پەروەردەكاران ڕێنمایی تایبەتیان بۆ پشووی هاوینەی قوتابیان هەیە

پەروەردەكاران ڕێنمایی تایبەتیان بۆ پشووی هاوینەی قوتابیان هەیە

 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵسەنگاندنی قوتابیانی پۆلی یەك و دوو و سێی بنەڕەتی ئەنجام درا و، لە پۆلەكانی چوار تاوەكو پۆلی نۆی بنەڕەتییش تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەم بە سەركەوتوویی كۆتایی هات. لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن قوتابی لە پشووی هاوینەدان، پەروەردەكاران لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان ڕێنمایی تایبەتیان بۆ پشووی هاوین و سوودوەرگرتنی قوتابی لە پشووەكە بە شێوەیەكی باش و تەندروست بۆ بەخێوكاران دەخەنەڕوو.

 

 

«وەك ئاشكرایە چەند ڕۆژێكی دیكە پشووی هاوینە دەست پێ دەكات، بێگومان دوای چەند مانگێك لە ماندووبوون و خوێندن و ئەنجامدانی تاقیكردنەوە جۆراوجۆرەكان، كاتی ئەوە هاتووە، قوتابیان كەمێك پشوو وەربگرن و هەست بە ئاسوودەیی هزری و جەستەیی بكەن. بەڵام چۆن؟ ئایا دەكرێت پشووەكە هەمووی بە خەو و خواردن بەسەر بەرن؟ بێگۆمان نەخێر. ئەی چی بكەن باشە؟ یەكەم هەنگاو دەبێت بەخێوكاران پلانێكیان هەبێت بۆ منداڵەكانیان سەبارەت بە چۆنیەتی بەسەربردنی پشووی هاوینە و فێریان بكەن، چۆن پلان بۆ كاتەكانیان دابنێن و هەموو كاتەكانیان بە خەو و بە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەر نەبەن، بە شێوەیەك كە هیچ سوودی نەبێت و تەنیا بۆ كوشتنی كات بێت».

ئەوە وتەی گەلاوێژ نەجمەدین بوو. ئەو خاتوونە مامۆستا و سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و بەم شێوەیە پەیامی خۆی بۆ دایك و باوكان لەو پرسە گرنگەدا دەخاتەڕوو:  

«من چەند خاڵێك پێشنیار دەكەم، بۆ ئەوەی بەخێوكاران لە پشووی هاوینەی منداڵەكانیان سوودی لێ ببینن. هیوادارم پەیڕەوی بكەن، ئەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتییە و بۆ ئەوەیە منداڵەكان تووشی كێشە و گرفت نەبن و بزانن چۆن كاتەكانیان بەسەر ببەن.

1- هاندەر و هاوكار بن بۆ پەرەپێدانی ئەو حەز وئارەزووانەی منداڵەكانتان هەیانە، وەك(وەرزش، وێنەكێشان، مۆسیقا، مەلەوانی، خوێندنەوە، نووسین و....هتد).

2- بەشداری پێكردنیان لە خولی زانستی و بەهێزكردن لەو بابەتانەی تێیدا لاوازن، یان خولەكانی فێركردنی پیشەیی.

3- هانی منداڵەكانتان بدەن بۆ ئەوەی هاوكار بن بۆ ئەنجامدانی كارەكانی ناوماڵ، یان لە دەرەوە هاوكاریی باوكیان بكەن، بۆ ئەوەی هەستی هەرەوەزی لە لایان بچەسپێت و پەیوەندییە خێزانییەكان پتەوتر بێت.

٤- سەردانی خزم و كەسوكار بكەن، بۆ ئەوەی منداڵەكانتان هەستی خزمایەتی و ڕێز و خۆشەویستی لە لایان بچەسپێت و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەهێزتر بن.

٥- بردنیان بۆ بۆنە كۆمەڵایەتیییەكان، هەتا هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن، كە بۆنەكان ئەركێكی كۆمەڵایەتییە و دەبێت تێیدا بەشدار بن.

