پڕۆفیسۆر لۆرەنس ڕۆبین بۆ گوڵان:   ڕووسیا تووشی دۆخێك بووە ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بكات

پڕۆفیسۆر لۆرەنس ڕۆبین بۆ گوڵان:     ڕووسیا تووشی دۆخێك بووە ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بكات

 

لۆرەنس ڕۆبین پڕۆفیسۆرە لە سكوڵی سام نون بۆ كاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنستیوتی تەقەنیی جۆرجیا، هەروەها توێژەرە لە ئەنستیوتی نێودەوڵەتی بۆ دیراساتی ستراتیژی. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، لە نێویاندا سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی و گرنگییەكی دیاریكراو بە بابەتەكانی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەكە دەدات، لە بارەی پرسی ئایین و سیاسەت و بڵاوبوونەوەی چەكی ناوكی، چەندین توێژینەوەی لە وڵاتانی میسر و ئیسڕائیل و ئەردەن و یەمەن و مەغریب ئەنجام داوە، هەروەها لە ماوەی ساڵانی 2017-2018 لە نووسینگەی وەزیری بەرگری ڕاوێژكاری باڵا بووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و دەرهاویشتە و ئاقار و ئاراستەی ئەم شەڕە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* هەروەك ئاشكرایە نەك هەر ڕەوتی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بەرەو خاوبوونەوە ناچێت، بەڵكو هیچ ئاسۆیەك بۆ هێوربوونەوەی بارودۆخەكە لەم ساتەوەختەدا لە ئارادا نییە، واتە هەردوولا هەنگاوی زیاتر هەڵدەگرن بۆ چڕكردنەوەی شەڕەكە و لە ئەنجامدا بارودۆخەكە بەرەو هەڵكشانی زیاتر دەچێت. ئێوە چۆن لە پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم شەڕە دەڕوانن و، بۆچی ڕووسیا هێندە لەسەر بەردەوامیدان و درێژەدان بەم شەڕە پێداگری دەكات؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ڕووسیا تووشی دۆخێك بووەتەوە كە ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بكات، لە هەمان كاتدا كێشەكە ئەوەیە كە ڕووسیا ناتوانێت بەرگەی شكست و دۆڕانی شەڕەكەش بگرێت. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە لە پرسەكە بڕوانین و ئەوە لەبەر چاو بگرین، كە ڕووسیا پێی وابوو دەتوانێت شەڕەكە بباتەوە و تێیدا سەركەوتوو بێت، ئەوا لەبەر ڕۆشنایی ئەم هەلومەرجەی ئێستادا پێ دەچێت، بیر لە گەڵاڵەكردنی ستراتیژیەتی دەرچوون و دەربازبوون لە شەڕەكە بكرێتەوە.

* بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بارودۆخی پێش شەڕەكە و پرسیاری ئەوە بكەین، ئایا هەر خۆی لە خۆیدا پاساوێكی بەهێز هەبوو بۆ هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە و، ئایا ڕووسیا ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەكی جددی ببوو كە ناچار بێت پەنا بۆ ئەم بژارەیە بەرێت؟ ئایا پێت وانییە لە ئێستادا ڕووسیا گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی كە ئەمە هەڵەیەكی ستراتیژی بوو و نەدەبوو بیكردایە؟

