شاناز جەمال بۆ گوڵان: ئامانجی من زیندوو هێشتنەوەی كەلتووری كوردییە

شاناز جەمال بۆ گوڵان: ئامانجی من زیندوو هێشتنەوەی كەلتووری كوردییە

دوژمنانی كورد بەرلەوەی تاكی كورد لەناوبەرن و وڵاتی خاپوور و وێران بكەن، هەوڵیان داوە كەلتوور و زمان و هونەر بە هەموو شێوەیەك لەناوببەن، گەلی كورد لە دێرزەمانەوە ناسنامە و كەلتوور و جلوبەرگی خۆی پاراستووە و شانازیی پێوە كردووە، لەم ڕووەوە ئافرەتانی كوردیش بەپێی توانای خۆیان بە پاراستنی كەلوپەلە كۆنە كوردەوارییەكانی پێش خۆیان، پارێزگارییان لەم كەلتوورە كردووە.

شاناز جەمال بۆ گوڵان: ئامانجی من زیندوو هێشتنەوەی كەلتووری كوردییە

شاناز جەمال یەكێكە لەو ژنە دەستڕەنگینانەی بە بەكارهێنانی كەلوپەل و قوماشی كوردەواری گرنگی بە كەلتووری كوردی دەدات، وەك خۆی دەڵێت هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری دەستڕەنگینیی كوردەواری هەبووە، لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا بیری لەوە كردەوە كە چۆن پارێزگاری لە كەلتوورەكەی بكات و بە شیوازێكی باشتر بیناسێنێت بە جیهانی دەرەوە، بەتایبەت كە نەوەی ئێستا نامۆن بە كاری كەلتوور و كەلەپوری كوردی، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٦ دەستی كردووە بە كاری هونەری و یەكەم پێشانگای هەر لەو ساڵەدا كردەوە، شاناز جەمال لەم بارەیەوە دەڵێت: «بەشێك لە هونەرەكەم ڕیالیزمە و لە واقیعەوە سەرچاوە دەگرێت، هەموو كارێكی ڕەسەن،خۆڕسك سەرسووڕمان درووست دەكات، تابلۆی نموونەیی تێڕامان درووست دەكات و بینەر ناتوانێت بێلایەن بێت، ئەبستراكت جیهانی تایبەتە بەو هونەرمەندانەی ئیتر نایانەوێت فیگەری واقیعی بكێشن زیاتر و لە ناخەوە بە ڕەنگ قسە دەكەن».
یەكێك لە كارە جوانەكانی خاتوو شاناز لەلایەن جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە قەداسەتی پاپای فاتیكان كرا، كە گوزارشتە لە گیانی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی هەرێم، شاناز لەم ڕووەوە دەڵێت: «تابلۆی كەلتوری كوردەواری (رۆحی پیرۆز) وێنەی چنراوی سەرتابلۆكە وێنەی كۆترێكی سپیی درەوشاوەیە و ئاماژەیە بۆ ڕۆحی پاكی حەزرەتی پێغەمبەر (عیسا) سڵاوی خوای لەسەر بێت، سەرووی تابلۆكە سێ خاچی لەسەر چنراوە كە ئاماژەن بۆ ئایینی مسیحی و پیرۆزی ڕۆحی پیرۆز لایان ئەمەش ناونیشانی ئەم وێنەیە كە لەسەر تابلۆكە چنراوە لە ناو ئینجل ی پیرۆزدا (الحمامة من رموز الروح القدس) نوسراوە».

شاناز جەمال بۆ گوڵان: ئامانجی من زیندوو هێشتنەوەی كەلتووری كوردییە

تابلۆی كەلتوری جاجمی كوردەواری كاری دەستچن بەرزیەكەی یەك مەترە و پانییەكەی ٧٠ سانیمەترە، ئەو بابەتانەی بەكار هاتوون لە سەر تابلۆكە جاجمی كوردەواریی مەرەزە، تەمەنی جاجمەكە دەگەڕێتەوە بۆ ٨٠ ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی هەورامان كە سیمی ئاڵتونی بۆ چنینی بەكەر هاتووە، بەرد و یاقوت و سوورمەی جلوبەرگی كوردەواریی كۆن كە پارچەكان لە كەوای كوردەواریدا كە تەمەنی بۆ ٧٠ ساڵ لەمەو دەگەڕێتەوە و بەردی تێدا بەكار هاتووە، ئامانجمان لە چنین و ئامادەكردنی ئەم تابلۆیە لەوەدایە كە كەلتوورەكەمان نیشانی هەموو جیهان بدەین كە كەلتوری پێكەوەژیانی هەموو ئایین و نەتەوەكانە بەبێ جیاوازی».
شاناز هەروەها دەڵێت: « ستایلی كارەكانم زیاتر سوننەتییە و كەلتورییە كاتێك بەكارێك دەگوترێت نموونەیی كە جیاوازتر بێت لە هەموو كارەكانی پێشوم، بۆ نموونە ئەم كارە پێكهاتووە لە بابەتی كەلتووریی بەنرخ و پارچە قوماشی دێرین كە تەمەنیان دەگەریتەوە بۆ 70 ساڵ لەمەوبەر، جگە لە تواناو سەلیقەی خانمێكی كورد، پەیامی ئاشتیی ئایینی لەسەر نەخشاوە، بۆیە لە دیدە و هزری خۆمدا زۆر مانای زیاتر دەبەخشێت و گەر زمانی هەبوایە تابلۆكە زۆر لە شێوەكی زیاتر دەدوا.
یەكەم كاری هونەریی شاناز جەمال لە پارچەیەك جاجمی یەك مەتری بوو، ٢٥٠ پارچەی خشڵی ژنان و بابەتی ڕازاندنەوەی ناوماڵ لەو یەك مەتر جاجمەدا دروستی كرد، دواتر هەنگاوێكی گەورەتری نا و لە ناو كۆنگرێسی ئەمریكا پێشانگایەكی تایبەتی كردەوە، موروو و بەرد و خوریی بەكار هێنابوو.

