فیكر و باوەڕی بارزان چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەمووان

فیكر و باوەڕی بارزان  چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەمووان

 

 

«ئەم حزوورە گەورەیە دەلیلی ئەوەیە كە بارزان لە سەرووی حزبایەتیی تەسك و ئایدیۆلۆژیایەكی موعەیەنە، من ئەمە بە دەرفەت دەزانم، لێرەوە بانگەوازێكی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بكەم، هەموو حزب و لایەنەكان، كە لاپەڕەیەكی نوێ بكەنەوە، داواكارم هەرچی زووتر، كۆبوونەوەیەكی فراوان بكرێت، پێش ١٨ی ئەم مانگە، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە و كوردستانییانە، باسی هەموو گیروگرفتەكان بكرێ و چارەسەریان بكەن. پێشی ئەو كۆبوونەوەیە، داوا دەكەم، بە تایبەتی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی دانیشن، ئەو تەمومژە نەهێڵن و زەمینەسازی بكەن بۆ ئەو كۆبوونەوە بەرفراوانە.

‎نابێ چیتر خەریكی یەكترشكاندن بن، دەرفەتێكی باش هاتووەتە پێش، بە دژایەتیی یەكتری كەس هیچی دەست ناكەوێت، دەبوایە عیبرەت لە ڕاپەڕین وەربگرین، حەفتا ساڵ، ئەو هەموو خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان و خوێنە، نەمانتوانی ئەوەی بە حەفت ڕۆژ ئەنجام درا، كاتێك كە هەموو میللەتەكە بوو بە یەك، موعجیزەئاسا دروست بوو.»

سەرۆك بارزانی - 11ی ئایاری 2023

 

 

 

رۆژی 11ی ئایاری 2023 لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی «مۆزەخانەی نیشتمانیی بارزانی»دا، سەرۆك مسعود بارزانی وتارێكی مێژوویی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و، ئاماژەی بەوە كرد كە «فیكر و باوەڕی بارزان» مانای ئەوە نییە هەر كەسێك لە ناوچەی بارزان بێت، لەسەر ئەم ڕێبازەیە، بەڵكو ئەم ڕێبازە فراوانتر و گەورەترە لەوە و هەر كەسێك بڕوای بەم بنەمایانە هەبێت، دەتوانین بڵێین پەیڕەوی ڕێبازی بارزانە، ئەوانیش بریتین لە:

- خودا پەرستی و خواداناسی.

‎-  مرۆڤدۆستی.

- دین ڕەوشتە.

- لە مرۆڤایەتیدا هەموومان برای یەكترین.

‎- دین و نیشتمان لە یەكتری جیا ناكرێنەوە.

‎- تێكۆشان لە دژی زۆرداران فەرزە.

- ژینگەپارێزی پێویستە.

‎- مافی ئافرەتان دەبێ پارێزراو بێت و قەدەغەی كرد بەشوودانی كچان بە زۆر و ژن بە ژنێ، یان بەشوودانی بە نەخت.

لەم ڕێورەسمەدا كە بە سەدان كەسایەتی و سیاستەتمەداری كوردستانی و عێراقی و بیانی ئامادە بوون و، وتارەكە بە هەر سێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی وەردەگێڕدرا، سەرۆك بارزانی مەبەستی بوو ئەوە بە ئامادەبووان ڕابگەیەنێت، كە فیكر و باوەڕی «بارزان» چوارچێوەیەكە بۆ ڕەتكردنەوەی هەموو زوڵم و زۆردارییەك و دووبارە پێناسەكردنەوەی كەرامەتی مرۆڤە بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە، هەروەها بونیادنانی كۆمەڵگەیەكە كە ڕێز لە هەموو بەهاكانی ئەو خاكە بگیرێت، بە پاراستنی ژینگە و مافی ئەو گیانەوەرانەشی كە لەناو ئەو ژینگەیە دەژین، ئەمەش مانای ئەوەیە فیكر و باوەڕی بارزان تەنیا تایبەت نییە بەو خەڵكانەی لە ناوچەی بارزان دەژین، یان بۆ نموونە سەر بە نەتەوەیەكی دیاریكراون وەك «كورد»، بەڵكو فیكر و باوەڕی بارزان، ڕێبازێكە بۆ برایەتی و ڕێزگرتن لە بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان و، پیادەكردنی ئەم فیكر و باوەڕەش، خۆڕاگری و ئیرادەی خێر بەرهەم دەهێنێت، هەروەك چۆن شیخ ئەحمەدی بارزانی ماوەی 12 ساڵ لە زیندان قەید و زنجیری لە دەست بوو و، داوایان لێ كرد، كە نامەیەك بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، یان پادشای عێراق بنووسێت، بەڵام شێخ ئەحمەد ئەم داوایەی ڕەت كردەوە و پێی گوتبوون: «من هیچم نەكردووە و ئێوە غەدرتان لە ئێمە كردووە، بۆیە من داوای لێخۆشبوون لە ئێوە ناكەم، بەڵكو داوای لێخۆشبوون لە خوا دەكەم و لە ئێوەی ناكەم».