- ئەگەر من ڕاوبۆچونی خۆم دەربڕم، ئەوا بە دڵنیاییەوە پێم وا نییە ڕووسیا پێویستی بە هەڵگیرسانی ئەم شەڕە هەبوو، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەگەر لە ڕوانگەی ڕووسیا و خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین لەم مەسەلەیە بڕوانین، ئەوا لەو كاتەدا پێیان وابوو كە دەرفەتێكی ڕەخساو بۆ ڕووسیا دەستەبەر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی زۆرێك لە شرۆڤەكارانی تووشی سەرسوڕمان كردووە، ئەوەیە كە بۆچی سەرۆك ڤلادمیر پوتین ئەم بڕیارەی دا و بۆچی دۆخەكەی بەم ئاقار و ئاراستەیەدا برد. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی ڕووداوەكانی ساڵانی پێش شەڕەكەوە شرۆڤە و تاوتوێی ئەم پرسە بكەین، ئەوا ڕەنگە ڕووسیا ئەوەی لەبەرچاو گرتبێت، كە هەروەك چۆن بۆی چووە سەر كە دەست بە سەر هەرێمی كرێمیادا بگرێت و، ڕووبەڕووی كاردانەوە و پەرچەكردارێكی ئەوتۆ نەبێتەوە، ئەوا بە هەمان شێوە بۆ تەواوی ئۆكرانیاش دۆخەكە بەم ئاسانی و خێراییە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا یەكلا دەبێتەوە، واتە ڕەنگە ئەمە بیركردنەوەی ڕووسیا بێت لەو كاتەدا، بۆیە پەنای بردە بەر ئەم شێوازە.

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە گەلی ئۆكرانیا و سوپای ئەو وڵاتە بەرگری و بەرهەڵستییەكی گەورەی ڕووسیا دەكەن، بەڵام ناكرێت ئەو ڕاستییەش نادیدە بگیرێت كە بە بێ هاوكاری و پشتیوانییە گەورەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئۆكرانیا نەیدەتوانی ئەم شەڕە بكات، ئێوە چۆن لە ئەدای ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن لە ئاست ئەم شەڕەدا دەڕوانن؟

- من پێم وایە ئەم ئیدارەیە ئەدایەكی باشی هەبووە لەم ڕووەوە، هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە پشتیوانییەكی بەرچاو لە نێوان هەردوو حزبەكەدا لە نێو كۆنگرێسی ئەمریكادا بۆ ئۆكرانیا هەیە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن ئەدایەكی باشی هەبووە لە ئاست ئەم شەڕەدا. بەڵام لە پەیوەندی بە داڕشتنی بودجەوە، ئەوا هەموو جارێك ئەو مشتومڕە دروست دەبێت، كە ئایا چەند هاوكاریی دارایی بۆ پشتوانیكردن و هاوكاریكردنی ئۆكرانیا دەستەبەر بكرێت، بە تایبەتی كە بۆ كۆتاییهاتنی ئەم شەڕە و یەكلابوونەوەی هیچ ئاسۆیەك بەدی ناكرێت.

* ئەگەر لە كۆتایی وەڵامەكەتانەوە پرسیاری ئەوە بكەین، ئایا لە حاڵەتی درێژەكێشانی ئەم شەڕەدا ئەگەری ئەوە هەیە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكا پێداچوونەوە بە بڕیاری بەردەوامیدان بە هاوكاری و پشتیوانییەكانیان بۆ ئۆكرانیا بكەن؟

- من پێم وانییە بەردەوام بێت، بۆ نموونە تۆ بیر لەوە بكەرەوە كە ئەگەر شەڕەكە بۆ 10 ساڵ درێژە بكێشێت، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر شەڕەكە بۆ ماوەیەكی زۆر درێژە بكێشێت، ڕەنگە ڕای ناوخۆیی نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نەیانەوێت ئەم هاوكارییانە بۆ ئۆكرانیا بەردەوام بن. واتە پرسەكە دەبێتە پرسێكی تەواو سیاسی و لە ڕاستیدا هەر لە ئێستاشەوە بەم ئاقارەدا ڕۆیشتووە، هەر كاتێكیش ئەم پرسە تەواو بەرگێكی سیاسی وەرگرت، ئەوا بەردەوامیدان بە دەستەبەركردنی دارایی بۆ ئۆكرانیا ڕووبەڕووی تەحەددی و ئاستەنگ دەبێتەوە.

