سەڵاح فەیلی بۆ گوڵان : سەرۆك بارزانی بە ناساندنی جینۆسایدی كوردی فەیلی ئەم پرسەی زیندوو كردەوە

سەڵاح فەیلی بۆ گوڵان :  سەرۆك بارزانی بە ناساندنی جینۆسایدی كوردی فەیلی ئەم پرسەی زیندوو كردەوە

 

 

 ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە پێناو كەمكردنەوەی ڕێژەی كورد لە بەغدا و ناوچەكانی دیكەی عێراق، بە شێوازێكی زۆر ناشیرین و دوور لە هەموو عورفێكی ئاسمانی و یاسایی ناسنامەیان لە كوردانی فەیلی سەندەوە و بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێرانیان كردن. سەرۆك بارزانی لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر مافی كوردی فەیلی كردووەتەوە و داوای گەڕانەوەی مافەكانیانی لە عێراقدا كردووە، ئەمەش بۆ ڕێبازی بارزانی دەگەڕێتەوە كە مەلا مستەفا بارزانی نەك تەنیا داكۆكیكارێكی سەرسەختی كوردان بووە، بەڵكو داكۆكیكارێكی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی دیكەی كوردستانیش بووە. بۆ قسەكردن لەسەر جینۆسایدی كوردی فەیلی و پەراوێزخستنی كەیسەكەیان لەلایەن عێراقەوە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ سەڵاح دیار ناسراو بە سەڵاح فەیلی سازدا، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* سەرەتای پرسیارەكانمان بەوە دەست پێ دەكەین، تاوانەكانی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس بۆ پاكتاوكردنی كوردی فەیلی كەی دەستی پێ كرد، ئایا لەژێر چ پاساوێكدا گەنجە فەیلییەكان ڕاپێچی زیندانەكانی بەعس كران؟

- ئەگەر بمانەوێت لە ڕاستی و دروستیی ئەو جینۆسایدە تێبگەین كە دەرهەق بە كوردی فەیلی لە عێراقدا ئەنجام دراوە، دەبێت كەمێك بگەڕێینەوە بۆ ڕووداوەكانی پێشووی عێراق، ڕێك بۆ سەردەمی عوسمانییەكان، ئەو كاتەی بە زۆرەملێ گەنجەكان ڕاپێچی خزمەتی سەربازی و شەڕ دەكران، بەو پێیەی كوردی فەیلی خەسڵەتێكی مەدەنی و كاسبكاری و پیشەیی تێدا بووە، خولیا و ئارەزووی شەڕیان نەكردووە و خۆیان لەم بابەتە بەدوور گرتووە، زۆربەی كەسە بەناوبانگە كاسب و پیشەوەر و بازرگانەكان لە بەغدا و عێراق بەگشتی لە كوردی فەیلی بوون، ئامادەییان تێدا نەبووە لە پاڵ عوسمانییەكان بچن و شەڕی سەفەوییەكان و میللەتەكانی دیكە بكەن، ئەم بارودۆخە لە سەردەمی ئینگلیزەكانیشدا هەروا بووە، ئەو كاتەش كوردی فەیلی ئامادە نەبوون شەڕی عوسمانییەكان بكەن، تا كوودەتاكەی عەبدولكەریم قاسم كە ماوەیەك بارودۆخەكە ئارامیی بە خۆیەوە بینی و كەمێك كوردی فەیلی نەكەوتنە بەر شاڵاوی ڕاپێچكردنیان بۆ زیندانەكان و، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە ڕووسیاوە بۆ عێراق و كوردستان، كوردی فەیلی لە شۆڕشی ئەیلوول هاوكارییەكی باشی مەلا مستەفا بارزانییان كرد، چ لە ڕووی ماددی بێت، یان لە ڕێگەی ڕێكخستنەكانیانەوە بێت، تەنانەت زۆربەی بەرپرسانی لاوان و قوتابیان و ئافرەتان لە كوردی فەیلی بوون، بگرە سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستانیش كوردی فەیلی بووە، لە سەردەمی عەبدولسەلام عارف ئەو سەردەمە ویستێكی توند دژی بەرانبەر كورد هەبوو، تا ئەو كاتەی فڕۆكەكەی كەوتە خوارەوە و مرد، دواتر لە سەردەمی عەبدولڕەحمان عارفیشدا كە ماوەی حوكمەكەی كەم بوو، هەر دژایەتی كوردی فەیلی دەكرا، سەرەتای دژایەتیكردنی كورد بە شێوەی جینۆساید بۆ ساڵی 1969 دەگەڕێتەوە، ئەو سەردەمە لەبیرم دێت كوردی فەیلی بۆ ئەوەی نەبنە سەرباز هەندێكیان دوو بەڵگەنامەیان هەبوو، كە نفووسی عێراقی و ئیقامەی ئێرانی بوو، ئەوە بوو لە ساڵی 1970 بە ئاشكرا هەڵمەتی ڕاپێچكردنی زۆرەملێ دەستی پێ كرد و وەجبەی یەكەم مۆڵەتی چەند ڕۆژەیان دابوونێ بۆ ئەوەی بچنە ئێران، ساڵی 1971 بۆ 1974 مۆڵەتی بازرگانیی هێنانی كاڵایان لە كوردە فەیلییەكان سەندەوە و تەسلیمی عەرەبەكانیان كرد، لە ساڵی 1979 بۆ 1980 داوایان لە كوردە فەیلییەكانیان كرد سەردانی فەرمانگەكانی نفووس بكەن، بۆ ئەوەی هەر كوردێكی فەیلی ڕەگەزنامەی نییە، ڕەگەزنامەی بدرێتێ، بەمەش ناوناونیشانی هەموو خێزانە كوردە فەیلییەكانیان ئاشكرا كرد و لە تۆماری ڕەگەزنامە بە قەڵەمێكی سوور هەموویان دەستنیشان كردن بۆ مەبەستە قێزەوەنەكەیان كە لە ساڵی 1980 بە شێوەیەكی زۆر بەربڵاو دەستی پێ كرد.