شاناز جەمال بۆ گوڵان: ئامانجی من زیندوو هێشتنەوەی كەلتووری كوردییە

سەبارەت بە تێڕوانین و سەرنجی خەڵك لەسەر كارەكانیشی، شاناز جەمال دەڵێت: «هاووڵاتیان داوای كارەكانی من دەكەن و خواستێكی باشی لەسەرە، ئێستا خەڵك گەڕاوەتەوە بۆ ئەو كەلتوورە جوانەی كە لە سەردەمی پێشوودا هەمان بووە، خەمخۆری كەلتووری كوردیمان هەیە و لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە داوای كارەكانم دەكەن، ئامانجی من زیندوو هێشتنەوەی كەلتووری كوردییە، قوماشی شاڵ، سورمەی كۆن، بەردی فیرۆزە، بەردی حەوت ڕەنگ و بەردی پیرۆزەیی بەكاردەهێنم، كە لە ناو كورددا پێشتر باو بووە».
ئەو موروو و سیم و دەزووانەی شاناز لە كارەكانیدا بەكاریان دەهێنێت بەشێكیان لە دەرەوە و بەشێكی دیكەیان هەر لە شارەكانی كوردستان دەكڕێت و دەبێت ڕۆحێكی كوردییان تێدا بێت، وەك خۆی دەڵێت: «سیمەكان دەچنم و بە دەرمان دایدەنێم، وەكو باكگراوندێك بۆ كارەكە، من شانازی دەكەم كە ژنێكی كوردم و نەوەی ئەو ژنانەم كە لە سەردەمی كۆندا ئەم كارەیان كردووە، كارەكانم زیاتر لە ڕێگەی وەفدەكانەوە كە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، دەكڕدرێن، كاتێكی دیاریكراوم نییە بۆ چنینی كارەكانم، چونكە هونەرمەند بەپێی مەزاجی خۆی كار دەكات و ناخی خۆی دەخاتە سەر ئەو تابلۆیەی كە دەیچنێت، جاری وا هەیە بە هەفتەیەك ناتوانم مووروویەك بچنم، جاری واش هەیە بە ڕۆژێك تابلۆیەك تەواو دەكەم».
ئەو خانمە دەستڕەنگینە تا ئێستا ٣٠ خەڵاتی وەرگرتووە، گرنگترین خەڵاتیش ئەوەی پاپای ڤاتیكانە، بیرۆكەی ئەم كارەی لە ساڵی ٢٠١٨ بۆهات كە وەك ئافرەتێكی كورد خەڵاتێك پێشكەشی سەرۆكێكی جیهانی بكات، خەڵاتەكەش كارێكی هونەریی ناوازە بێت كە گوزارشت لە كەلتووری نەتەوەكەی كورد بكات، ماوەی ساڵێك و حەوت مانگ خەریكی ئەو پرۆژەیە بووە، بەرگێك بوو لە پێشەوەی بەرگەكە هێمای ئەو هەشت ئایینەی لەسەر چنی كە لە كوردستان دەژین، پشتی بەرگەكە خاچێكی لەسەر بوو بە پێنج هەزار یاقوتی سور چنیبووی، ئەمەش وەك ئاماژەبوو بۆ شەهیدانی هەڵەبجە، بەرگی عەباكە ١٨٢ هەزار بەردی پێوە بوو كە ئاماژە بوو بۆ ڕۆحی ئەو شەهیدانەی لە گەرمیان ئەنفال كراون، وەكو نوێنەری ئافرەتانی كوردستان و بە جلوبەرگی كوردییەوە ئەو عەبایە پێشكەش بە پاپا كرد.

Top