فەرهاد محەمەد ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: پێویستە لینكی پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان كۆی دامەزراوەكانی حكومەت و خەڵك و میدیاكاراندا هەبێت  

فەرهاد محەمەد  ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:  پێویستە لینكی پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان كۆی دامەزراوەكانی حكومەت و خەڵك و میدیاكاراندا هەبێت   

 

فەرهاد محەمەد ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە، كە ئەركی سەرەكیی ئەم گۆڤارە بایەخدانە بە پرۆسەكانی بونیادنانی دەوڵەت و نەتەوە و حوكمڕانیی باش، هەتا ئێستا سەدان توێژینەوە و ڕاپۆرتی زانستی بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕۆشنبیر و ئەكادیمیستانی ناوخۆ و دەرەوە لەسەر ئەم پرسە لەسەر لاپەڕەكانی ئەم گۆڤارە بڵاو كراوەتەوە، لە گفتوگۆی ئەم جارە «خواست و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» بەم جۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

لە گفتوگۆی ئەم جارە «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» كە بەڕێزان پارێزگارەكان و سەرپەرشیارانی ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵمان بەشدار بوون و، پێكەوە لەسەر ئەو ڕاپرسییە گفتوگۆمان كرد، كە ئاستی ناڕازیبوونی خەڵكی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی بۆ خستینە ڕوو، هەموو لایەكیش لەسەر ئەوە كۆك بوون كە ڕای خەڵك ئەرێنی بێت، یان نەرێنی، گرنگە و دەبێت بە بایەخەوە وەربگیرێت و كاری جددی لەسەر بكرێت، ئەم ئاكامە گەشبینییەكی لا دروست كردین، بەوەی لە ناو پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستاندا ئامادەباشییەك هەیە بۆ ئەوەی ئاستی بەسیاسیكردنی كۆمەڵگە كاڵ بكرێتەوە و ناڕەزایی و كێشەكانی خەڵك لە ئایدیۆلۆژیەتی تەسكی حزبایەتی بێتە دەرەوە و، ببنە خەم و كێشەیەكی مەدەنی و، دامەزراوەكانی دەوڵەت هەوڵی چارەسەركردنی هۆكاری ئەو ناڕەزایی و كێشانە بدەن و، حكومەت ئەم كێشە و ناڕەزاییانەی خەڵك بە ئەركی سەرشانی خۆی بزانێت، بۆ ئەوەی خەڵكیش ئەو حكومەتە بە حكومەتی خۆی بزانێت.

لە میانەی ئەم گفتوگۆیەدا تیشك خرایە سەر ئەو لایەنەی كە بەشێكی ڕاپرسییەكە ڕەنگدانەوەی واقیعی حاڵی پرۆسەی حوكمڕانی نییە لە كوردستاندا، لەبەر ئەوەی ڕاستە كەموكورتی هەیە و هاووڵاتی مافی خۆیەتی و شایستەی ئەوەیە باشترین خزمەتگوزاریی پێشكەش بكرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كاری زۆر باشیش كراوە، بەو مانایە نییە كە هیچ نەكراوە و هیچ گۆڕانكارییەك لە ماوەی چوار ساڵی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نەبووبێت، هۆكاری دروستبوونی ئەم هەستە نەرێنییە لای هاووڵاتی كە لە هەموو شتێك ناڕازییە، گێڕاینەوە بۆ ئەوەی میدیای نابەرپرس و ئۆپۆزسیۆنی نابەرپرس كە لە پێناوی لایك و كۆمێنت و چەند دەنگێكی هەڵبژاردن ئەم واقیعە نەرێنییانەی لای هاووڵاتی دروست كردووە، لێرەوە ئەگەر ئەمە دیوێكی ئەو دیمەنە بێت كە ئێستا دەیبینین، ئەوا دیوێكی دیكەشی هەیە كە ئەوەیە ڕەنگە حكومەت و وەزارەتەكان و تەواوی یەكە ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان كە ئەم لایەنەیان بە بایەخەوە وەرنەگرتووە و تا ڕاددەیەكی باش فەرامۆشیان كردووە.

بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمدا چەندین جار هەوڵی داوە لینكێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ (گەنجان، قوتابیان، میدیاكاران و...هتد) دروست بكات و ڕووبەڕوو گفتوگۆی لەگەڵدا كردوون، تەنانەت لە دوا دیداری لەگەڵ میدیاكارانی كوردستان تەواوی ئەو گفتوگۆیە پەخش كرا، كە نزیكەی سێ كاتژمێر بوو، ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكومەت هەنگاوە دروستەكەیە بۆ دروستكردنی ئەو ڕایەڵەیەی كە تیایدا پەیوەندییەكی دروست لە نێوان خەڵك و دامەزراوەكانی حكومەتدا دروست دەكات و، هەوڵێكە بۆ ئەوەی حكومەت بیسەلمێنێت بەڕاستی خزمەتكاری میللەتی خۆیەتی و میللەتیش حكومەت بە حكومەتی خۆی بزانێت و پشتگیری لێ بكات، بەڵام دەكرا ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكومەت، لەسەر ئاستی وەزارەتەكان و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تا دەگاتە ناحیەیەكیش بە شێوەیەكی مانگانە، یان وەرزی لەگەڵ خەڵك و میدیاكاران دووبارە بكرایەوە. كەواتە ئەم ئاكامە داوامان لێ دەكات، بەوەی پێویستە لینكی پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان كۆی دامەزراوەكانی حكومەت و خەڵك و میدیاكاراندا هەبێت.

ئەگەر بە ڕاشكاوی خەمخۆرانە بمانەوێت مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ئەم واقیعە بكەین، ئەوا من هەڵوەستە لەسەر میدیا و میدیاكارانی هەر سێ حزبی (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) دەكەم، كە ئەو سێ لایەنە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەك كابینەی نۆیەمیان پێك هێناوە و دەپرسم: ئایا حكومەت و وەزارەتەكان و یەكە ئیدارییەكان پەیوەندییەكی تەندروستیان لەگەڵ میدیاكارانی خۆیان هەیە، تا ئەوانیش بتوانن داتا و زانیاریی دروست بخەنە بەردەستی هاووڵاتیان و ڕێگە نەدەن میدیای نابەرپرس و ئۆپۆزسیۆنی نابەرپرس واقیعەكە بشێوێنن؟ من وەڵامی ئەم پرسیارەم لە ڕوانگەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، كە گلەیی ئەوەمان لەسەر بوو، نەمانتوانیوە زانیاری و داتای ڕاست و دروستی كارەكانی حكومەت بگەیەنینە هاووڵاتیان، بێگومان وەڵامی ئێمەش بۆیان ئەوە بوو، باشە كوا ئێوە هیچ داتا و زانیارییەكتان بە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن داوە، هەتا ئۆرگانەكانی ئەم بەشە درێغییان كردبێت لە گواستنەوەی ئەو داتا و زانیارییانە بۆ هاووڵاتیان، ئایا ڕایەڵەیەك هەیە ئەندامانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و سەرنووسەر و بەڕێوەبەری دەزگاكانی پارتی لەگەڵ كوتلەی حكوومی پارتی و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پێكەوە كۆبكاتەوە و، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئاگاداری داتا و زانیارییەكانی حكومەت و پەرلەمان بن؟ یان ئایا كە پارتی و یەكێتی و گۆڕان هاوپەیمانی دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت، بیریان لەوە كردووەتەوە كە پێویستە ڕایەڵەیەكی هاوبەش لە نیوان ڕاگەیاندنی ئەو سێ حزبە هەبێت، بۆ ئەوەی پێكەوە داتا و زانیارییەكانی حكومەت بۆ هاووڵاتیان بگوازنەوە؟ ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری میدیا و گەیاندنی كارە خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتیان، تەنیا یەك ماڵپەڕی فەرمیی هەیە، كە تەواوی ماڵپەڕی وەزارەتەكانی تێدا كۆ كراوەتەوە، لە بەرانبەردا هەریەك لەوانەی بە خۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن كەناڵێك، یان چەند كەناڵیی ئاسمانییان هەیە، لەمەش زیاتر چەندین (web TV)یشیان هەیە، كە بەردەوام كاریان ئەوەیە كارەكانی حكومەت ناشیرین بكەن.

Top