گوڵە نێرگز لە جوانی و جەماوەردا لە لووتكەدایە

گوڵە نێرگز لە جوانی و جەماوەردا لە لووتكەدایە

لەمەودوا گوڵە نێرگزە بۆنخۆش و ڕەنگ سپی و زەردە ناسكەكان، لە كێو و چیاكان و دەشت و دەری كوردستان دەبینرێن، گوڵ فرۆشانیش خواستێكی تایبەت لە گوڵچنینان داوا دەكەن، كە دەستە و باقە گوڵە نێرگزیان بۆ بهێنن، تا بە هەوادارانیان پێشكەش بكە، گوڵە نێرگز ئەگەرچی لە كوردستان گەشە دەكات، بەڵام ناوی (نێرگز) وشەیەكی كوردی نییە، بەڵكوو بەئەسڵ وشەیەكی كۆنی یۆنانییە و ناوی زانستی Narcissus، كە لە خێزانی ڕووەكی Amaryllidaceae، هەروەها چەندین ناوی دیكەی هەیە، بەرزیی باڵای ئەو گوڵە دەگاتە 5 بۆ 100 سەنتیمەتر، لە وەرزی بەهاردا خۆڕسكانە دەڕوێت و لە دوو ڕەنگی سەرەكی سپی و زەرد گەشە دەكات، گەڵاكانی ماددەی ژەهراوییان تێدایە، بۆیە چەندین گیاندار و باڵندە ناتوانن بیخۆن، زیاتر لە 13 هەزار جۆری هەیە، لە ڕێگەی ڕەگەزەوە گەشە دەكات كە بە ناوك یان بە ڕێگەی جیاكەرەوەی قەدەكانە، لە ڕۆمانەكاندا ناوی بەم چەشنە هاتووە، كە گەنجێكی بەریتانی جوان، بەو ناوە، كاتێك شێوەی خۆی لە نێو نافووریەكی ئاودا بینیوە و وای زانیوە كە شاجوانی دەریای بینیوە، بەم چەشنە خۆی هەڵداوەتە نێو ئاوەكە و خنكاوە، دواتر شاجوانانی دەریا هاتوون و جەستەیان بڵاوە كردووەتەوە و لەو شوێنە ئەو گوڵە ڕواوە، ئەوانیش بەو ناوەیان ناساندووە، هەروەها یۆنانییەكانیش دەڵێن، بۆنەكەی هێندە ئارامبەخشە وەك بەنج وایە، لە بابەتە ئەدەبیەكانیشدا دەگوترێت ناوەكەی لە داستانێكی ئەفسانەییەوە هاتووە: نێرگز، لە ناوی كچێكی یۆناییەوە هاتووە بەناوی (نێرگزیس)، نێرگزیس كچێك بووە، كە لەخۆبایی و بە بەردەوامی خۆی بە شۆخ و شەنگ و شاجوان زانیوە، زۆر گرنگی بە جوانییەكەی خۆی داوە و زۆر گرنگی بە پاكڕاگرتن دوە، ئەم كچە لەگەڵ ئەوەی جوانیش بووە، بەڵام لەخۆبایییەكەی زیاد لە پێویست بووە، تا وەهای لێ هاتووە كە بڵێت: هیچ كچێك لەم دنیایەدا لە من شۆخوشەنگتر و جوانتر نییە، من جوانترینی دنیام، ئەو سەردەمەش بەشێوەیەك بووە، كە ئاوێنە نەبووە تاوەكوو خۆی ببینێت، بۆیە هەموو ڕۆژێك دەچووە سەر ڕووبار و كانیاوەكان، وە لە ڕەنگدانەوەی ئاوەكەدا دەموچاوی خۆی دەدیتەوە، تا وەهای لێ هاتبوو ڕۆژ نەدەما نەچێتە سەر ڕوبارەكە، ڕۆژێكیان چووە سەر لێوی ڕووبارەكە، لەوێ ڕاستەوخۆ قاچەكانی دەخلیسكێت و دەكەوێتە ناو ئاوەكە، ڕاستەوخۆ لەناو ئاوەكەدا دەخنكێت، هەر لەو دەمەشەوە ئەفسانەیەك پەیدابوو كە دەڵێت: گوڵی نێرگز لە دەم ڕووبارەكانەوە گەشە دەكات و شین دەبێت.

Top