ئایا بەكارهێنانی لەزگەی دەم لەكاتی نووستندا هەناسە باشتر دەكات؟

ئایا بەكارهێنانی لەزگەی دەم لەكاتی نووستندا هەناسە باشتر دەكات؟

  لەزگەی دەم Mouth taping لە كاتی نووستندا ڕێنمایی دەكرێت لە لایەن هەندێك پزیشكی ددانەوە، پزیشكانی ڕاستكردنەوەی ئێسك، لەگەڵ پسپۆرانی خەو بە مەبەستی چارەسەركردنی: پرخە، كلۆربوونی ددان، لێكدانی ددانەكان لە كاتی خەودا Bruxism، ناخۆشبوونی بۆنی هەناسە، كوالێتی نزمی خەو، هەروەها بۆ حاڵەتەكانی هەناسەوەرگرتن و هەناسە دانەوە بە ڕێگەی دەم Mouth breathing لەجیاتی لووت. لەزگەی دەم لە كاتی نووستندا هاندەرە بۆ زیاتر بەردەستبوونی ئۆكسیدی نایتریك Nitric oxide لە لەشدا، كە یارمەتیدەرە بۆ فراوانكردنەوە و تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن، هەروەها كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن و پاراستنی تەندروستیی دڵ، لەگەڵ پێشخستنی توانای فیزیكیی لەش. هەناسەوەرگرتن بە ڕێگەی دەم كاریگەریی نێگەتیڤی هەیە وەكو وشكبوونی دەم، ناخۆشبوونی بۆنی هەناسە، پەیدابوونی ئەڵقەی تاریك  لە ژێر چاوەكاندا، هەستكردن بە ناڕەحەتی و ماندووبوون، هەروەها زیادبوونی ئەگەری نەخۆشیی پوك و قوڕگ و گوێ. بە پێی چەند سەرچاوەیەكی پزیشكی، ســــــــوودەكـــــــانی لەزگەی دەم لە كاتی خەودا بریتین لە: پاراستنی تەندروستیی دەم، كەمكردنەوەی پرخە، بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، لەگەڵ دابەزاندنی پەستانی خوێن. نابێت هەر شریت یان لەزگەیەك بۆ بەستنی دەم بەكار بهێنرێت، بەڵكو لەزگەی تایبەت بە بەستنی دەم لە كاتی نووستندا هەیە، كە لە ناوەڕاستدا كونێكی بچووكی تێدایە و تا ڕادەیەكی زۆر سەلامەتە، بەڵام تەنیا بە ڕێنمایی دكتۆر دەبێت.

 

Top