ئه‌فسانه‌ی نوگره سه‌لمان

خه‌یاڵێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و پاراوی ده‌وێت، مرۆڤ بتوانێت له به‌رهه‌مێكدا مه‌رگه‌ساتی ئه‌نفال و زیندانه سامناكه‌كه‌ی نوگره سه‌لمان پێكه‌وه كۆ بكاته‌وه. ئه‌نفال تراژیدیای نه‌ته‌وه‌یه‌كه، گیرۆده‌ی ده‌ستی داگیركه‌ران. ڕه‌شه‌بای ئه‌نفال ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی هێنایه زه‌لزه‌له، نزیكه‌ی چاره‌كه ملیۆنێك مرۆڤی له كوردستانه‌وه به‌ره‌و بیابانی عه‌ره‌بستان ڕاماڵی، له‌وێش زینده به‌چاڵی كردن.

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی
جووتێك داستانی خه‌مناك و پڕ له تراژیدیا (ئه‌نفال و نوگره سه‌لمان)، له كۆبیری نه‌ته‌وه‌یه‌كدا چه‌شنی شه‌وی تاریكی ئهنگوستهچاون. گوڵاڵه حه‌مید، هونه‌رمه‌ندێكه به هه‌ستێكی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی ده‌ژی، بۆیه هونه‌ره‌كه‌ی زۆر وابه‌سته‌ی پرسی گه‌ل و نیشتیمانیه‌تی. ئه‌م تابلۆیه‌ی كه ده‌كرێت ناوی (كۆژانی نوگره سه‌لمان) بێت، چه‌ند فیگه‌رێكی تێدایه. قه‌ڵای سه‌ختی زیندانی نوگره سه‌لمان له قووڵایی بیابانی عه‌ره‌بدا، بازنه‌یه‌ك كه هونه‌رمه‌ند خۆی به كاتژمێری داده‌نێت، به‌ڵام بۆی هه‌یه گوزارشت بێت له زۆر شتی دیكه، هێمایه بۆ زه‌مه‌ن كه له‌و شوێنه‌دا، له نێو چاوهڕانییهكی نه‌بڕاوه‌ی مه‌رگ و نادیاریدا تواوه‌ته‌وه، هێمایه بۆ ئه‌شك و نه‌هامه‌تییه‌ك كه هیچ كه‌س ناتوانێت وه‌سفی بكات، ژن و پیاوێك له لای ڕاست و چه‌پی بازنه‌كه‌ش هه‌ن، ئه‌و زیندانه نێر و مێی تێدا ئه‌شكه‌نجه ده‌درێت. له ناوه‌ڕاستی پێشه‌وه‌ی تابلۆكهشدا، مرۆڤێك خۆی گرمۆڵه كردووه، ڕووت و ڕه‌جاڵ، ئیدی بیابان مرۆڤ له هه‌موو سیمایه‌ك ڕووت ده‌كاته‌وه. باكگراوندی تابلۆیهكهش ڕه‌شاییه، ئه‌و ڕه‌نگه‌ش نیشانه‌یه به ئایینده‌ی تاریكی زیندانیانی نێو نوگره سه‌لمان.

به گشتی تابلۆكه شێواز و ته‌كنیكی تایبه‌تی گوڵاڵه‌ی هونه‌رمه‌ند پیشان ده‌دات، له ڕووی ڕه‌نگیشه‌وه هونه‌رمه‌ند تایبه‌تمه‌ندیی خۆی ده‌نوێنێت. ڕه‌نگی مۆر، په‌مبه، پرته‌قاڵی، زه‌رد، قاوه‌ییه‌كی كاڵ، ئه‌مانه جۆرێك له گه‌شی، گهشییهكی خهمناكیان به تابلۆكه به‌خشیوه. كاتێك مێژووی نه‌ته‌وه، به تاڵ و شیرینییه‌وه ده‌بێته هه‌وێنی به‌رهه‌می هونه‌ری، ئه‌و به‌رهه‌مه پێگه‌یه‌كی به‌رزی ده‌بێت.