شەمس گومانی لە هونەرمەندان هەیە

شەمس گومانی لە هونەرمەندان هەیە

شەمسی كچە هونەرمەندی كوێتی، هێرشی كردە سەر بەشێك لە هونەرمەندان و تۆمەتباری كردن بە درۆكردن، گوایە بڕێكی زۆر پارەیان بەخشیوە بە قوربانیانی بوومەلەرزەكەی سووریا و توركیا.
شەمس لە ژمارەیەك پۆستدا لە ڕێگەی ئەكاونتی تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر، رایگەیاند كە هەندێك كەسایەتیی ناودار سوودیان لەو قەیرانە وەرگرتووە كە گەلی سووریا تێی كەوتووە، بۆ ئەوەی خۆیان وەك كەسێكی باش نیشان بدەن و داوای لێ كردن بێن راستەوخۆ بەشداری بكەن لە گەیاندنی هاوكاری و، دابینكردنی فریاگوزاریی پێویست بۆ كەمدەرامەتان و بریندارەكان، نەك تەنیا بە قسە و لێدوان.
شەمس لە كۆمێنتێكدا دەڵێت: «پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو كارەساتە بوەستێنێت كە بەسەر گەلی سووریای برادا هاتووە، كە جگە لە بەرجەستەكردنی دابەزینی ئەخلاقی و مرۆیی هیچی تر نییە، بەها مرۆییەكان دابەش ناكرێن، دەبێت گەلی سووریاش هاوكاری بكرێت هەر وەك چۆن هاوكاریی قوربانیانی توركیا دەكرێت، ئازارەكانی گەلی سووریا لە ساڵی ٢٠١١وە درێژكراوەتەوە».
لە تویتێكی دیكەدا روو لە هونەرمەندان دەكات و دەڵێت: «هەمووتان، لە كاتی ئاهەنگدا، توانیتان بچنە سووریا، ئێستاش بە هەمان شێوە بوێری بن و لە كاتی قەیرانەكاندا بچن و هاوكارییەكانتان پێشكەش بە خەڵك بكەن، لە خودا بترسن لە درۆكردن و لە ئیستغلالكردنی دۆخی قوربانیان، تۆ و ڕۆژنامەنووسەكانت كە درۆكە بڵاوی دەكەنەوە كە هەوڵ دەدەن وەك پاڵەوان نیشانت بدەن، با وێژدانتان هەبێت».
سەبارەت بە میدیاكانیش دەڵێت: «بوومەلەرزەیەكی وێرانكەر بوو، بەڵام نەفرەت لێكراوترین ئەو میدیایانەن كە وێنەی قوربانییەكانیان قۆستەوە بە مەبەستی تایبەت، لە هەموویان نەفرەت لێكراوتر هەندێك هونەرمەندن، كە بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە پارەیەكی زۆریان بەخشیوە بەو كەسانەی كە زیانیان بەركەوتووە و یەك ڕیاڵیش نادەن بە كەسانی پێویست، بەردەكانی سەر زەویش دەزانن كە ئەوان درۆزنن».

Top