پەرستاران لە هەموو بارودۆخێكدا فریشتە ئاسا لە ئەركدان

پەرستاران لە هەموو بارودۆخێكدا فریشتە ئاسا لە ئەركدان

 

 

بۆ یەكەم جار لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی (١٩٧٤) بڕیار درا، ڕۆژی (١٢)ی مایس بكرێت بە (ڕۆژی جیهانیی پەرستاران)، ئەوەش وەك وەفایەك بۆ ئەو كەسەی كە بە دامەزرێنەری زانستی پەرستاریی هاوچەرخ دادەنرێت، كە ئەویش (فلۆرێنس نایتینجل) بوو، كە لە (12)ی مایس لە دایك بووە. پەرستاران لە سەرانسەری دونیادا بە كوردستانیشەوە وەكو فریشتەی بەزەیی لە خزمەتكردنی نەخۆش بەردەوامن، تەنانەت لە هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕۆڵێكی گرنگیان لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان هەبوو، پەرستاران ئەمجارەش توانییان مێژوویەكی درەوشاوە و پڕ سەروەری بۆ خۆیان و پیشەكەیان تۆمار بكەن. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە ڕوانگەی تایبەت و دیدی جیاوازەوە باس لە ئەرك و ماندووبوونی توێژی پەرستاران دەكەن.

 

 

فلۆرێنس نایتینجل لە ساڵی١٨٢٠ لە ئیتاڵیا لەدایك بووە، لە خێزانێكی بەریتانی و دەوڵەمەند بووە، كە بڕوایان بە خستنەبەر خوێندنی كچ هەبووە. نایتینجل بە دامەزرێنەری پەرستاریی هاوچەرخ دادەنرێت، خوێندنی لە ماڵەوە لە ژێر دەستی باوكی وەرگرتووە، خەونی بەوە دەبینی كە خزمەتی خەڵك بكات و ببێتە پەرستار، بەڵام خێزانەكەی لە سەرەتادا دژی بوون، كە لەو كاتەدا پیشەی پەرستاری بە پیشەیەكی سەرنجڕاكێش نەدەبیندرا، بەڵكو پیشەیەك بوو زۆر بێ بایەخ و بێ ڕێز لە پیشەوەرانی دەڕواندرا، بەڵام ئەم خاتوونە سەرەڕای قبووڵنەكردن و ڕێگرییەكانی خێزانەكەی، لەسەر ئامانجەكەی سوور بوو، هەوڵی زیاتری بۆ فێربوونی پیشەی پەرستاری دا، تەنانەت فلۆرێنس هاوسەرگیریشی ڕەت كردەوە، لەبەر ئەوەی ڕای وا بوو، هاوسەرگیری بە بەرپرسیارێتی ماڵەوەی دەبەستێتەوە. ئامانج و هەوڵەكانی بە ئاكام گەیشت و ساڵی ١٨٥١ لە قوتابخانەی كایزروارت فێری پەرستاری بوو، بە یەكەم كەسیش دادەنرێ كە ڕێزمانی بۆ پەرستاریی تازە داناوە و فێركردنی پەرستاری دامەزراند و پلەی بۆ خزمەتگوزارییەكانی پەرستاری و خزمەتگوزارییەكانی بەڕێوەبردن لە نەخۆشخانەكان دانا.

دكتۆر ڕێبین عەزیز بەرزنجی، نەقیبی سەندیكای پزیشكانی ددانی كوردستانە و لە بارەی ڕۆژی جیهانیی پەرستارانەوە دەڵێت: «لە ڕۆژی جیهانیی پەرستاران پیرۆزبایی گەرم لە پەرستارانی كوردستان و جیهان دەكەین. گومانی تێدا نییە كە پەرستاران توێژێكی هەستیار و گرنگی كۆمەڵگەن و یەكێكن لە پایە سەرەكییەكانی خێزانی تەندروستی و ناكرێت ڕۆڵی بەرچاویان لە سێكتەری تەندروستی نادیدە بگرین. پەرستاران هەمیشە ڕۆڵی بەرچاو و سەرەكییان لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە هاووڵاتیان و بەتایبەتی لە نەخۆشخانە گشتییەكان و فریاكەوتنەكان و یەكەكانی چاودێریی چڕی تەندروستی هەبووە. یەكێك لە سەروەرییەكانی پەرستاران كە پێویستە باسی بكەین، ڕۆڵی فیداكارانەیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای نەگریسی كۆڕۆنا و بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان پۆلێك لە پەرستاران گیانی خۆیان بەخشی، هەروەها لە سەنگەرەكانی بەرگری و لە شەڕی داعش پێشمەرگە ئاسا لە پێناوی خاك و گەلەكەیان هەمیشە فیداكار بوون . جێگای خۆیەتی لەم بۆنە پیرۆزەدا پاڵپشتیی زیاتر لە پەرستاران بكرێت و بایەخی زیاتریان پێ بدرێت، بەتایبەتی بەرزكردنەوەی توانای زانستییان و گرینگیدان بە سەلیقەی پیشەییان و دامەزراندنیان لە دامەزراوەكانی تەندروستی. بێگومان ئەم ئەركەش دەكەوێتە سەرشانی وەزارەتی تەندروستی و سەندیكا و كۆمەڵەی پەرستاران كە پێویستە بە یەكەوە كار بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجانە بكەن».

