مەحسومە ئەحمەد خاوەنی كۆمپانیای ئاگركوژێنەوە: ئەگەر هەر ماڵێك، یان شوێنێك، ئامێرێكی ئاگركوژێنەوەی لابێت، دەتوانێت لە كاتی ڕووداوی ئاگركەوتنەوە كۆنتڕۆڵی بكات

مەحسومە ئەحمەد  خاوەنی كۆمپانیای ئاگركوژێنەوە:     ئەگەر هەر ماڵێك، یان شوێنێك، ئامێرێكی ئاگركوژێنەوەی لابێت، دەتوانێت لە كاتی ڕووداوی ئاگركەوتنەوە كۆنتڕۆڵی بكات

 

 

ئافرەتان بە شێوەیەكی گشتی لە سەرانسەری جیهاندا بە جۆرێك لە جۆرەكان تێكەڵ بە دونیای كار و سەرمایەداری بوون، ئەوان بە تواناكانیان وەرچەرخانێكی گەورەیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار كرد، لەم نێوەندەشدا خانمانی كورد دەستەوەستان نەبوون و وەك هەمیشە پڕ ئەزموون و زەحمەتكێش خۆیان دەرخستووە.

مەحسومە ئەحمەد خانمێكی دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆرانە و كۆمپانیایەكی گەورەی ئاگركوژێنەوە بەڕێوە دەبات، جگە لە فرۆشتن و چاككردنەوە و پڕكردنەوەی ئامێری ئاگركوژێنەوە، سیستەمی ئاگركوژاندنەوەش بۆ ماڵ و شوێنە گشتییەكان دەبەستن. مەحسومە ئەحمەد یەكەم ئافرەتە توانیویەتی ببێتە خاوەن و بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاگركوژێنەوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وەك خۆی باسی دەكات، هەلی كاری بۆ هەشت گەنج ڕەخساندووە. ئەو خاتوونە خاوەنكارە لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ئەركەكەی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

مەحسومە ئەحمەد لە دایكبووی شارەكەی ڕواندزە و دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆرانە، ئەو دایكی سێ منداڵە و زیاتر لە 15 ساڵە بە یاوەری هاوژینەكەی كۆمپانیایەكی ئاگركوژێنەوەی دامەزراندووە و خۆی بەڕێوەبەر و خاوەنی بیرۆكەكەشە، وێڕای ئەوەی كارەكەیان سوودی ئابووری بۆ ئەوان هەیە، هاوكات گیانی هاووڵاتیانیش لە مەترسییەكانی ئاگركەوتنەوە و سووتان دەپارێزن.

مەحسومە ئەحمەد بەمجۆرە باسی وردەكاریی پیشەكەی و ژیانی خۆی دەكات: «خاوەن كۆمپانیا و شوێنی شێرزادم، زیاتر لە ١٥ ساڵە لەم بوارە كار دەكەم و هەلی كاریشم بۆ هەشت گەنج دابین كردووە، جگە لە فرۆشتن و چاككردنەوە و پڕكردنەوەی ئامێری ئاگركوژێنەوە، سیستەمی ئاگركوژاندنەوەش بۆ ماڵ و شوێنە گشتییەكان دەبەستین، پێش ئەم كارە بكەم، زۆر كاری جۆراوجۆرم كردووە، بەڵام لە كۆتا جار من و هاوسەرەكەم بڕیارمان دا كۆمپانیایەكی ئاگركوژێنەوە و ئامێرەكانی ئاگركوژێنەوە دابنێین، ئەویش لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵكی سۆران و دەوروبەری».

