كانزای مەگنسیۆم هاندەرە بۆ خەو!

كانزای مەگنسیۆم زۆر گرنگە بۆ تەندروستی، بەشدارە لە نزیكەی 600 چالاكیی خانەكانی لەشدا، هەموو خانەیەك و ئەندامێكی لەش بۆ فرمانی دروست پێویستی بە مەگنسیۆمە بۆنموونە، ئێسك، مێشك، دڵ، ماسوولكە..تاد. جگە لە چارەسەركردنی قەبزی و دابەزاندنی پەستانی خوێن، پسپۆڕان جەخت دەكەنەوە كە لەوانەیە مەگنسیۆم ڕۆڵی هەبێت بۆ چارەسەكردنی گرفتەكانی خەو، هەروەها كەمیی مەگنسیۆم لە لەشدا هۆكارێكە بۆ چەند گرفتێكی خەو بە شێوەی خەوزڕان یان خراپی كوالێتیی خەو. جگە لە هاندانی خەو، مەگنسیۆم ڕۆڵی هەیە بۆ ڕێكخستنی كوالێتیی خەو لە ڕێگەی كاریگەری لەسەر كۆئەندامی دەمار. لە لایەكی دی، لەوانەیە كە مەگنسیۆم نیشانەكانی پەستی و خەمۆكی سووك بكات، هەروەها هاندەرە بۆ هێوربوونەوەی لەش و مێشك و كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا. نزیكەی 10 جۆر ئاوێتەی مەگنسیۆم بە شێوەی دەنك، كەپسول یان پاودەر لە دەرمانخانەكاندا هەن، بۆنموونە كلۆریدی مەگنسیۆم، ئۆكسیدی مەگنسیۆم، مەگنسیۆم گلایسینەیت، مەگنسیۆم مالەیت Mg malate، مەگنسیۆم سترەیت Magnesium citrate..تاد.