سەبارەت بە تەوەرەی دووەمی پرسیارەكەشتان، هەموو ئەم جینۆسایدەی كوردی فەیلی و دەستگرتن بەسەر ماڵ و حاڵ و بە زۆرەملێ ڕاپێچكردنیان بۆ زیندانەكان بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی كورد و تۆڵەكردنەوە بوو لێیان، بەتایبەتی بەشداریكردنیان لە شۆڕشی ئەیلوول و پشتگیرییان بۆ مەلا مستەفا بارزانی.

* باسی بەشداریكردنی كوردی فەیلیت كرد لە شۆڕشی ئەیلوول، ئایا ئەمە بۆ نزیكییان نەدەگەڕایەوە لە مەلا مستەفا بارزانی، دەكرێت باسێكی ئەم پەیوەندییەمان بۆ بكەیت؟

- لە ساڵانی حەفتاكان تا سەرەتای هەشتاكان لە بەغدا لە چوار ملیۆن دانیشتووانی بەغدا نزیكەی دوو ملیۆن كەسی كوردی فەیلی بوون، كاتێك مەلا مستەفا بارزانی لە ڕووسیا گەڕایەوە، كوردەكان بەتایبەتی كوردی فەیلی لە بەسراوە تا عەمارە و دواتر بەغدا، پێشوازییەكی گەورەیان لێ كرد، من باوك و باپیرم بۆیان گێڕامەوە، گوتیان ئوتۆمبێلەكەی مەلا مستەفایان هەڵگرت و هوتافی كوردی فەیلی بۆ ئەو سەركردەیە دونیای پڕ كرد، كوردی فەیلی مەلا مستەفا بارزانییان بە باوكی ڕزگاركار دادەنا، عەرەبەكان ئەم جووڵە و پێشوازییە گەرمەیان پێ خۆش نەبوو، ئا لێرەدا مەترسییەكانی بوونی كوردی فەیلی لە ناو جەرگەی بەغدا و عێراقدا بە ڕوونی و ئاشكرایی بۆ نەیارانی كورد دەركەوت. مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆك بارزانی لە چەندین بۆنەدا باس لە ڕۆڵ و هاوكاری و یارمەتیدانی شۆڕش دەكەن كە لەلایەن كوردی فەیلییەوە بە باشترین شێوە ئەنجام دراوە، لەبیرمە ئێزگەی شۆڕشی كوردستان لەلایەن كوردانی فەیلییەوە هێنرا، سكرتێری قوتابیان و ئافرەتان و تەنانەت حەبیب كەریمی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەر كوردی فەیلی بوون، مەلا مستەفا بارزانی دەیزانی قورسایی كورد لە بەغدا ڕۆڵی دەبێت بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانیان و باشیش دەیزانی كوردی فەیلی لە ژێر چ زوڵم و چەوسانەوەیەكدان و ناسنامەیان نادرێتێ، كوردی فەیلی هەموو مانگێك بەپێی توانای دارایی خۆیان ئابوونەیان بە شۆڕش دەدا، ئەو سەردەمەی شۆڕش لە 60%ی پشتی بەو كۆمەك و هاوكارییە داراییانە دەبەست كە لەلایەن بازرگان و پیشەوەرە بەناوبانگەكانی كوردی فەیلی لە بەغدا پێشكەشی شۆڕشیان دەكرد، شۆرجە گەورەترین بازاڕی بەغدا بوو كە بەدەستی كوردی فەیلی بوون و بازاڕی ئۆتۆمبێل و سكراب و بەڵێندەر و بازرگانە گەورەكان و كارگەكان هەمووی بەدەستی كوردی فەیلییەوە بوون، تا ساڵی 1975ی نسكۆی شۆڕش كە حزبی بەعس قین و ترسی زۆری لە ڕێژەی كوردی فەیلی و بەشداریكردنیان لە شۆڕشی ئەیلوول و خۆشەویستییان بۆ مەلا مستەفا بارزانی لەبیر نەچووبوو.

