر ناکۆکی دروست بوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکان، ئەوا پێشینە بۆ یاسای هەرێمەکەیە.

واتە کاتێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسایەکی ناڕەوای دژ بە هەرێم ڕەت دەکاتەوە، ڕەتکردنەوەی هەرێم دەبێتە چوارچێوەی یاسایی کارپێکراو لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکەی لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵیدا.
7- ماددەی 116: ڕژێمی فیدرالی لە عێراقدا پێکدێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا لامەرکەزییەکان و ئیدارە ناوخۆییەکان.

واتە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە، لە هەرێمەکان (واتە هەرێمی کوردستان) پێک هاتووە، بەمەیش پێکهاتەی دەوڵەتی عێراق پێکهاتەیەکی فیدراڵییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لامەرکەزییە لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور.

8- ماددەی 117/ یەکەم: ئەم دەستوورە لە بەرواری پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی.

ئەمە بەواتەی داننانی گشتگیرە بە هەموو دامودەزگاکانی قەوارە سیاسییەکە (کە پێی دەگوترێت هەرێمی کوردستان) و، دەستوور لێرەدا دانی ناوە و شەرعییەتی فیدراڵیی بە هەرێم و بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەرییەکانی بەخشیوە. کاتێکیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسایەکی نادادپەروەرانەی حکوومەتی فیدراڵی ڕەتدەکاتەوە، ئەم ڕەتکردنەوەیە یاساییە و دەستوور دانی پێدا ناوە.
9- ماددەی 120: هەرێم دەستوورێک بۆخۆی دادەڕێژێت، هەرەمی دەسەڵاتەکانی هەرێم و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاری دەکات بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا.

واتە داننان بە هەرێمی کوردستان پرسی هەرێمی فیدراڵی تێپەڕاندووە و، دەستووری عێراقیش دانی بە مافی هەرێمی کوردستان لە داڕشتنی دەستووری خۆیدا ناوە و پەسەندی کردووە، بەمەیش پێگەی هەرێمی کوردستان نزیکە لە کۆنفیدڕاڵییەوە زیاتر لە فیدراڵی. ئەم ماددەیە ئەو لێکدانەوە یاساییە بەهێز دەکات کە پێی وایە ناتوانرێت دەستکاریی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، هەروەها هەر یاسایەک لە لایەن دەسەڵاتی فیدراڵییەوە دەربچێت، بەندە بە پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

10- ماددەی 121/ یەکەم: دەسەڵاتی هەرێمەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەرییان هەیە بەگوێرەی ئەم دەستوورە جگە لەو دەسەڵاتانەی کە تایبەتن بە حکوومەتی فیدراڵیەوە.

واتە، نە ئەنجوومەنی وەزیران و نە ئەنجوومەنی نوێنەران مافی ئەوەیان نییە دەستوەردان لە چۆنیەتیی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان بکەن، بەم پێیەیش، ئەو هەموارکردنانەی لیژنەی دارایی سەپاندوویانی بۆ ئەوەی ماف بە پارێزگایەکی دیاریکراوی هەرێمی کوردستان بدات بۆ مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی تەرخانکردنە داراییەکانی خۆی تەواو نادەستوورییە.
Ahmad
Ahmad Glli
11- ماددەی 121/ دووەم: حکوومەتی هەرێم مافی هەموارکردنی جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی لە هەرێمەکەدا هەیە ئەگەر ناکۆکی یان دژیەکی لەنێوان یاسای فیدراڵی و یاسای هەرێمدا هەبوو لەسەر بابەتێک کە لە سنووری ئەو دەسەڵاتانەدا نەبێت کە تایبەتن بە حکوومەتی فیدراڵی.

بە لێکدانەوەیەکی هاوشێوەی بڕگەی یەکەمی هەمان ماددە: ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ماف و دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەپێی ماددەکانی 116، 117، 121 و، ئەم بڕگەیە (مادەی 121/دووەم). واتە کۆی ئەو ماددانە بە شێوەیەکی گومانهەڵنەگر دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری هەرێمی کوردستان پشتڕاست دەکەنەوە. بۆیە ئەو هەموارکردنانەی ماف بە پارێزگایەک دەدەن مامەڵەی دارایی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بکات، یان مافی لێبڕینی 10%ی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان "مووچە پاشەکەوتکراوەکان" بە حکوومەتی فیدراڵی دەدات، پێشێلکارییەکی ڕوون و مەترسیداری دەستوورە و کاریگەریی لەسەر بناغەکانی پێکهاتەی دەوڵەتی عێراق هەیە کە لەسەر بنەمای سیستەمی فیدراڵی بنیاد نراوە.

دووەم: یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی:

1. ماددەی (11): ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتی تاوتوێ دەکات و پەسەندی دەکات و پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەکات.

