ئەگەر پاڵەوانێتی بەردەوام هەبێت ئەم یارییە پێش دەكەوێت

ئەگەر پاڵەوانێتی بەردەوام هەبێت ئەم یارییە پێش دەكەوێت

رۆندك عەلی یاریزانی فوتساڵی پارێزگای دهۆك

ئەگەر پاڵەوانێتی بەردەوام هەبێت ئەم یارییە پێش دەكەوێت
پارێزگای دهۆكی دەلال یەكێك لەو پارێزگایانەی كوردستانە كە گرنگی زۆر بە سەرجەم یارییە جۆراوجۆرەكان دەدرێت، لەم شارەش چەندین كچە یاریزانی بەتوانا بوونی هەیە لە یارییە جۆراوجۆرەكان هەوڵدەدەن زیاتر ئاستی خۆیان بەرەوو پێش ببەن لە رێگەی یارییە جۆراوجۆرەكان، ئامانجیان پێش خستنی وەرزشە لە شارەكە، لە یاری فوتساڵیش شارەكە خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی ئاست بەرزە كە ئێستا بۆ یانەكانی دەرەوەی شارەكەیان یاری دەكەن و خاوەن ئاستێكی ئەزموونی زۆرن، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان ئەومیش رۆندك عەلی-یە ،ناوبراو وەكو یاریزان یاری بۆ یانەكانی دهۆك و زاخۆ و گارە و زێرەڤانی و تناهی و شێخان و تیجارەی بەغداد و حدود یاری كردوە، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1987پارێزگای دهۆكە، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە وەرزش و قوتابی ماستەرە ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی لە شارەكانی كوردستان؟
-ئاستی فوتساڵ لاواز دەبینم بە شێوەیەكی گشتی لە كوردستان، لە بەر نەبوونی خولی بەردەوام.
*ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەووپێش نەچێت؟
-ئەگەر پاڵەوانێتی بەردەوام هەبێت ئەم یارییە پێش دەكەوێت و یاریزانی باش بەدیار دەكەون،بەڵام ئەگەر كەم بن ئەو یارییە زیاتر لاواز دەبێت.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی یاری فوتساڵ بەرەووپێش بچێت لە شارەكانی كوردستان؟
-دەبێت ئەم پاڵەوانیەتیانە بەردەوام بن ساڵانە و سالێك دووجار ئەم پاڵوانیتیە هەبێت تا ئاستی فوتساڵ باشتر بێت.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-گرفتی ئەم یارییە لە ناو ئیدارەی یانەكان و لە یەكێتی تۆپی پێی دەبیم جیاوازی لە ناو یانەكان زۆرە و گرنگی بە یاریزانی كچ نادەن و بەجدی كاری بۆ ناكەن.
*چ هەستێكت هەیە وەكو كچێك وەرزشێكی قورست ئەنجام دەدەی؟
- زۆر دڵخۆشم، چونكە ئاستی خۆم لە یاری قورسدا دەبینم و جیاوازییەكی زۆر دەبینم هەم لە ئاست و هەم لای جەماوەریش هەم لایەنی دەروونی.
*بەنیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
-پرۆژەم هەیە بۆ داهاتوو، بەڵام ئێستا ئاشكرای ناكەم تا ئەنجام ببینم پاش ئەوەش دەبینن.
*لەگەڵ ئەوەی یانەكانی كوردستان پشت بە ڕاهێنەری بیانی ببەستن؟
-ئەگەر هەر پیاو دەبنە ڕاهێنەری كچان من پێم خۆشە ڕاهێنەری بیانی بێت، چونكە ئەوان واستە نازانن و شارەزایی زیاتریان هەیە، بەڵام هیواخوازم لە داهاتوو دا كچ ببن بە ڕاهێنەری فوتساڵ.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشیی؟
-هیچ داواكارییەكم نییە، چونكە لە 2006وە داواكاری دەكەین هیچ سوودێكی نەبووە.
*خەونی وەرزشیت چیە بۆ داهاتوو؟
-بتوانم زیاتر خزمەت بكەم و چەند پرۆژەیەك پێشكەش بە وەرزش بكەم.
*بۆچی لەم یاریزانانەی چوونە فەرەنسا تۆ نەبینرای لەگەڵ یاریزانەكان؟
-من خۆم هەندێك پرۆژەم هەبووە، ئەگەر بانگێشت كرابوام نەم دەتوانی بچم، بەڵام دەبینم زوڵم هەبووە زۆر یاریزان بانگەشت نەكرا بوو، هەندێك یاریزانم بینی یەك ساڵە وەرزش دەكەن و سەفەریان كردبوو، دە ساڵە وەرزش دەكەین ناومان تێدا نەبووە، دەبیم واستەكاری هەبووە ئەو یاریزانانە چووبوون كە لەگەڵ ڕاهێنەرەكانن، واتە دەست نیشان كردن نەبووەهەریەكە هاورێ خۆی بانگەشت كردیە و ناوی نوسیە.
*پاڵەوان بوون لای تۆ چی دەگەینێ؟
-پاڵەوان بوون لای من هەموو شتێكە سەر بلندی و خۆشی و خۆت دەبینی كەسێكی قارەمانی.
*بە چ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
-باتیستۆتای ئەرجنتینی و كریستانۆ رۆنالدۆ.
*گرێبەستت پێشكەش كراوە بۆ یاری كردن؟
-بەلێ تا ئێستاش زۆر یانەی بەغداد داوای كردومە بۆ یاری كردن.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ ماندووبوونی گۆڤاری گوڵان بۆ ناساندنی وەرزشكارانی كوردستان.

 

Top