پیشانگای قاوە و شـیكۆڵاتە لە كوردستان

پیشانگای قاوە و شـیكۆڵاتە لە كوردستان

هەوادارانی قاوە و شیكۆڵاتە لە كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەبن، چەندین شوێن و كافێ و قاوەخانە لە كوردستان بە گشتی و لە شاری هەولێر بەتایبەتی كراونەتەوە، كە رۆژانە خەڵك سەردانیان دەكەن و كووپە قاوەیەك نۆش دەكەن، گرنگیی ئەو خواردنەوە بە تامە وای كردووە كە فیستیڤاڵ و پیشانگاشی بۆ بكرێتەوە، بۆ دووەم ساڵ لە بەردەم پاركی شانەدەری هەولێر، پیشانگای قاوە و شیكۆڵات بۆ ماوەی چوار رۆژ كرایەوە، لە پیشانگاكەدا، ئەوانەی بەرهەمی قاوە لە وڵاتان هاوردە دەكەن، یان بە دەستكاری و برژاندنی خۆیانەوە داهێنانیان لە ئامادەكردنی قاوە كردووە، بە كەپرە جوانەكانی پیشانگاكە بەشدار بوون و قاوەیان نمایشی خەڵك و گەشتیاران دەكرد، بۆ ئەوانەش كە بەوێدا تێدەپەڕین یان بەلایەنەوە گرنگ بوو، فڕێكییان تێست دەكرد و ئەوەی بە دڵی بووایە داوای بەرهەمەكەی دەكرد، كە راستەوخۆ لە پیشانگاكە بە نرخێكی رەمزی بە خەڵك دەدرا، زیاتر لە (20) كەپر بۆ پیشانگاكە دانرابوون، جگە لە قاوە، كاری دەستیی ئافرەتان و كەرەستەی كەلەپوور و كەلتووریی كوردەواری نمایش كرابوون، هەروەها زیاتر لە 20 كۆمپانیا و ئامادەكەرانی قاوە بەرهەمەكانیان پێشكەشی خەڵك دەكرد، پیشانگاكە بە بۆن و تامی هەر فنجانە قاوەیەك شوێنەكەی بۆنداری قاوە كردبوو، كە ئەوەش بووبووە جێی سەرنجڕاكێشانی خەڵك و میوانان و گەشتیاران، ئامانج لە كردنەوەی ئەم پێشانگایە، زیاتر ناساندنی كەلتووری قاوەیە، چونكە خەڵك كەمتر ئاشنایە بە قاوە بەراورد بە چا، قاوەكانیش هەندێك لە توركیا و هەندێك لە ئیتاڵیا و هەندێكێش لە شاری هەولێر ئامادە دەكرێت، قاوەكانی پیشانگاكە لە ٣٩ تامی جۆراجۆر پێك هاتبوون، دووەم جارە ئەم پێشانگایە لە هەولێر دەكرێتەوە، ئێستا خەڵك بە گشتی رووی لە قاوەی جۆری قەزوان كردووە، قەزوانیش لە شاخاكانی كوردستان هەن كە وەك بەروبوومی خۆماڵیە بۆ سەرچاوەی قاوە، یەكێكی دیكە لە بەشداربووانی پێشانگاكە كە خاوەنی براندێكی خۆیەتی ئاماژە بەوە دەكات كە لە جیهاندا، ١٢ جۆری برژاندنی قاوە هەیە، بەڵام ئەو سێ جۆری دیكەیشی زیاد كردووە و تام و بۆنی قاوەكەی بووەتە بڕاندێكی تایبەت بە خۆی، خۆی لە جیهاندا ١٢ شێوازی برژاندن هەیە و لە كوردستان كراوەتە ١٥ شێواز، چونكە هەر برژاندنێك بەشێوەی خولەكە و، بۆنی خۆی هەیە و توانیویانە ئەو جۆرە تامە بدۆزنەوە كە تاڵییەكەی هەندێك كەم بكاتەوە و لە بری ئەوە چەوری بە قاوەكە بدات.

 

Top