8ی مارس.. ئەو رۆژەی بە قوربانیدانی ئافرەتان دروست بوو

8ی مارس.. ئەو رۆژەی بە قوربانیدانی ئافرەتان دروست بوو

 

بەر لە هەموو شتێك، ڕووداوی هەشتی مارس، دەنگهەڵبڕینی ئافرەتان بوو بە ڕووی زوڵم و زۆری و ناعەدالەتی و پیاوسالاری لە هەمبەر ژنان. لە ڕۆژی 8ی مارسی ساڵی 1857، لە یەكێك لە كارگەكانی ڕستن و چنین لە نیویۆرك، ئافرەتانی ئیشكەری ئەو كارگەیە، بۆ زیادكردنی كرێی كار و كەمكردنەوەی كاتی كاركردن بۆ كەمتر لە 10 كاتژمێر، ڕژانە شەقامەكان و ناڕەزاییان دەربڕی، بەڵام لە بەرامبەر ئەو خۆپیشاندانەی ئافرەتانی كرێكاری كارگەكە، لە كاردانەوەی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و خاوەن كارگەكان، ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەری ئافرەت لە لایەن پۆلیس و بە بڕیاری دەسەڵاتداران دەستبەسەر كران و ژمارەیەكیش كوژران و بریندار كران، تەنیا هۆكارەكەش ئەوە بوو، كرێكارانی ئافرەت داوای مافی خۆیان دەكرد، بەڵام ئەم هەنگاوی ناڕەزاییە بووە ڕۆژێكی پرشنگداری بزووتنەوەی ئافرەتانی جیهان و ڕۆژ دوای ڕۆژ دەسكەوتی زیاتر دەستەبەر دەبوو، تەنانەت دەسكەوتی بەشداریی سیاسییشی بەدوادا هات.

لە ساڵی 1910 لە شاری كۆبن هاگن لە دانیمارك، لەسەر ئەم بابەتە كۆنفراسێكی گشتگیر بەسترا، بۆ ئەوەی ڕۆژێك تایبەت بە ئافرەتانی جیهان دیاری بكرێت، ئەوە بوو لە ساڵی 1921، ڕۆژی 8ی مارس وەك ڕۆژی جیهانی ئافرەتان ناسێنرا و لەو ڕۆژەدا ئافرەتانی جیهان یادی دەكەنەوە و چالاكیی سیاسی و كۆمەڵایەتیی خۆیان دەكەن.

ڕۆژی جیهانیی ژنان، كە لە بنەڕەتدا تایبەتە بە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانی ئیشكەر، لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، لە ساڵی 1957 وەك ڕۆژێكی فەرمی و تایبەت بە ئافرەتان جێگیر كرا و لە زۆر وڵاتانیش لە ڕێكەوتی جیاجیا یادی دەكرایەوە، بەڵام دوای ئەوەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە فەرمی 8ی مارسی ناساند، ئیتر ئەو ڕۆژە وەك ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان ناسرا و ساڵانە لە جیهاندا یادی دەكرێتەوە، چونكە وەك گوتمان، تا ناساندنی 8ی مارس وەك ڕۆژی ئافرەتان لەلایەن ئەو ڕێكخراوەوە، ئافرەتان بە جیا و لە كاتی جیاواز یادیان دەكردەوە، بەڵام ڕاپەڕینی ئافرەتانی كارگەی ڕستن و چنینی شاری نیویۆرك، وەك دەبینین بووە سەرەتایەك لە خەباتی ژنان لە هەموو جیهان.

لە ساڵی 1913 ئافرەتانی ئەمەریكا لە 28ی2دا یادی ئەو ڕۆژە مێژووییەی خۆیان كردووەتەوە، ئافرەتانی ڕووسیا لە ساڵی 1913-1917 خۆپیشاندانیان كرد و داوای ئەوەیان كرد، ژنانیش وەك و پیاوان مافیان لە هەڵبژاردنەكاندا هەبێت، بەردەوامیش بوون تا بەدەستهێنانی مافی هەڵبژاردن و حكوومەتی ڕووسیایان ناچار كرد ئەو ڕۆژەیان بۆ بكاتە پشووی فەرمی.

لە ساڵی 1908جارێكی دیكە هەزاران لە ژنانی كارگەی ڕستن و چنینی نیویۆرك شەقامەكانیان هەژاند، بەڵام ئەمجارە ئاماژەی دەستەكانیان نانی ڕەق و گوڵ بوو، كە بە خۆپیشاندانی (نان و گوڵ) ناسرا و سەرەتایەك بوو بۆ دامەزراندنی بزووتنەوەی ژنان لە نیویۆرك، ژنانی ئەڵمانیا و دانیمارك و سویسرا و نەمساش چالاكیی تایبەت بە ئافرەتانیان دەست پێكرد، بەڵام دوای ناساندنی 8ی مارس بە فەرمی، ئێستا هەموو ئافرەتانی جیهان بە ئافرەتانی كوردستانیشەوە، لەو ڕۆژەدا وەك ڕۆژی تایبەت بە خۆیان یادی دەكەنەوە. بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە یەكە بە یەكەی ئافرەتانی وڵاتەكەم دەكەم.
ئەسرین عاسی شوانی

Top