٦. لەگەڵیان گەشت و سەیران بكەن، بۆ شوێنەوارە دێرینەكان؛ ناوخۆیی بێت، یان لە دەرەوە بێت، بەپێی توانای خۆتان، چونكە ئەو گەشت و سەیرانانە ئاسوودەیی بە جەستە و دەروونیان دەبەخشێت.

7- لەگەڵیان بچن بۆ سەردانیكردنی هەندێ شوێنی تایبەت، وەك خانەی بەساڵاچووان، یان خانەی بێسەرپەرشتان بۆ ئەوەی هەست و سۆز ومیهرەبانی لە لایان دروست بێت».

نووسەری پەروەردەیی عیسا بۆتانی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لەو ڕۆژگارەدا قسه و شرۆڤە و جاری وایە ئامۆژگار‌یی زۆر و لە كەسانی جیاجیا سەبارەت بە پشووی هاوینەی قوتابیان دەبیستین، بۆیە لە خۆمان دەپرسین: كێن ئەوانەی ئەو ڕێنوێنی و ئامۆژگارییانە بە خەڵكی دەدەن؟ جا كێ هەیە نەیدات؟ لە كەسێكی ئاساییەوە تاوەكو پەروەردەكار، باشتر وایە بڵێین هەمووان بە منیشەوە».

گوتیشی: «ئەگەر ئەزموونی خۆمان لە بەسەربردنی پشووی هاوینە لە ساڵانی هەشتاكان بگێڕینەوە و هەڵسەنگاندنێك بۆ لایەنە باش و خراپەكانی (سوود و زیانەكانی) بكەین؛ نازانم تا چەند دەكرێ وەكو نەخشەڕێگایەك لێكی بدەینەوە، بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا هەمان شت ئەزموون بكات، لەگەڵ ئەوەشدا دیسان زۆر ڕەوایە پرسیار بكرێت: ئاخۆ سەردەمی پێشوو چەندە هاوتایە لەگەڵ ئەمڕۆ، تاكو ئەوەی پێشوو بە كەڵكی ئێستا بێت؟ سەرباری هەموو جیاوازییەكان و بە چاوخشاندن بەوەی چ لە دونیادا دەگوزەرێت و قوتابییانی وڵاتان چۆن كاتی پشوو بەڕێ دەكەن و بە چییەوە سەرقاڵ دەبن؟ بۆچوونی زانا و پسپۆڕ و ناوداران سەبارەت بەمە چییە و، دواجاریش ئێمە خۆمان چیمان بەلاوە پەسنده، دوای ئەوە‌ بڕیار لەوە بدەین، كەوا منداڵەكانمان لە پشوودا چی بكەن».

عیسا بۆتانی جەخت لەوە دەكاتەوە، «قوتابیان لەو ڕۆژەوەی قوتابخانە جێدەهێڵن و دەگەنەوە ماڵ، هیچ سیستەم و یاسایەكی پەروەردەیی بەسەریانەوە نامێنێت و، ئەوەی بڕیار لە چۆنیەتی بەسەربردنی پشووی هاوینەیان دەدات،‌ تەنیا ماڵباتی قوتابییە».

هاوكات دەڵێت: «ئەوەی لێرەدا پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، واتای چەمكی پشووە، ئێ خۆ واتاكەی ڕوون و ڕەوان و ئاشكرایە‌ و هیچ یەكێك نییە لێی تێنەگات. بە درێژایی ساڵێكی خوێندن؛ ڕۆژانی ناو پۆل و هاموشۆ و ئەركی قوتابخانە و تاقیكردنەوه؛‌ قورسایی و ماندووبوون دەخەنە سەر مێشك و بیركردنەوە و جەستەی قوتابی، بۆیە ماوەیەك بۆ حەسانەوە و پشوودانی تەرخان دەكرێ، تاكو بۆ ساڵی دواتری خوێندن بە جۆش و وزەیەكی نوێیەوە ڕوو لە قوتابخانە بكات و ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی زانست و زانیارییەكان».

