« بردمانۆ»ی شیشار ئەسوەد بڵاو بۆوە

« بردمانۆ»ی شیشار ئەسوەد بڵاو بۆوە

شیشار ئەسوەد كە یەك لە گۆرانیبێژ و موزیكوانە گەنجە دیارەكان، نوێترین بەرهەمی بەناوی (بردمانۆ) لە ڕێی كەناڵی كوردماكس بڵاو كردەوە.

تێكست و میلۆدیی گۆرانییەكە فۆلكلۆرە و لە لایەن هونەرمەند ئاریۆس كاری موزیكی بۆ كراوە و لە ستۆدیۆی ئاریۆس لە سلێمانی تۆمار كراوە، كلیپی گۆرانییەكە لە سلێمانی و هەولێر و دەڤەری گەرمیان لە لایەن دەرهێنەر ئەحمەد ڕەمەزان كاری بۆ كراوە، تا ئێستەش لە یوتیوب زیاتر لە ١٥٠ هەزار بینەری هەبووە.
شیشار هۆشیار ئەحمەد ئەسوەد ناسراو بە (شیشار ئەسوەد) لەدایكبووی شاری كەركووكە و لە ئێستادا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، دەستپێكی كاری هونەریی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2000 كاتێك بەشداریی لە فیستیڤاڵەكاندا دەكرد، خاوەنی پێنج بەرهەمی تۆماركراوە و ژەنیاری ئامێری عودە و لە بواری مەقامیشدا شارەزاییەكی باشی هەیە، شیشار زیاتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چالاكە و بە بڵاوكردنەوەی كورتە ڤیدیۆ، بەرهەمی هونەرمەندە گەورەكان بە گوێگرەكانی دەناسێنێت، وەك بەرهەمەكانی سەڵاح ڕەشید و عەدنان كەریم و مەزهەری خلقی و زیاد ئەسعەد، هەروەها بۆ زیندووڕاگرتنی گۆرانیی كلاسیكی كوردی بەرهەمی هونەرمەندە گەورەكانی گوتوەتەوە، وەك بەرهەمەكانی هونەرمەندانی كۆچكرد و قادر كابان و سابیر كوردستانی و كەریم كابان. شیشار ئەسوەد یەكێك بوو لە بەشداربووانی پرۆگرامی پێشبڕكێی دەنگی(كوردستان ستار) و، لە سەرەتای بەشداریكردنی لەو پڕۆگرامەدا بە گۆرانی (چەند جارم وت)ی هونەرمەندی گەورەی كورد عەلی مەردان لە پێش ئەندامانی لێژنە ئامادە بوو، كە ئەمەش پاڵپشت بوو بۆ زیاتر دەركەوتن و ناوبانگی، ئەم هونەرمەندە لە تەمەنێكی بچووكدا بە ئامێری ساز دەستی كرد بە ژەنینی میوزیك و، حەز و خولیای موزیكی لەلا درووست بووە، بەڵام لە ئێستادا ژەنیاری ئامێری عودە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەواداری زۆری هەیە.

Top