بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە یادی 35 ساڵەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە 16ی ئاداری 1988

بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە یادی 35 ساڵەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە 16ی ئاداری 1988

 

ئەمڕۆ یادی یەکێک لە گرینگترین ڕووداوە بەئازارەکانی کاروانی خەباتی گەلەکەمانە، ئەویش کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەیە لە 16ی ئاداری 1988، کاتێک ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆری سەدامی بە چەکی کیمیایی جۆراوجۆر بۆردومانی شارەکەی کرد و جینۆسایدێکی لێ کەوتەوە کە کۆتایی بە ژیانی زیاتر لە پێنج هەزار کەس ھێنا، ئافرەت و منداڵ و پیر و گەنج بوون و، نزیکەی نۆ هەزاری دیکەش بریندار بوون لە تاوانێکدا کە مرۆڤایەتی شەرمەزار دەکات. بۆیە، لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم کارەساتەدا، بە ڕێز و شکۆوە سەر بۆ شەهیدانی شاری هەڵەبجەی ئازیز و، کەسوکاری بەڕێزی قوربانییان و، هەموو ئەو بریندارانەی کە تا ئێستا بە دەست ئاسەواری ئەو تاوانە دڕندانەیەوە دەناڵێنن، دادەنەوێنین.

تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجە تاوانێکی بێوێنە بوو لە مێژوی مرۆڤایەتی و لە سەرەتای دامەزراندی دەوڵەت لە سەر گۆی زەوی نەبووە دەسەڵاتدارانی وڵاتێک دانیشتووانی وڵاتەکەی خۆیان کیمیاباران بکەن وەکو ئەوەی لە ١٦-٣-١٩٨٨ لە ھەڵەبجە ڕوی دا.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرەڕای دڕندەیی ئەم تاوانە، بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی بە تەواوەتی بەجێ نەگەیاند لە بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیە کوێر و کەڕ و لاڵ بوون ، سەرەڕای ئەوەی ھەوڵدانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەردەوام بوو و دواتریش ھەوڵدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر و، ئێستایش بەردەوام داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکەین هەنگاوی یاسایی پێویست بنێن بۆ داننان بە جینۆسایدی هەڵەبجەدا و پاڵپشتیکردنی زیاتری ئەم شارە، چونکە مافی گەلی کوردستانە لەسەر خاکی خۆی بە کەرامەت و ئارامی بژی و لە هەموو مافە ڕەواکانی نەتەوەیی و یاسایی و مرۆیی خۆیان بەهرەمەند بن، ئەو مافانەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق سەرەڕای پەیماننامە نێودەوڵەتییە پابەندکەرەکان لە پێشێلکردنیان بەردەوام بوون، چ ئەو پابەندییانەی لە کاتی بەئەندامبوونی لە کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی (1932) بۆ عێراق دیاریکران یان ئەوانەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان (1946) گواستراونەوە و لە سەرووی هەموویانەوە ڕێزگرتنە لە مافە مرۆیی و کولتووری و کارگێڕییەکانی کورد و کەمینەکانی دانیشتووی موسڵ و هەولێر و کەرکووک و سلێمانی. بەڵام، لە سایەی بایەخنەدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سیاسەتەکانی سەرکوتکردن و گۆشەگیرکردنی گەلی کوردمان لە سەردەمی ڕژێمی لەناوچووی سەدام گەیشتە لووتکە، بۆیە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو هەڵە گەورەیە ڕاست بکاتەوە، نەک تەنیا بەرامبەر قوربانییانی هەڵەبجە، بەڵکوو بەرامبەر بە مرۆڤایەتی بە گشتی.

لە کاتی یادکردنەوەی ئەم یادە بەئازارەدا، بەرپرسیارێتی بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی هەڵەبجە و قوربانییانی دیکەی جینۆساید لە ناوچە کوردستانییەکانی دیکەدا، بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە کە پێویستە ئەو یاسا و بڕیارانەی لەم بارەیەوە دەرچوون جێبەجێ بکات، چ لە سەر ئاستی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان یان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەك بڕیاری پەڕلەمانی کوردستان ژمارە 2ی 2008 و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (14ی نیسانی 2008) کە دان بە تاوانەکانی جینۆساید و تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتیی ڕژێمی لە ناوچوودا دەنێن. هەروەها، جگە لە قەرەبووکردنەوە، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەڵەبجە بە یەکێک لە گرینگترین هەنگاوەکان دادەنرێت کە دەبێت بە زووترین کات بە تەواوەتی دانی پێدا بنرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکرێت کە شایەنی خەڵکی ئەم شارە ئازیزەن و ئازارەکانیان کەم دەکەنەوە. شایانی باسە هەنگاو و ڕێکارەکانی ڕاگەیاندنی هەڵەبجە وەک پارێزگا بەر لە ڕووخانی ڕژیمی لەناوچوو لە ساڵی 2003 دەستیان پێ کرد لە لایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە، پەرلەمانی کوردستان لە 22ی ئەیلوولی 1999دا بڕیاری دروستکردنی پارێزگای هەڵەبجەی شەھیدی دا و، بەو پێیەی دەستووری عێراق لە مادەی 141یدا، دان بە هەموو بڕیار و یاساکانی هەرێمی کوردستاندا دەنێت و بە شێوەیەکی گەڕاوە، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی کوردستان زەمینەی یاسایی بۆ دروستکردنی پارێزگاکە دامەزراند، ئێتر ھیچ بەھانەیەك نییە بۆ دواخستنی قەرەبووکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.

باوەڕ و متمانەی تەواومان بەداھاتووی گەشی ھەڵەبجە ھەیە کە توانا و لەخۆبردوویی خەڵکە سەربەرزەکەی بنیات بنرێت و سەرەڕای قووڵی و ناشرینیی کارەساتەکە ئەم شارە چی دیکە شوێنی ماتەم گێڕان نییە. ھەڵبجە ئێستا و ھەموو کات چرای ئەدەب و ھزر بووە و میراتێکی دەوڵەمەندی ڕۆشنبیریی بۆ کوردستان دروست کردووە و پێگەکەی لە ویژدانی ھەموو کورد و کوردستانییاندا ڕەگ و ڕیشە داکوتاوە وەك یەکێك لە دیارترین سیمبولەکانی قوربانیدان و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە پێناو ئازادی و مافەڕەواکانی دەمێنێتەوە.

دووبارە سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجە و سەرجەم شەھیدانی کورد و کوردستان و گشت ڕۆڵەکانی ھەڵەبجە.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان
16ی ئاداری

Top