* ئەی پێت وانییە ئەگەر شەڕەكە بەردەوام بێت و ڕووسیا تووشی زیان و خەسارەتی زیاتر ببێتەوە، ئەوا لە ناوخۆی ڕووسیاشدا بەرهەڵستی و ناڕەزایەتی لە ئاست درێژەكێشانی ئەم شەڕەدا دروست دەبێت؟ ئایا ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، حكومەتی ڕووسیا ناچار نابێت پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیدا بكاتەوە؟

- لە ڕاستیدا من زۆر شارەزای بارودۆخی ناوخۆیی ڕووسیا نیم، بەڵام ئەوەی دەكرێت لەم بارەیەوە بوترێت، ئەوەیە كە تا ئێستا مایەی سەرسوڕمان نییە كە پشتیوانییەكی زۆر هەیە بۆ حكومەتەكە لە نێو ڕووسیادا، ئەگەرچی ناڕەزایەتییەكی بەرچاویش لە ئاست شەڕەكەدا هەیە.

* ئێمە باسی هاوكارییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و خودی ئەمریكامان بۆ ئۆكرانیا كرد، بەڵام ڕوونە كە لە هەمان كاتدا وڵاتانی ڕۆژئاوا چەندین سزای ئابووری و دارایی جۆراوجۆریان بە سەر ڕووسیادا سەپاندووە، بەڵام پێ ناچێت ئەم سزایانە بە شێوەیەكی بنەڕەتی بیركردنەوەی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا و بە دیاریكراوی سەرۆك پوتینیان گۆڕیبێ، ئێوە چۆن لە كارایی و كاریگەریی ئەم سزایانە دەڕوانن؟

- من پێم وایە كاریگەرییان هەیە، بەڵام سرووشتی سزاكان بە چەشنێكە كە كاتیان دەوێت بۆ ئەوەی كاریگەر و كاراییان هەبێت، واتە ئەمە لە شەو و ڕۆژێكدا ڕوو نادات و نابێت ئەم چاوەڕوانییەمان لە سزاكان هەبێت. لەم ڕووەوە دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە دەوڵەتی بە ئامانجگیراو، یان دەوڵەتی سزا بەسەردا سەپێندراو، ڕێگا و دەروازەی دەربازبوون لە سزاكان دەدۆزێتەوە. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی كاریگەریی سزاكان وردە وردە كەڵەكە دەبن و دێنەئاراوە.

* ئەگەر پرسیار لەبارەی دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە بكەین، لەسەر وڵاتانی ئەوروپا، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە ئاسایشی سەربازی و ئاسایشی وزەی ئەم وڵاتانەوە، ئایا پێت وایە ئەم شەڕە چ شتێكی لە حیساباتی ئەم وڵاتانە گۆڕیوە لە پەیوەندی بە بەهێزكردنی توانایانەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی قەیران و مەترسی نەبنەوە؟

- بە دڵنیاییەوە ئەوەی پەیوەست بێت بە ئاسایشی وزەوە، ئەوا ئەم شەڕە ئاڵوگۆڕی بەسەر بیركردنەوە و حیساباتی وڵاتانی ئەوروپادا هێناوە لە پەیوەندی بە سەربەخۆیی و سەروەربوونیانەوە لە ڕووی وزەوە. هەرچۆنێك بێت ئەم ئاڵوگۆڕە لە واقیعدا لە شەو و ڕۆژێكدا ڕوو نادات، بە تایبەتی ئەگەر ئێمە لەم ڕووەوە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە دە ساڵ پێش ئێستا ئەڵمانیا بڕیاری دا، دەست لە بەكارهێنانی وزەی ئەتۆمی هەڵگرێت و بە ئاسانی ناتوانێت ئەم بڕیارە پێچەوانە بكاتەوە و، دەبێت لەم ڕووەوە ڕای گشتیی وڵاتەكەش بە هەند وەربگرێت، بە تایبەتی كە خواستەكە بەرەو ئەوەیە كە وزەی پاك بەكار بهێنرێت، كە ئەمەش دووبارە پرسی چۆنیەتیی بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی وزەی پاك دەهێنێتەوە ئارا.

 

Top