2. ماددەی (12): ئەنجومەنی نوێنەران، بۆی هەیە گواستنەوە، یان کەمکردنەوە، یان زیادکردن و، هەروەها پێش 15ی 10ی هەموو ساڵێک یاسای بودجە پەسەند بکات.

3. ماددەی (14): بودجەی گشتیی فیدراڵی لە ڕێگەی پارەدارکردنی ناوبەناو و بەپێی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی دارایی جێبەجێ دەکرێت.

ئەم ماددانەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەریدەخەن کە ئەنجومەنی وەزیران یاسای بودجە ئامادە دەکات و گفتوگۆی لەسەر دەکات، وەک چۆن لە ماددەی 62ی دەستووردا بە ڕوونی ئاماژەی بۆ کراوە و، ئەم ماددەیەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ماددەی 62ی دەستوور پشتڕاست دەکاتەوە، کە مافی گواستنەوە و کەمکردنەوە بە ئەنجومەنی نوێنەران دەدات، بەڵام هیچ مافێکی جێبەجێکردنی بودجە و میکانیزمەکانی دابەشکردن و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت حکوومەتی پارێزگاکانیش بە ئەنجومەنی نوێنەران نادات.

سێیەم: بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی

دادگەی فیدراڵی لە بڕیارەکانی پەیوەست بەو دۆسیانەی لە دژی یاسای بودجە تۆمار کرابوون، هەموو ئەو ماددە دەستووری و یاساییانەی سەرەوەی پشتڕاست کردووەتەوە و، بە شێوەیەکی گشتی تێبینی دەکەین کە دادگەی فیدراڵی سوور بووە لە سەر کۆکردنەوەی دەسەڵاتە بنەڕەتییەکانی داڕشتنی یاسای بودجە و هۆکارەکانی جێبەجێکردنی لە دەستی ئەنجومەنی وەزیراندا و، بەم شێوەیە:

1. بڕیاری (25 / فیدراڵی / 2012): ئەنجوومەنی نوێنەران بۆی نییە هەمواری جەوهەری لەو ڕەشنووسی بودجەیەدا بکات کە لەلایەن حکوومەتەوە پێشکەش کراوە.

2. بڕیاری (73 و یەکخەرەوەکەی 138 / فیدراڵی / 2017) کە بڕیاری دا ماددەی (2) لە یاسای لێخۆشبوون لە کۆمپانیا بیانییەکان و بەڵێندەرانی لاوەکیی بیانی لە ڕسوماتی ژمارە (46)ی ساڵی 2017 بۆ ئەوەی بەڵێندەرانی لاوەکیی عێراقی بەر لێخۆشبوونەکە بکەون نادەستوورییە، چونکە لایەنی دارایی لەخۆ دەگرێت و کاریگەریی لەسەر بودجەی فیدراڵی هەیە و نەخراوەتە بەر چاوی حکوومەت و، تەنیا پێشنیارێکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بوو.

3. بڕیاری (24 / فیدراڵی / 2016)، کە بڕیاری نادەستووریبوونی چەند بڕگەیەکی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2016 ژمارە (1) بۆ ساڵی 2016ی دا، بەهۆی زیادکردنی ماددە بۆ یاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بۆ ئەو یاسایەی حکوومەتی فیدراڵی ناردبووی.

بەکورتی:

گشت ماددە دەستوورییەکان و ماددەکانی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی جەخت دەخەنە سەر ڕۆڵێکی دیاریکراو و تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران و، لە کاتێکدا ماف بە ئەنجوومەنی نوێنەران دەدەن گواستنەوە یان کەمکردنەوەکە ئەنجام بدات، هەموو ئەم ماددە دەستوورییانە هیچ دەسەڵاتێکیان بە ئەنجومەنی نوێنەران نەداوە دەستوەردان لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بودجە و دابەشکردنی داهاتەکان بکات.

لە کاتێکدا، گرینگترین ئەو هەموارکردنانەی بەسەر یاسای بودجەدا سەپێنراون، جەخت لە خاڵە جێبەجێکارییەکانی پەیوەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکی ناوەندیی عێراق بۆ داهاتەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و، دانی مافی مامەڵەی دارایی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بە پارێزگایەکی دیاریکراو لە ئەگەری ڕازی نەبوونی لە دابەشکردنی بودجە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و، تەرخانکردنی 10%ی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران "موچەی پاشەکەوتکراو" و، ڕاگرتنی هەناردەکردن لە هەندێک کێڵگەی دیاریکراوی هەرێمی کوردستانەوە، هەموو ئەم هەموارکردنانە لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانن و دەستوەردانن لە ڕێکارە جێبەجێکارییەکانی کە حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامیان دەدەن و، گشتیان لەدەرەوەی دەسەڵاتی لیژنەی دارایی و ئەنجوومەنی نوێنەرانن .

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان
٦-٦-٢٠٢٣

Top