ئێمە لە دوای جینۆساید و ڕاپێچكردنمان بۆ ئێرانیش هەر لە ناو ڕیزەكانی پارتی دانەبڕاین و لە ساڵی 1980 ئەو كات كاك ئازاد بەرواری بەرپرسی لقی سێ بوو، پەیوەندیمان پێوە كرد، دواتر كاتێك چووینە ناوچەی خانەقین ژمارەیەكی یەكجار زۆری پێشمەرگەمان بینی كە لە كوری فەیلی بوون، ناوچەی خانەقین یەكێك بوو لە گەورەترین ناوچەكانی پارتی، سەرۆك بارزانی و ئەو پەیوەندییە بەهێزەی هەیبوو كاریگەریی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی كوردی فەیلی لە ئێران هەبوو، بەتایبەتی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی حەكیم باش بوو، بۆیە سەرۆك بارزانی بەردەوام لە ڕێگەی نوێنەرەكانیەوە سەردانی كەمپەكانی دەكردین و لە حاڵ و گرفتەكانمانی دەپرسییەوە .

* لە ساڵی 1980 كاتێك هێرش كرایە سەر زانكۆی موستەنسرییە لە بەغدا، ئەمە بووە ئەو بیانووەی بە دەستی ڕژێمی بەعسەوە بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكەیان، ئایا ئەو سەردەمە بۆچی خەمساردییەك بە ناساندنی ئەم تاوانە گەورەیە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەبوو؟

- تەقینەوەكەی زانكۆی موستەنسرییە پیلانێكی بەعس بوو بۆ ئەوەی چەند كوردێكی فەیلی تووش بكەن، بەوەی ئەوان ئەو كارەیان كردووە، ئەمە ڕێخۆشكەریش بوو بۆ خۆئامادەكردنی شەڕ بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، پاكتاوكردنی كوردی فەیلی و كۆبوونەوە لەگەڵ 400 بازرگانی كوردی فەیلی لە بری ئەوەی مۆڵەتی هێنانیان بدەنێ، بە یەك وەجبە ڕاپێچی ئەو دیوی سنوور كران و بەشێكی دیكەشیان وەكو خاڵم (كەریم ئەبولەحیە) كە ئەو سەردەمە 70 گەڵابەی هەبوو، ڕاپێچی زیندان كرا. من كاتژمێر یەك و نیوی شەو لە دەرگایان دام و دەستگیر كرام، ئەوانەی لە تەمەنی 17 ساڵ بۆ 30 ساڵدا بوون و تەنانەت تا 35 ساڵیش ڕاپێچی زیندانیان كردن، یەكەم وەجبەی كوردی فەیلی ماوەیەكی كەم لە زیندان ماینەوە و ڕاپێچی ئێران كراین، بەڵام وەجبەی دووەم ڕاپێچی ئەبوغریب و نوگرەسەلمان كران و زۆربەیان چارەنووسیان دیار نییە، جینۆسایدەكە بە بڕیاری 666ی مەجلس قیادەی سەورە دەستی پێ كرد و كوردی فەیلیان بە بیانی وەسف كرد و بە یەكجاری ڕاپێچی ئێرانیان كردن و ماڵ و حاڵیان دەستی بەسەردا گیرا و درایە وەزارەتی دارایی، ئەو كاتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی ڕژێمی سەدامی دەكرد لە دژی ئێران، لەمەشدا جینۆساید و دڕندەیی ئەو ڕژێمەیان پشتگوێ خست، نەك هەر ئەمەش بەڵكو وڵاتانی كەنداو و ڕۆژئاواش پاڵپشتی ئەو خۆئامادەكردنەی شەڕی بەعسیان دەكرد لە دژی ئێران.