 گوتیشی: «ئەكتەری ئەمریكی (دارێل هامۆند) دەڵێت: بە درێژایی ساڵ قسە و مشتومڕێكی زۆر سەبارەت بە پشووی هاوین و قوتابخانە دەبیستم، له گوێگرتن لە ‌هەموویان‌ پرسیارێكم لەلادا دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە ئاخۆ چۆن دەتوانین یاری بهێنینەوە ناو قوتابخانەكان؟

ئەو لێرەدا دەیەوێت بڵێت كە قوتابییان لەو وەرزی پشووەدا ئەوەی زیاتر بەلایەوە دەچن و خۆشی و چێژی لێ دەبینن، یاریكردنە، دەشڵێت كەوا ئەو ڕاستییە وا دەكات، هیوا بخوازین كە یاری بهێنینە نێو قوتابخانەكان، لەبەر ئەوەی قوتابی بە هۆی سەرقاڵبوون و چێژبینین لە یاریكردن؛ تامەزۆری گەیشتنە بە كاتی پشوو، بە پشتبەستن بەو دەرەنجامە، ئەگەر یاری لە نێو قوتابخانەدا جێی گرینگیدان بێت و هەبێت، ئەوا قوتابی زیاتر حەز بە چوون و مانەوە لە قوتابخانە دەكات. وەكو چۆن ڕۆژانی خوێندن دەبنە بیرەوەری و لە خەیاڵی قوتابیدا دەمێننەوە، یاریكردنی لەگەڵ هاوڕێیانیش بە درێژایی تەمەنی دەبنە وێستگەی جوان و لەگەڵیدا دەمێننەوە. بۆ نموونە نەوەكانی ساڵانی هەشتاكان نەك تەنیا ناوهێنانی پشووی هاوینە دەیانباتەوە سەردەمی خۆشیی منداڵی و چێژی لێ دەبینن، بەڵكو بە بیننی وێنەی سەر پشتی شخاتە و وێنەكانی ئەمیرە و نەهر و سندیباد و كەللای ڕەنگاوڕەنگ و كۆنە پاتری و هەروەها بە بیستنی مۆسیقای پێشەكیی فیلم كارتۆنی گرێندایزەر و عەدنان و لینا كزەیان لێوە دێت، ئێ ساتەكانی ژیان چ بایەخێكیان هەیە، ئەگەر بیرەوەریی جوانی تێدا جێ نەبیدێتەوە؟

رۆژنامەوانێك ئەمریكی بە ناوی(ئیلین گودمان)یش لەبارەی پشووی هاوینەوە دەڵیت:(دەمەوێت دوای پشووی هاوینە چی لەگەڵ خۆم بهێنمەوە ماڵ؟ بێگومان كاتێكی خۆشی ئاسوودەیی و حەسانەوە. لەو ڕۆژانە كۆئەندامی عەقڵ ڕادەوەستێت و ژیان دەچێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی و ژیان بە سادەیی بەڕێوە دەچیت. لەو ڕۆژانە واز لە پلاندانان و شیكردنەوە و بیركردنەوە دەهێنین. هاوین ماوەی ئازادیی منە).

حەزی پشوودان لە قورسایی ئەرك و بەرپرسیاریتی لەلای هەر مرۆڤێك هەیە، ناكرێ بە درێژایی ساڵ مرۆڤ ئەرك و كاری بخرێتە ئەستۆ، باشترین شت بۆ گێڕانەوەی وزە و ئارەزووی قوتابیان بۆ بەردەوامیدان بە فێربوون بوونی پشووی هاوینەیە، كاتێك باس لەوە دەكرێت كە قوتابی لە تەمەنی منداڵیدا حەز لە یاریكردن و گەشت و پاسكیلسواری و مەلەوانی و سەیركردنی تەلەفزیۆن و بەسەربردنی كات لەگەڵ هاوڕێكانی دەكات، دەبێت ڕەچاوی قۆناغی تەمەنی منداڵەكانمان بكەین، كە بەرگەی ئەركی نوێی قورس ناگرن لە وەرزی پشوودا. ئەوەی لەسەر باوانەكانە ڕێكخستنی كات و شوێن و جۆری یارییەكانە كە زیانیان پێ نەگەیەنێت؛ دەنا با مافی چێژبینینی ئەو پشووەیان لێ زەوت نەكەین. هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا باوكان دەتوانن ڕێگا بە منداڵەكانیان بدەن، بۆ هاوەڵی كردنیان لەو كارانەی كە لەگەڵ تەمەن و تواناكانیان دەگونجێت، با سوود لە ئەزموونی كاركردن وەرگرن و لەوە ڕابهێندرێن كە دواجار كاركردن جیا لە ڕێگەیەك بۆ وەدەستهێنانی بژێوی؛ خۆشی و ئاسوودەیی بە تاكەكان دەبەخشیت و، هەستێك لەلایاندا دروست دەكات، كە تاكێكی سوودبەخش و گرینگن لە نێو خێزان و كۆمەڵگەدا. لەم ڕووەوەشە نووسەرێك باس لەوە دەكات و دەڵێت: ئەو نەوەیەی ڕاهاتووی كاركردن بێت، زۆر جیاوازە لەوەی ڕاهاتبێت كە تا درەنگانی شەو بەخەبەر بێت و بەیانیان درەنگ بە ئاگا بێتەوە. دەبێت بگەڕێینەوە سەر پەروەردەكردنی ڕاستی منداڵەكانمان، چونكە داهاتوو سەختە و پاشەڕۆژ تەمبەڵەكان قبووڵ ناكات و نایانگرێتە خۆ.