لەلای خۆیەوە سروە عەلی جەباری بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای كوردستان، ڕۆڵ و ئەركی پەرستاران لە خزمەتكردن بەمجۆرە هەڵدەسەنگێنێت: «وەك تووشبووێكی تالاسیمیا ئەوەی من دەیبینم توێژی پەرستاران وەك فریشتەی سەر زەوین، پەرستاران زۆر بەپاكی و دڵسۆزی خزمەت بە نەخۆش دەگەن و هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی كەمترین ئازار بەر نەخۆش بكەوێت، لە هەمان كاتیشدا ئەو برین و ئازارانەی نەخۆش هەیەتی بە كەمترین كات بۆی ساڕێژ بكەن، من وەك تووشبووێكی تالاسیمیا زۆر سوپاسیان دەكەم بۆ ئەو ماندووبوونەیان بەتایبەت پەرستارانی سەنتەری تالاسیمیا، بەو بۆنەیەشەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو پەرستارێكی فریشتە ئاسا و دڵسۆز و خەمخۆر دەكەم و هیوای ساغ و سەلامەتیان بۆ دەخوازم.»

نەجمەدین محەمەد قەراجی، یاریدەدەری پزیشكە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە سەرانسەری جیهان ڕۆژی جیهانیی پەرستاران بەرز ڕادەگیرێت. لەو ڕۆژە چالاكیی جۆراوجۆری سوپاسگوزاری و پێزانین و دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتی ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ كەس ناتوانێت نكۆڵی لە ڕۆڵ و ئەركی گەورە و قورسی پەرەستار بكات، نكۆڵی لەوەش ناكرێت كە پەرستار فریشتەی بەزەییە و چاودێریی ئاسوودەیی نەخۆش دەكات». گوتیشی: «دەزگا حكوومی و ناحكوومییەكان و بەشێكی زۆری هاووڵاتیان وەك پێزانین بۆ ڕۆڵی گرنگ و هەستیاری پەرستاران لە خزمەتگوزاریی تەندروستی، سوپاس و پاڵپشتی دەردەبڕن بۆ پەرستاران، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی گرنگیدان بە پیشەی پەرستاری كەمتەر خەم نەبووە. ئێستاش دەرفەتی زیاتر ڕەخساوە لە بەردەم پەرستاران بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵاتر و دەرچووانی كۆلێژی پەرستاری و مامانی و تەكنیكییەكان ڕوو لە زیادبوونن».

ئەو یاریدەدەری پزیشكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «بە بێ بوونی پەرستاری كارامە و لێهاتوو خزمەتگوزاریی تەندروستیی هاوچەرخ فەراهەم نابێت». گوتیشی: «لە سەردەمی پەتای كۆڤید-19 دڵنیا بووینەوە كە هێزی كاری تەندروستیی پێویستمان بۆ بونیادنانی سیستەمی تەندروستیی خۆڕاگر هەیە. هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەو پەتایە كە هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردبوو، كارێكی ئاسان نەبوو، پەرستارانی كوردستانیش لەو پێناوەدا قوربانییان دا و گیانی خۆیان بەخت كرد، بەڵام پێویستە ئێمە چارەسەری كەمیی هێزی كاری تەندروستی بكەین، بەتایبەتی پەرستاران و مامانەكان لە ناوچەكەمان، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە ببینەوە».

ڕێزان باڵەك بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، بەم جۆرە باس لە گرنگیی ئەو ڕۆژە و پیرۆزیی پیشەی پەرستاری دەكات و دەڵێت: «ڕۆژی پەرستاران ڕوژێكە پڕ لە جوانی و پڕ لە ڕێز و لە میهرەبانی. پەرستاران فریشتەیەكی بەرگ سپین و بۆ تەندروستیی نەخۆشەكان دەورێكی گرنگ و بایەخدار دەگێڕن. فریاگوزاریی سەرەتایی، شەونخوونی، تا بەیانی دانیشتن و گوێگرتن لە نەخۆش و هەڵگرتنی نازی نەخۆش، كاری پەرستارە و پەرستاران هەمیشە بێ گوێدان بە ماندووبوون و تەندروستیی خۆیان كاریان كردووە، بۆیە دەكرێت بڵێین: پەرستاری كارێكی پیرۆزە و دەبێت ڕێز لەو ماندووبوونەیان بگرین».

 

Top