ریجیمی داش چییە؟

ڕیجیمی داش DASH واتە پلانی خۆراكی بۆ ڕێگرتن لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە لە هەمان كاتدا سوودبەشخە بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ و خۆپاراستن لە نەخۆشیی شەكرە. ڕیجیمی داش بۆ هەڵبژاردنی جۆرەكانی خۆراك كارێكی تا بڵێی ئاسانە و ئەنجامەكەی لە سەرتاسەری جیهاندا سەلمێندراوە. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئەم ڕیجیمە زۆر گونجاوە بۆ كەسانی تووشبوو بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە بە دەرمان كۆنترۆل نەكرێت. ڕیجیمی داش لە لایەن پەیمانگای نێودەوڵەتیی دڵ و سییەكان و خوێن NHLBI پەرەی پێدراوە، كە بۆ خۆپاراستن لە ئاڵۆزییەكانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن پەیڕەو دەكرێت، بەتایبەتی خۆپاراستن لە ئەگەری جەڵتەی مێشك و نۆرەی دڵ كە بە مەترسیدارترین ئاڵۆزییەكانی پەستانی بەرزی خوێن هەژمار دەكرێن. ئەو خۆراكانەی كە پێویستە بخورێن لە ڕیجیمی داشدا بریتین لە: سەوزە و میوەی جۆراوجۆر، دانەوێڵەی تەواو، شیرەمەنیی كەم چەوری یان بێ چەوری، ماسی، گۆشتی پەلەور، پاقلەمەنییەكان، كاكڵ و تۆوەكان، زەیتی ڕووەكی. ئەو خۆراكانەی كە پێویستە زۆر سنووردار بكرێن بریتین لە: گۆشتی سوور، شیرەمەنی پڕ چەوری، شەكر و شلەمەنییە شیرینكراوەكان، هەموو جۆرە هەویركاری و خۆراكە شیرینەكان، لەگەڵ خوێ.