خەلیل پاڵانی مامۆستا لە سنووری پەروەردەی مەخموور، ئاماژە بەوە دەكات كە «دوای كۆتایی ساڵی خوێندن، پشووی هاوینە دەست پێ دەكات، ئەم پشووەش گرنگیی خۆی هەیە لە ژیانی قوتابیان و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە دایك و باوكان پلانێكی تۆكمە بۆ منداڵەكانیان دابنێن و كاتیان بۆ ڕێك بخەن، بۆ ئەوەی لەم پشووەدا هەم چێژ وەرگرن و هەمیش سوود ببینن».

ئەو مامۆستایە بە پێویستی دەزانێت: «قوتابیان هەوڵی ئەوە بدەن ڕۆژانە كاتێكیان هەبێت بۆ خوێندنەوەی پەرتووك و گۆڤار و ڕۆژنامە و چیرۆكی منداڵان، هەروەها سەیركردنی بەرنامە فێركاری و زانستییەكانی كەناڵەكانی تیڤی و ئەنتەرنێت، بە چاودێریی دایك و باوكیان، هەروەها بەشداریكردن لە كۆڕ و سیمینارە ڕۆشنبیری و هونەرییەكان و سەردانی شوێنە گەشت و گوزارییەكان و ئاشنابوون بە شوێنەوارە دێرینەكانی وڵات، ئەمیش هاوڕێ لەگەڵ دایك و باوكان، بۆ ئەوەی هەم چێژ لە كاتەكانیان وەربگرن و هەمیش سوود ببینن». گوتیشی: «دەكرێت قوتابییان لە پشووی هاوینەدا بۆ فێربوونی زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی هەوڵ بدەن، لەم ماوەی پشووەدا زیاتر سەیری فیلم كارتۆن و زنجیرە و فیلمی منداڵان بكەن، كە بە زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو دەكرێنەوە. هەروەها زۆر گرنگە كاتەكانی خەوتنیان ڕێك بخرێت و زیادەڕەوی نەكەن لە خەوتن، پێویستە ڕۆژانە وەرزش بكەن و چالاكییە جەستەییەكانیان زیاتر بكەن، چونكە منداڵ وزەی زۆرە و پێویستە ئەو وزەیە بەكاربهێنێت و بە شێوەیەك بێت كە سوودی هەبێت بۆ گەشەی جەستەیی منداڵ، گرنگتر لەوەش پێویستە منداڵان ڕابهێنرێن لە پشتبەستن بە خۆیان لە پاككردنەوەی ژوور و ماڵ بەشدار بن، هەروەها پێویستە منداڵان فێری چاندنی دار بكرێن و خواردن بدەن بە پەلەوەر و ئاژەڵان، بۆ ئەوەی گیانی هاوكاری و بەزەیی و بەخشین و چاكەكاری لە ناخیاندا بڕوێندرێت، بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا سوود بە خۆیان و كۆمەڵگەكەیان بگەیەنن».

 

Top