ئەم باكگراوەندە كورتەی سەرۆك بارزانی لە وتارەكەیدا پێشكەشی ئامادەبووانی كرد، مەبەستی ئەوە بوو كە بە هەموو ئامادەبووان ڕابگەیەنێت كە مستەفا بارزانی وەك شێخ عەبدولسەلامی بارزانیی یەكەم و دووەم و هەروەها وەك شێخ ئەحمەد بارزانی، پەروەردەی ئەو فیكر و باوەڕەیە و، لە پیادەكردنی ئەو فیكر و باوەڕەوە پەروەردگار هیدایەتی داوە و، خۆڕاگری و ئیرادەی خێری پێ بەخشیوە، ئەم خۆڕاگری و ئیرادەی خێرەش لەو ڕێڕەوە مێژووییەی مستەفا بارزانی و هەڤاڵەكانی بەرجەستە بووە، كە دوای ڕووخانی كۆماری كوردستان توانییان زیاتر لە 700 كیلۆمەتر بە پێی ببڕن و بگەنە خاكی كۆمارەكانی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشان. هەروەها لە شۆڕشی ئەیلوولیشدا كە بارزانی مستەفا بە هەمان فیكر و باوەڕەوە سەركردایەتیی شۆڕشەكەی كرد، توانی گیانی تەبایی و برایەتی لە نێوان تەواوی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان پتەو بكات و، لە ناو سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولدا جێگەیان بكاتەوە، لەمەش زیاتر هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی خۆڕاگری و مقاوەمەتی گەلی كوردستان دژی ڕژێمە جیاوازەكانی دەوڵەتی عێراق نەبێت بە شەڕی نێوان «كورد و عەرەب» و تەنانەت ئامۆژگاری بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەو جۆرە بوو، كە بۆ بەرگری لە خۆكردن نەبێت، هێرش نەكەنە سەر سەربازانی عێراق و ئەوانیشی وەك كوڕی خۆی سەیر دەكرد.

لە ناو ئەم پەیڤانەی سەرۆك بارزانی لە كردنەوەی «مۆزەخانەی نیشتمانیی بارزانی»دا پێشكەشی كرد، ئەوەی پێ گوتین: «ئەم مۆزەخانەیە تەنیا بۆ بەرزڕاگرتنی خەبات و تێكۆشانی كەسێك نییە كە ناوی «مستەفا بارزانی»یە، بەڵكو بۆ بە زیندووڕاگراتنی ئەو فیكر و باوەڕەیە كە ناوی «فیكر و باوەڕی بارزانە»، ئەمەش مانای ئەوە نییە، هەر كەسێك خەڵكی ناوچەی بارزان بێت، دەتوانێت هەڵگری ئەو فیكر و باوەڕە بێت، بە پێچەوانەوە فیكر و باوەڕی بارزان، بەهاكانی مرۆڤایەتین و هەر كەسێك ئەوجا سەر بە هەر ئایین و نەتەوەیەكیش بێت، ئەگەر بڕوای بە بەبەها مرۆڤایەتییەكانی ئەم فیكر و باوەڕە هەبێت، دەتوانین بڵێین پەیڕەوكاری فیكر و ڕێبازی بارزانە.

 ئاشتی و تەبایی و یەكڕیزی

وەك پرانسیپێكی نەگۆڕی فیكر و باوەڕی بارزان

مستەفا بارزانی فیكر و باوەڕی بارزانی لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە هەموو كوردستان پیادە كرد و لەسەر ئاستی پتەوكردنی برایەتیی كورد و عەرەبیش ڕایگەیاند كە شەڕی ئێمە لەگەڵ عەرەب نییە و شەڕی ئێمە لەگەڵ ڕژێمێكی زاڵمە، ئەوجا ئەو ڕژێمە عەرەبی بێت یان كورد، ئەمەش بەو مانایەی شۆڕشی كوردستان تا ئەو كاتە پەنای بۆ چەك و مقاوەمەت بردووە، كە حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق نكوڵییان لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە و، هەر كاتێك نییەتێكی باش هەبووبێت، بۆ ئەوەی كێشەكانی گەلی كوردستان بە دانوستاندن و دیالۆگ چارەسەر بكرێت، ئەوا مستەفا بارزانی و سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانە بوون، هەر لەم چوارچێوەیەشدا ڕێككەوتنی مێژوویی ئادار لە ساڵی 1970 لەگەڵ حكومەتی ئەو كاتی عێراق واژۆ كرا.

لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كرد، كە زۆر جوامێرانە پابەندە بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەی كە هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت لە كۆتایی پار لەسەری ڕێككەوتن و ئیمزایان لەسەر كردووە، ئاماژەشی بەوە كرد، ئێستا دۆخێكی باش لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و ئەوە سەلمێندرا ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێز هەبێت و نییەتی پاك هەبێت، هیچ گرفتێك نییە قابیلی چارەسەر نەبێت.

سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆك بارزانی پەیامێكی مێژوویی گرنگی ڕاگەیاند و، داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد، پێش 18ی ئایاری 2023 كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام بدەن، هەروەها داوای لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كرد، پێش ئەو بەروارە كۆبوونەوەی خۆیان بكەن و زەمینە بۆ ئەو كۆبوونەوە فراوانە فەراهەم بكەن.

ئەم پەیامەی سەرۆك بارزانی كە دووبارە پیادەكردنەوەی فیكر و باوەڕی بارزانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق و، هەروەها بۆ دووبارە چارەسەركردنی كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكان و دووبارە ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان و دروستكردنی یەكڕیزی و تەبایی لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، ئەوەی بۆ سەلماندین كە فیكر و باوەڕی بارزان لە سەرووی هەموو ئایدیۆلۆژیەتێك و بیركردنەوەیەكی تەسكی حزبایەتیەوەیە و، پرانسیپێكە بۆ ئاشتی و تەبایی و لێبوردەیی و پێكەوەژیان لە نێوان هەموو نەتەوە و ئایین و بیر و بۆچوونە جیاوازەكاندا.

پێشوازیی گەرمی سەرجەم هاووڵاتیان و تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە پەیامە گرنگ و مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی گەشبینییەكی گەورەی بۆ تەبایی و یەكڕیزی و ئایندەی گەشی هەرێمی كوردستان لای هەر هاونیشتمانییەك دروست كردووە.

 

Top