سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبۆوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبۆوە

ڕۆژی چوارشەممە 15ی شوباتی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبۆوە.
لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەیەدا کورتەیەک لەبارەی کار و چالاکییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی هەردوو ڕێکخراوەکە پێشکەش کرا.
دواتر سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد.
لە سەرەتای وتەکەیدا سەرۆک بارزانی بەبۆنەی نزیکبوونەوەی هەژدەی شوبات و حەفتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە لاوان و قوتابیانی خۆشەویست کرد و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی ڕۆڵی قوتابیان و لاوان لە پێگەیاندنی کەوادیر بۆ بەردەوامیی خەباتی سیاسی و حزبی داوای کرد کە هەردوو ڕێکخراوەکە بە پلانێکی ڕوون بۆ ئایندە و بە ڕۆحێکی هەڤاڵینی و نیشتمانپەروەرانە و لەپێناو یارمەتیدانی پڕۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی لاوان و قوتابیان کۆنگرەی خۆیان ببەستن.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک بارزانی هێمای بە ڕاسپاردە و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دا و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ پارتی بۆ ئەو ئامانج و پڕەنسیپانە بگەڕێتەوە کە لە پێناوی دامەزراوە.
سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە چاکسازی و گۆڕانکارییەکانی ناو پارتی بەردەوام دەبن لە پێناو پتەوترکردنی بەها و پڕەنسیپ و ئامانجە باڵاکان.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی هاوبەشیی خۆی بۆ خەم و ئازاری زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی حەفتەی ڕابردووی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا دووپاتکردەوە و پێزانینیشی بۆ هاوکاری و بەدەنگەوەچوونی حکوومەتی هەرێم و دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و تێکڕای خەڵکی کوردستان بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە هەبوو.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و دۆخی ناوخۆی هەرێم تەوەری تری وتەکەی سەرۆک بارزانی بوون و لەمبارەیەوە سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبوان خستەڕوو.

Top