* پێشنیازی ئێوەی كوردی فەیلی بۆ بە جینۆسایدناساندنی كوردانی فەیلی و گەڕانەوەی مافەكانتان لەم ڕووەوە چییە؟

- ئەم كۆنفڕانسەی سەرۆك بارزانی خاڵی وەرچەرخانە، ئەمە بۆ یەكەمین جارە لەسەر ئاستی دونیا كۆنفڕانسێكی وا گەورە بۆ جینۆسایدی كوردی فەیلی ڕێك بخرێت، هەر ئەمەش لە سەرۆك بارزانی چاوەڕوان دەكرێت، كە بە درێژایی مێژوو خەمخۆری كوردی فەیلی بووە، هەرسێ زانكۆی سەڵاحەدین و دهۆك و سۆران ئەركی ڕێكخستنی كۆنفڕانسێكی وا گەورەیان لەئەستۆ گرت و بە دەیان لێكۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان پێشكەش كران، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئامادە بوو، لە كۆنفڕانسەكەدا جێگەی دەستخۆشی بوو، سەرۆك بارزانی پێشنیازی كرد ناوەندێكی بەدواداچوون بۆ پرسی جینۆسایدی كوردی فەیلی و كاروباری كوردی فەیلی لە كوردستان دابمەزرێت و، بەڕێز مەسرور بارزانی پێشنیازەكەی خستە بواری جێبەجێكردنەوە. دوای 43 ساڵ ئەم كۆنفڕانسە و ئەم ناوەندە گەورەترین دەستكەوتە بۆ كوردی فەیلی، سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە بە ناساندنی جینۆسایدی كوردی فەیلی پرسی كوردی فەیلی زیندوو كردەوە، لە كۆنفڕانسەكەدا جەختی لەسەر هەموو ئەو زوڵم و جینۆسایدە كردەوە كە دەرهەق بە كوردی فەیلی كراوە، كە تەنیا لەبەر كوردبوونیان بووە. بە ئومێدی ئەوەی بتوانرێت لەسەر ئاستی عێراق كوردی فەیلی قەرەبووی مەعنەوی و دارایی بكرێنەوە، ئەو چاوەڕوانییەش لە سەرۆك بارزانی دەكرێت كە ئەو هەموو كوردەی لە ئێرانن و لە ناو كەمپەكاندان بیانگەڕێنێتەوە و لەسەر خاكی كوردستان نیشتەجێ بكرێنەوە و بگەڕێنەوە ناو كەسوكاری ڕەسەنی خۆیان، چونكە كوردی فەیلی ئومێدی بڕیوە لەو هەموو ڕۆتین و پەراوێزخستنەی كە لە بەغدا هەیە، قەرەبوو بكرێنەوە، مەسەلەی بەرتیل و هێنان و بردنی دادگا كاتێكی زۆری پێ دەچێت و بێ هیوا بوون لە گەڕانەوەی مافەكانیان.

داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، دامەزراوەی كوردی فەیلی تەنیا بۆ سەنتەر و توێژینەوە نەبێت، بەڵكو بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و ناساندنی جینۆساید و چارەسەركردنی گرفتی ڕەگەزنامە و گەڕانەوەی كوردی فەیلی و چارەسەركردنی گرفتەكانیان بێت، بوونی ئەم دامەزراوەیە زۆر گرنگە بۆ خزمەتكردنی كوردی فەیلی، تا كار بكەن و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەسەڵاتیان پێ بدرێت، ئەمەش هەمووی لە پێناوی ئەوەدایە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كوردی فەیلی جینۆسایدی وایان دەرهەق نەكرێت، بۆ گەلی كوردیش گرنگە هاوشێوەی جینۆسایدەكانی دیكە زوڵم و چەوسانەوە ڕوو نەداتەوە.

 

Top