دوو خوشكی نابیست باسی ئاریشەكانی ژیان و سەركەوتنەكانی خۆیان بۆ گوڵان دەكەن

دوو خوشكی نابیست باسی ئاریشەكانی ژیان و سەركەوتنەكانی خۆیان بۆ گوڵان دەكەن

 

شنۆ عەزیز و بۆكان عەزیز، دوو خوشكی نابیست و كەمبیستی دانیشتووی شاری هەولێرن. جگە لەوەی یەكێكیان یاریدەدەری بەڕێوەبەرە لە پەیمانگەی هیوای نابیستان، زیاتر لە هەشت ساڵە لە ماڵەكەی خۆیاندا پێكەوە لە ڕێگەی كارە دەستییەكانیانەوە بژێوی رۆژانەی خۆیان دەستەبەر دەكەن، وەك خۆیان باسی دەكەن، لە داهاتی كارەكەیان وێڕای دابینكردنی خەرجی ڕۆژنانەی خۆیان هاوكاریی خێزانەكەشیان دەكەن. لە دیمانەیەكی گۆڤاری گوڵان ئەو دوو خوشكە دەستڕەنگینە بەم جۆرە باسی حەز و خولیای كركردن و بەهرەكانیان كرد.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

شنۆ تەمەنی 39 ساڵە و یاریدەدەری بەڕێوەبەرە لە پەیمانگەی هیوای نابیستان، بۆكان تەمەنی 23 ساڵە و تاوەكو پۆلی نۆی بنەڕەتی خوێندووە و دواتر بە هۆی كێشەی كەمبیستی وازی لە خوێندن هێناوە، ئەوان لەدایكبووی گەڕەكی ئیسكانی شاری هەولێرن.

بۆكان عەزیز كە كەمبیستە بەم جۆرە باس لە كارەكانی خۆی و خوشكەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات: «لەبەر كێشەی كەمبیستنم، نەمتوانی قۆناغەكانی خوێندن تەواو بكەم، تەنانەت مامۆستاكانم لێم بێزار دەبوون و زۆر دڵیان دەهێشاندم، پۆلی نۆم تەواو كرد، دوای ئەوە ماوەی دوو ساڵ چووم بۆ پەیمانگەی هانا، ساڵی یەكەم بەشی بەرگدووری بوو، جوان فێر نەبووم و وازم لە بەرگدووری هێنا، ساڵی دووەم لە پەیمانگەی هانا چوومە بەشی كۆمپیوتەر و لەم بەشە پلەی یەكەمم بەدەستهێنا.

سەبارەت بە سەرەتای كاركردنیان شنۆ عەزیز دەڵێت: «پاش تەواوكردنی پەیمانگە لە ماڵ زۆر بێزار بووم و، دەستم كرد بە كاری دەستی و بە هۆی شنۆی خوشكمەوە حەزم بۆ ئەو كارە زۆر بوو، سەرەتا لە ڕێگەی یوتوب فێری كاری دەستی بووین، دواتر پەرەمان بە كارەكەماندا و تاوەكو ئەمڕۆش لە كارە دەستییەكانمان بەردەوامین، من بەش بە حاڵی خۆم یەكەم جار بە دەستبەند دەستم پێ كرد، دواتر وردە وردە هەموو شتەكان فێر بووم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا تاچەند لەگەڵ كارەكەت ئاسوودەی؟ شنۆ گوتی: «من زۆر زۆر ئاسوودەم لەگەڵ كارەكەم و زۆریش دڵخۆشم، سوپاس بۆ خوا، بۆ كاری رۆژانەم خوشكەكەم و دایكم زۆر هاوكارمن، چونكە وەك كەمبیستێك گرفتی زۆرمان دێتە پێش، هێزی تێگەیشتنمان لە خەڵك زۆر باش نییە، بە تایبەت هەندێك خەڵك كە حەرەكەی دەمیان نییە، چونكە تەنیا بە سەیركردنی دەمی كەسی قسەكەر لە كەسی بەرانبەر تێدەگەم».

سەبارەت بە خەون و ئاواتیشی بۆ داهاتوو گوتی: «ئامانجی گەورەمان هەیە، بەڵام پێویستی بە هاوكاریی زۆر هەیە، لە پلانماندا هەیە كە پێكەوە لەگەڵ شنۆی خوشكم بتوانین دوكانێك دابنین و شتەكانمان تیایدا بفرۆشین».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە بەشداری چەند پێشانگاتان كردووە و ئایا لە ئێستادا شتەكانتان چۆن دەفرۆشن؟ گوتی: «هەردووكمان بە یەكەوە بەشداریمان لە چەندین پێشانگا و فیستیڤاڵ كردووە، بەڵام لە ئێستادا زیاتر كەلوپەلەكانمان بە ئۆنڵاین دەفرۆشین، ئەگەر خەڵك داوا بكات گەیاندمان بۆ هەموو شارەكانی كوردستان هەیە، هەروەها لە پێشانگا و فیستیڤاڵەكانیش كارە دەستییەكانمان دەفرۆشین، هەرچەند بەشداریكردنمان لە پێشانگەكان بۆ ئێمە زۆر سەختە، چونكە وێڕای گرانیی كرێی هاتوچۆی رۆژانەمان بۆ شوێنی پێشانگەكان هەندێك جار كرێی مێزیشمان لێ وەردەگرن».

 

دوو خوشكی نابیست باسی ئاریشەكانی ژیان و سەركەوتنەكانی خۆیان بۆ گوڵان دەكەن
دوو خوشكی نابیست باسی ئاریشەكانی ژیان و سەركەوتنەكانی خۆیان بۆ گوڵان دەكەن
Top