پێكهاتەی و مێژووی سابوونی ڕەقی

پێكهاتەی و مێژووی سابوونی ڕەقی

سابوونی ڕەقی یان سابوونی حەلەبی یان سابوونی غار كە بە عەرەبی (صابون الغار، صابون الحلبی) بە ئینگلیزییش (Aleppo soap)ی پێ دوەگوترێت، جۆرە سابوونێكی سرووشتییە و لە چەند جۆرە زەیتێكی ڕووەكی و سرووشتیی وەك زەیتی زەیتوون و زەیتی گەڵای غار پێك هاتووە، جیاوازە لە سابوون و پاككەرەوەكانی دیكە و هیچ پێكهاتەیەكی كیمیایی لە پێكهاتەكەیدا نییە و هەستیاری دروست ناكات. سابوونی ڕەقی شێوەیەكی شەشپاڵوی مامناوەندی هەیە، هەروەها ڕەنگی سەوزێكی تێر یان قاوەییەكی تۆخی هەیە و خاوەن بۆنێكی نیمچە تیژە، بە گشتی بۆ گرنگیدان و پاككردنەوەی پێست و قژ بەكار دەهێنرێت، مێژووی دروستكردن و بەكارهێنانی سابوونی ڕەقی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین، لە بەڵگە مێژووییەكاندا دەركەوتووە كە شوێنەواری دروستكردنی ئەم سابوونە بۆ ناوچەیەكی شاری حەلەبی وڵاتی سووریا دەگەڕێتەوە، هەر لەو ناوچەیەوە دروست كراوە و بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە، هەندێك سەرچاوەی مێژوویی پشتڕاستیان كردووەتەوە كە تەنانەت لە سەردەمی كیلۆپاترا ئەم سابوونە هەبووە و خودی كیلۆپاترا سابوونی ڕەقیی بەكار هێناوە. سابوونی ڕەقی ئەگەر جۆر و كوالێتییەكەی بەرز بێت هیچ پێكهاتەیەكی كیمیایی لە دروستكردنیدا بەكار ناهێنرێت. لەگەڵ ئەوەی زەیتی زەیتوون و زەیتی گەڵای غار لە دروستكردنی سابوونی ڕەقیدا دوو پێكهاتەی سەرەكین، هاوكات زەیتی ڕەشكە و زەیتی خورماش لە چەند جۆرێكی سابوونی ڕەقیدا هەیە، هەروەها هەندێك سابوونی ڕەقی ماددەی كیمیایی وەكوو سۆدیۆم و هایدرۆكسیدی سۆدیۆم لە دروستكردنیدا بەكار دەهێنرێت، زۆرێك لە جۆرەكانی سابوونی ڕەقی بە شێواز و تەكنیكی سادە دروست دەكرێن، هەندێك جۆریش لە زەیتی زەیتوون دروست دەكرێت كە دەبێ دووجار گوشینی بۆ كرابێت و بۆ ماوەی شەش مانگ كۆگا كرابێت و ڕەنگێكی سەوزێكی تۆخی هەیە، سابوونی ڕەقی بە دوو شێواز و تەكنیك دروست دەكرێت، شێوازی یەكەم شێوازێكی نەریتی و سادەیە و بە كۆمەڵ و بە دەست و كەرەستەی سادە دروست دەكرێت، شێوازی دووەم بە پشتبەستن بە ڕێگەی یەكەم لە كارگەكان بە بەكارهێنانی ئامێری سەردەمییانە دروست دەكرێت، بەهۆی ئەوەی سابوونی ڕەقی لە زەیتی زەیتوون دروست دەكرێت، بۆیە دروستكردنی سابوونی ڕەقی لە دوای ماوەی چنینەوەی زەیتوون دەست پێدەكات، خوێ و ڕۆنی گەڵای غاریشی پێویستە، هەموو پێكهاتەكان تێكەڵ دەكرێت و لەسەر ئاگرێك كە پلەی گەرمییەكەی بەرز بێت دادەنرێت، تاكو گیراوەیەكی چڕ دروست دەبێت، ئەم قۆناغە بنەمای سەركەوتنی كارەكەیە و پێویستی بە ئارامی هەیە، پێویستە پیكهاتەكانی لەدوای یەك تێبكرێت و بە بەردەوامی تێك بدرێت تا گیراوەكە چڕ دەبێتەوە، بۆ ماوەیەك بەجێدەهێڵدرێت تاوەكو سارد دەبێتەوە، دوای ساردبوونەوە گیراوەكە لە قاڵبی شەش پاڵوویی بچووك دەكرێت و دەخرێتە بەر هەوا تاكوو یەك دەگرێ و پتەو و ڕەق دەبێت، سابوونەكان لەسەر یەك دادەنرێت بە شێوەیەك كە هەوا لە نێوانیاندا هەبێت، ئەم قۆناغە بە قۆناغی وشكبوونەوە ناسراوە و ماوەی شەش بۆ نۆ مانگ دەخایەنێت.

 

Top