زەیتی ماسی بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ

زەیتی ماسی بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ

زەیتی ماسی Fish oil كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3 پێك هاتووە، بە شێوەی كەپسوول لەبەردەستدایە. زەیتی ماسی سوودی تەندروستیی زۆری هەیە وەكو: كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن، دابەزاندنی ئاستی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، پاراستنی تەندروستیی دڵ، خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی وشكبوونی چاوەكان، پاراستنی تەندروستیی سییەكان، هەروەها پاراستنی تەندروستیی مێشك. لەش لەتوانایدا نییە كە ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3 دروست بكات، بۆیە پێویستە كە لە خۆراك یان بە شێوەی كەپسوول دابین بكرێن، بۆنموونە خواردنی ماسیی سالمۆن، تونە، هێررینگ Herring، ماكارێل Mackerel یان ساردین هەفتانە 2-3 جار، یان وەرگرتنی كەپسولی زەیتی ماسی 700- 1،000 ملگم ڕۆژانە كە 300 ملگم ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3 لەخۆدەگرێت، كە بریتین لە 180 ملگم ترشە چەوری EPA و 120 ملگم لە ترشە چەوری DHA. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە بەكارهێنانی كەپسوولی زەیتی ماسی بە ڕێنمایی دكتۆر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ وسووڕان بە ڕێژەی 16% كەم دەكاتەوە، هەروەها ئەگەری ڕوودانی نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك بە ڕێژەی 7% كەم دەكاتەوە.

Top