 ئەو خاتوونە خاوەن كارە گوتیشی: «خۆشحاڵم كە یەكەم ئافرەتم توانیومە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ببم بە خاوەن و بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی ئاگركوژێنەوە، كارەكەم بۆ زۆر كەس نامۆیە، كە ئافرەتێك بتوانێت ئەم كارە سەختە بكات، چونكە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا كارە سەخت و قورسەكان كاری پیاوانە نەك ئافرەت، بەڵام من زۆر خۆشحاڵم كە دەتوانم شان بە شانی پیاوان كار بكەم. لێرەوە بە پێویستی دەزانم كە بڵێم دەبێت ئافرەت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و بە توانا و تێكۆشانەوە كار بۆ ئامانجەكانی بكات، جا لە هەر بوارێك كە حەزی لێی بێت، وەك ئاشكرایە كارەكەی ئێمە زۆر سەختە، گیروگرفتمان زۆر بووە، خەڵك بڕوای بەوە نەدەكرد كە بتوانم كارەكەم سەركەوتووانە ئەنجام بدەم، ئەویش بە هۆی ئەوەی لە ڕووی جەستە ئافرەت ناسكە، بەڵام توانیمان ئەو گیروگرفتانە لەناو ببەین و سەركەوتوو بین. لە كۆمپانیای ئاگركوژێنەوە خۆم بەڕێوەبەرم و هەموو كارەكە دەتوانم بەڕێوە ببەم و تیمێكی زۆر باش لە ژێر دەستمدان. ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین لەسەر زۆربوونی ڕووداوەكانی ئاگركەوتنەوە، پێموایە زیاتر لە ٦٠٪ی ئاگركەوتنەوەكان بە هۆی كەمتەرخەمیی خاوەنی شوێنەكەیە، ئەگەر هەر ماڵێك، یان شوێنێك، یان ماركێتێك ئامێرێكی ئاگركوژێنەوەی لە لابێت، دەتوانێت پێش ڕووداوەكە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكات، پێش ئەوەی ئاگرەكە تەشەنە بكات، بەوەش زیانەكان زۆر كەمتر دەبن. بە شانازییەوە خەڵكی ئیداری سەربەخۆی سۆران بە ڕێژەی ٨٠٪ ئامێری ئاگركوژێنەوەیان دابین كردووە، بەوەش خوانەخواستە ئەگەر ئاگركەوتنەوەیەك رووی دا، پێش ئەوەی بەرگری شارستانی بگاتە شوێنەكە، ئاگرەكە تا ئاستێك كۆنتڕۆڵ دەكرێت».

خاوەنی كۆمپانیای ئاگركوژێنەوە جەخت لەوە دەكاتەوە كە كارەكەیان بۆ خانمان كارێكی زۆر سەختە، بۆیە هەلی كاریان بۆ زۆر كەس داناوە، بەڵام هیچیان ئافرەت نین. هاوكات دەڵێت: «بە ڕای من ئافرەت دەتوانێت بۆ هەموو شتێك هەوڵ بدات، منیش تیمێكی پیاوانم هەیە كە كارە قورسەكان ئەنجام دەدن، بەڵام كارەكانی سەرەكی خۆم دەیكەم. من ئێستا خەریكی چاككردنەوەی ئامێری ئاگركوژێنەوەم، ئەمە حەریقی پاودەرە بۆ ئۆتۆمبێل بەكاردێت و دوو كیلۆیە، ماوەی شەش مانگ تێپەڕیوە، ئێكس پایەر بووە، ئێستا بۆی شەحن دەكەمەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت كە حەریقی كار دەكات. شەحنی نوێی بۆ لێ دەدەم، گازی نایترۆجینی بۆ تێ دەكەم، بەڵام بە قیاس، دواتر فەحسی دەكەم بۆ ئەوەی بزانم هیچ هەوا نەدات، چونكە ئەگەر هەوا بدات، هێزی كوژانەوەی سفر دەبێتەوە و كەڵكی نامێنێت. بۆیە لەناو حەوزی ئاو فەحسی دەكەم، سەعاتەكەی و بزمارەكەشی دەخەمە ناو ئاو كە دڵنیا بووم، هەوا نادات، كەپسی دەكەم. سەعاتەكە لەسەر سەوزە، مێژووی كۆنی لێ دەكەمەوە و هی نوێی لێ دەدەم كە بۆ ماوەی شەش مانگ هیچ كێشەی نابێت».

گوتیشی: «هەموو ئامێرێكی ئاگركوژێنەوە بۆ دڵنیابوون لەكاركردنی دەبێت شەش مانگ جارێك شەحن بكرێتەوە، هەروەها چەند هەنگاوێكمان هەیە بۆ بەكارهێنانی ئاگركوژێنەوە، یەكەم جار دەبێت دڵنیا بین كە سەعاتەكە لەسەر ڕەنگی سەوزە، دووەم هەنگاو بزمارەكەی ڕادەكێشین، كە بزمارەكەمان ڕاكێشا ودڵنیا بین كە حەریقەكەمان كار دەكات دەبێت پشت لە با بكەین بۆ ئەوەی لەكاتی تەقین ئاگرەكە بەرەو ڕوومان نەیێت».

وەك دوا وتەشی گوتی: پێویستە ئافرەت هەمیشە شوێن ئامانجی خۆیان بكەون، چونكە ئافرەت دەتوانێت وەك پیاو كار بكات لە كۆمەڵگەدا و بۆ گەیشتن بە خواستەكانیشی دەبێت قوربانی بدات و نەترسێت، دەبێت ئەوەیان لەبیر بێت، كە ئافرەتانی كورد زۆر بەهێزن.

 

Top