گرفتى زۆر له‌ ئاستى كاراتێ كچان هه‌یه‌

گرفتى زۆر له‌ ئاستى كاراتێ كچان هه‌یه‌

ئه‌وین ئامانج یاریزانى كاراتێ یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى

گرفتى زۆر له‌ ئاستى كاراتێ كچان هه‌یه‌
یارى كاراتی یه‌كێك له‌ یارییه‌ به‌رگرى و جه‌نگییه‌كانه‌ كه‌ یاریزانه‌ كچه‌كانى شاره‌كانى كوردستان هه‌میشه‌ به‌ شه‌وقه‌وه‌ ڕوو له‌م یارییه‌ ده‌كه‌ن ده‌توانن له‌ پاڵه‌وانیته‌كانى ده‌ره‌وه‌ش ئاست و ئه‌نجام و مه‌دالیى جۆراوجۆر به‌ده‌ست بهێنن، جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ وه‌كو پێویست خول و پاڵه‌وانیه‌تی ئه‌نجام نه‌دراوه‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان، به‌ڵام كچه‌ یاریزانانى كوردستان به‌رده‌وامن له‌ ئه‌نجامدانى یه‌كه‌ مه‌شقییه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو كات ئاماده‌بن، یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانیش یه‌كێك له‌و یانانه‌ى كوردستانه‌ كه‌ به‌رده‌وام گرنگی به‌ یارییه‌ به‌رگری جه‌نگییه‌كان ده‌دات، یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش ئه‌وین ئامانج-ه‌ ئه‌و له‌دایك بووى ساڵى 2006 پارێزگارى سلێمانیه‌ و یاریزانى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق و یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانیه‌ خاونى چه‌ندین مه‌دالیى جۆراو جۆره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى عێراق، گۆڤاری گوڵانیش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌ كرد و ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵان دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*ئاستى یارى كاراتى چۆن ده‌بینى به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی؟
-ئاستى كاراتی له‌ چاو ساڵانى پێشتر به‌ره‌ووپێشچوونى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ به‌هۆى زیاد بوونى ژماره‌ى كچه‌ یاریزانان.
ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێـتی كه‌م تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌ووپێش نه‌چێت؟
-ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى یاریزان چاوی بكرێته‌وه‌ و به‌ره‌ووپێشچوون به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ، بێگومان ئه‌گه‌ر پاڵه‌وانێتى نه‌كرێته‌وه‌ ئاستى یاریزانان زۆر داده‌به‌زی.
*پێت باشه‌ چى بكرێ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى یاری كاراتی كچان به‌ره‌ووپێش بڕوات؟
-بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌ووپێش بچێت، پێویستمان به‌ روونى پاڵه‌وانێتى ده‌ره‌وه‌ى ووڵات هه‌یه‌.
*گرفتى یاری كاراتی له‌ چى ده‌بینی؟
-گرفتى زۆر له‌ ئاستى كاراتی كچان هه‌یه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئێراق زیاتر گرنگی ده‌دات به‌ به‌شى كوڕان و نادات به‌ ئاستى كچان ئه‌وه‌ش گرفت بۆ ئێمه‌ى كچان دروست ده‌كات.
* له‌ هیچ یانه‌یه‌ك داواى گرێبه‌ستت لێ كراوه‌؟
- نه‌خێر تاكو ئێستا بۆم نه‌هاتووه‌.
*به‌نیازی چی بۆ داهاتووى خۆت وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-ئامانجى گه‌وره‌م هه‌یه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌نجامى به‌رز به‌ده‌ست بهێنم.
*سه‌ركه‌وتن چیت پێ ده‌به‌خشێ؟
-سه‌ركه‌وتن هانم ده‌دات بۆ به‌ره‌ووپێش چوون و ئامانجى زیاترم ده‌داتێ بۆ هه‌وڵدان و گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامى گه‌وره‌.
*داواكارى و پێش نیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشیی؟
-داواكارم له‌ لاینى به‌رپرسى وه‌رزشی زیاتر گرنگی بده‌ن به‌ یارى كاراتى كچان و له‌م قۆناغه‌ بیبه‌نه‌ قۆناغێكى باشتر.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ به‌ داهاتوو؟
-وه‌كو یاریزانێك خه‌ونم ئه‌وه‌یه‌ پله‌یه‌كى باش به‌ده‌ست بێنم له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كاندا.
*ئه‌نجامه‌كانت وه‌كو پێویستن؟
-له‌ پاڵه‌وانێتى عێراق پله‌ى یه‌كه‌مم به‌ده‌ست هێناو، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى عێراقیش خاوه‌نى چوارده‌ مه‌دالیاى جۆراوجۆرم.
* له‌ كۆتایدا ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌؟
-سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و هه‌موو خزمه‌تى وه‌رزشكارانى كوردستان ده‌كه‌ن هه‌ر سه‌ركه‌وتووبن؟

Top