كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌بوونى پاڵپشتى ئه‌وانه‌ كێشه‌ى سه‌ره‌كین

كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌بوونى پاڵپشتى ئه‌وانه‌ كێشه‌ى سه‌ره‌كین

هه‌رێز میكائیل یاریزانى فوتساڵى یانه‌ى وه‌رزشی سه‌ید سادق
ده‌ڤه‌رى شاره‌زوو یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ى كوردستانه‌ كه‌ گرینگی زۆر به‌ سه‌رجه‌م وه‌رزشكارانى یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان ده‌ده‌ن، له‌م قه‌زا گه‌وره‌ى كوردستانیش چه‌ندین كچه‌ یاریزانى به‌توانا هه‌یه‌ له‌ یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان، كچه‌ یاریزانانى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌یانه‌وێ له‌ رێگه‌ى وه‌رزشه‌وه‌ زیاتر ئاستى خۆیان به‌ره‌وو پێش ببه‌ن له‌ یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان، له‌ یارى فوتساڵیش شاره‌كه‌ خاوه‌نى ژماره‌یه‌ك یاریزانى ئاست به‌رزه‌ كه‌ ئێستا بۆ یانه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كه‌یان یارى ده‌كه‌ن و خاوه‌ن ئاستێكى به‌رزن جگه‌ له‌وه‌ى یاریزانى تیپى یانه‌ى سه‌ید سادقیشن، یه‌كێك له‌م كچه‌ یاریزانانه‌ش كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان ئه‌ویش هه‌رێز میكائیل ره‌حمان-ه‌ ،ناوبراو وه‌كو یاریزان یاری بۆ بۆ یانه‌كانى سه‌ید سادق و ئافره‌تانى به‌غداد كردوه‌، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 2003 قه‌زاى سه‌ید سادقه‌ و ئێستاش له‌ خولى نایابی فوتساڵى كوردستان به‌رگری له‌ درێسى شاره‌كه‌ى ده‌كات ، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌م وه‌رزشه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*چۆن بوو یارى تۆپی پێی هه‌ڵبژارد؟
-یارییه‌كی خۆشه‌ و هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ حه‌ز و ئاره‌زووم بۆى هه‌بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ڵم بژاردووه‌.
*هه‌ست ناكه‌ى وه‌رزشێكى قورست هه‌ڵبژاردوه‌؟
- هه‌ر چه‌نده‌ قورسیش بێت، به‌ڵام نه‌بۆته‌ به‌ربه‌ستێك له‌ به‌رده‌مم و كۆڵم نه‌داوه‌ و به‌رده‌وامم.
*پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنى ئه‌م وه‌رزشه‌ له‌ چى ده‌بینی؟
- هه‌میشه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچوونه‌ دایه‌ كه‌سانێكى زۆر له‌ جیهان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن.
*هه‌ست ناكه‌ى ئه‌م وه‌رزشه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش پێشوازی لێ نه‌كراوه‌ له‌ شاره‌كان به‌ تایبه‌ت بۆ كچان؟
- بێگومان پێشوازی زۆر كه‌می لێكراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش رێگری و به‌ربه‌ست هه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م كچان له‌ بواری وه‌رزشدا.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه‌؟
- له‌ ئێستادا به‌ره‌ووپێشچوونى نییه‌ و به‌ره‌و له‌ ناوچوون و نه‌مان ده‌ڕوات، بۆیه‌ ئه‌م كاره‌ هه‌ندێك قورسه‌ بكرێت.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت پاڵپشت و هاوكارییان بكڕێت تا بتوانن تواناى خۆیان پێشان بده‌ن له‌م بواره‌دا.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ وه‌كو كچه‌ یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
-به‌رنامه‌م ئه‌وه‌یه‌ زیاتر په‌ره‌ به‌ تواناكانى خۆم بده‌م و بتوانم له‌ خوله‌ جیاوازه‌كان به‌شدارببم.
*گرێبه‌ستت پێشكه‌شكراوه‌ له‌لایه‌ن یانه‌كان؟
- به‌لێ له‌ چه‌ند یانه‌یه‌ك داواكراوم بۆ یارى كردن.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ زیاتر له‌ چى ده‌بینی؟
-كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌بوونى پاڵپشتى ئه‌وانه‌ كێشه‌ى سه‌ره‌كین.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ بۆداهاتوو؟
- ببمه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌ بوارى وه‌رزشى خۆمدا.
*خانه‌واده‌كه‌ت تا چه‌ند هاوكارتن بۆ وه‌رزش كردن؟
- هاوكارو پاڵپشته‌یه‌كى گه‌وره‌ى منن.
*بۆچى یاریزانه‌كانى كوردستان زیاتر روو له‌ یانه‌كانى به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ یارى كردن؟
-ئه‌و پشتگیری و هاوكارییه‌ى له‌وێ بۆیان ده‌كرێت له‌ كوردستان بۆیان ناكرێت له‌ به‌ر ئم هۆكاره‌یه‌ ڕوو له‌ به‌غداد ده‌كه‌ن.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- ده‌ست خۆشى بۆ گۆڤارى گوڵان بۆ ئه‌و پاشتگیرییه‌ى له‌ وه‌رزشى ئافره‌تان و ناوه‌خۆ ده‌كات.

Top