ئیڤون پترۆز ئوهان سەرۆكی لێژنەی كارگێڕیی نەتەوەی ئەرمەن لە هەولێر بۆ گوڵان: سەرۆك بارزانی پارێزەری ئاشتەوایی و لێبوردەیی و تەبایی نێوان هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانە
پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە هەرێمی كوردستانی ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە و ڕۆچووەتە نێو كەلتووری كۆمەڵگەوە و ئەم پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە فرەییە لە پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستانیشدا بەرجەستە بووە و ڕەنگی داوەتەوە، ئەمانە و چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ ئیڤون پترۆز ئوهان سەرۆكی لێژنەی كارگێڕیی نەتەوەی ئەرمەن لە هەولێر.
* یەكێك لە جوانییەكانی كوردستان ئەو پێكەوەژیانە جوانەیە كە هەیە و هەموو جیهانیش بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەم پێكەوەژیانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دەكەن، ئایا ئێوە وەك ئەرمەنەكان چۆن سەیری ئەم پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- ئەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستانە وای كردووە كە لێبوردەیی و ئاشتی و تەبایی لە هەرێمەكەدا بەرقەرار بێت، پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان تەنیا لەو چەند ساڵەی دواییدا نییە، بەڵكو ڕەگ و ڕیشەی لە كۆنەوە هەیە و، لە شۆڕەش و ڕاپەڕینەكانی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا، بەتایبەت لە سەردەمی بارزانیی نەمر كە شۆڕشێكی ڕزگاریخوازی سەرتاسەری بۆ ڕزگاركردنی هەموو گەلی كوردستان و ستەمدیدە ڕاگەیاند، لە شۆڕەشەكەدا بە فیعلی هەموو پێكهاتەكان چ نەتەوەیی چ ئایینی تێیدا بەشداربوون و شەهیدیان دا، لە دوای ڕاپەڕینیشەوە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەتایبەت جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر بە تەنگ ئاشتەوایی و لێبوردەیی و تەبایی بووە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستاندا، ئەمەش وای كرد هەموو نەتەوە جیاجیاكان و ئایین و ئایینزاكان لە حكومەت و پەرلەمان و دامودەزگەكانی هەرێمی كوردستاندا بەشداری پێ بكرێن، كە بووە هۆی ئەوەی پێكەوەژیانەكە زۆرتر بەرجەستە و گەورە و بەرچاو بێت و، هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی وڵاتانی دونیا بە چاوی ڕێز و ستایشەوە سەیری بكەن، ئێمەش وەك گەلی ئەرمەنی هەست بە بوونی خۆمان دەكەین لەو پێكەوەژیان و لێبوردەییەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، هەر بۆیە بە ڕێزێكی تایبەتەوە تەماشای ئەو پێكەوەژیانە دەكەین كە گرنگییەكەی زیاتر لەوەدایە هیچ جیاوازییەك لە ماف و ئیمتیازی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستاندا ناكرێت، ئێمە وەك ئەرمەنییەكان دەستی تەواو ڕادەكێشین بۆ پشتگیری و زیاتر گەورەبوونی ئەو پێكەوەژیانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا سەركەوتوو بووە و بووەتە نموونەیەكی جوانی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو وڵاتانی دونیاش، بەردەوامی و بەهێزبوونی ئەو پێكەوەژیان و لێبوردەییە هۆكارێكی گەورەیە بۆ زیاتر خزمەت و گەشەكردنی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە.
* ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دریژەپێدان و پشتگیركردنی تەواوی ئەو پێكەوەژیانەیە و هەر لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری كرد، ئەمەش ڕووداوێكی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهان، ئایا ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان لە كوردستان چۆن دەبینن؟
- لە یەكەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی كابینەی نۆیەمدا، بەتایبەت كە ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ناو هۆڵی پەرلەماندا كارنامەكەی خوێندەوە، ئێمە وەك گەلی ئەرمەنی دڵنیابووین لەوەی مافەكانمان پارێزراو دەبێت و بەشداری كارا دەبین لە هەڵسووڕاندن و جێبەجێكردنی یاساكانی گەلی كوردستاندا و، دامەزراندنی وەزارەتێك بۆ كاروباری پێكهاتەكان و بەشداربوونمان لە چەندین جومگە و دامودەزگای حكومەتی هەرێمدا، ئەوە دەسەلمێنێت كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان حوكمڕانیی هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی گەلی كوردستانە لە هەرێمدا. لەلایەكی دیكەوە لەو كاتانەی هێرشی تێرۆریستی لە شار و شارۆچكەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەسەر كریستیان و چەندین پێكهاتە و ئایین و ئایینزای دیكە هەبوو، بە بڕیاری سەرۆك بارزانی و بە پێشوازیكردنی حكومەتی هەرێم باوەش و دەرگای هەرێمی كوردستان بەڕووماندا كرایەوە، لە پاشان جێگە و شوێنی ژیانیان بۆ دابین كردین، وەك ئەوەی كە بە درێژایی مێژوو لەو خاك و ئاو و هەوا و شوێنەدا ژیابین، هەر ئەو جوانیی پێكەوەژیانە وای كرد، قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لە نزیكەوە ببینیێت كە پێكەوەژیان و لێبوردەیی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لەو پەڕی گەشەكردندایە، ئەوەش بووە جێگەی سوپاس و ستایشیان و لە داوی گەڕانەوەشی سەرسوڕمانی خۆی بەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان بۆ جیهان ڕاگەیاند. دڵنیاین كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان درێغیی نەكردووە بۆ هێنانەدیی ماف وداواكاریی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە ئێمەش وەك گەلی ئەرمەنی هاوكاری و پشتگیریی خۆمان بۆ سەركەوتنی كابینەی نۆیەم لە حوكمڕانیی گەلی كوردستان، بەتایبەت لەو لێبوردەیی و پێكەوەژیانە جوان و سەركەوتووە دەردەبڕین.
* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و، بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن، ئایا ئێوە وەك ئەرمەنەكان دەتانەوێت مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا چۆن دیاری بكرێت؟
- بێگومان دڵنیاین لەوەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی چۆن لە كاتی نووسینەوە و ئامادەكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق پێداگری لەسەر ماف و بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە كرد، ئاوەها و زیاتریش لە نووسینەوەی دەستوور هەقی بەوە داوە كە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان خۆیان لە نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا بەشدار بن، تاوەكو ماف و دواكارییەكانی خۆیان بە خۆیان لە دەستوورەكەدا دیاری بكەن، كە ئەمەش نموونەیەكی زۆر تایبەت و جیاوازە لەوەی لە هەموو دونیادا دەبینرێت، كە دەیسەڵمێنێت سەرۆكی و ڕابەری گەلێكی وەك سەرۆك بارزانی دەیەوێت وڵاتێكی هەمەڕەنگ لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان بنیاد بنێت و ئێمەش بەشدار دەبین لە نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا، بەو پێیەی كە جەنابی بارزانی ڕێگەی پێ داوین تاوەكو ماف و بەرژەوەندییەكانمانی تێدا جێگیر بكرێت.
* لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا هەر لە ساڵی 1992 تا ئێستا بۆ پاراستنی فرەڕەنگی، سیستمی كۆتا بۆ نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە كوردستان دانراوە و ژمارەی كورسییەكانی كۆتا 11 كورسییە، كە بە سەریاندا دابەش كراوە، لە بەرانبەر ئەم 11 كورسییە، 100 كورسیی دیكە هەیە كە بەسەر هێزە كوردییەكاندا دابەش كراوە، پرسیار ئەوەیە بۆچی كە دێتە سەر باسی دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە كوردستان، هەندێك لایەن دێنەسەر باسی كورسیی كۆتاكان و ئەم پرسەیان كردووە بە كێشە، ئایا چارەنووسی خۆتان وەك پێكهاتە جیاوازەكان و بەشێكی سەرەكیی گەلی كوردستان سەبارەت بە گوشاری ئەو حزبە سیاسییانە بۆ لەبەریەك هەڵوەشانی كورسیی پێكهاتە جیاوازەكان چۆن دەبینن؟
- ئێمە وەك ئەرمەنی موزایەدەی سیاسیی هیچ لایەنێك و حزبێك قبووڵ ناكەین و نامەنەوێت منەتی كۆتامان لەسەر حیساب بكەن، بەڵكو كورسیی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان هەق و مافێكی نەتەوەیی و ئایینی خۆمانە لەو نیشتمانە خۆشەویستەدا و، نامانەوێت چارەنووسمان بكەوێتە ژێر دەست و گوشاری حزبە سیاسییەكانەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە دژی كۆتاكان هەڵویستی خراپیان نواندووە و موزایەدەی سیاسی بەو كورسییانەوە دەكەن، دیارە ئەو لایەن و حزبانەی ئەو قسانە دەكەن، جگە لەوەی پاساوی سەرنەكەوتنیانە لە هەڵبژاردنی ئەو جارەی پەرلەمانی كوردستان و دەیانەوێت بە ئارەزووی خۆیان كورسییەكان بۆ ئێمە دیاری بكەن، كە ئەوەش جێگای قبووڵ نییە.
* نوێنەری كۆتای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان زۆر جار لەناو پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی هاوهەڵوێستن، ئەمەش وای كردووە كە هەندێك حزب بەوە تاوانبارتان بكەن كە ئێوە پارتین، پرسیار ئەوەیە بۆچی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان هاوهەڵوێستن ؟
- ئێمە وەك گەلی ئەرمەنی لە كوردستاندا هەمیشە هاوهەڵویست دەبین لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەگشتی و لەناو پەرلەمانیش لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی، چونكە پارتی هەمیشە داكۆكیكار و پارێزەرێكی بەردەوام و هەمیشەیی و مێژوویی ماف و بەرژەوەندییەكانی پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە، بەتایبەت مافی گەلی ئەرمەنی، لەلایەكی دیكەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لەو كاتەوە دامەزراوە، وەك چەترێك بووە بۆ هەموو كەس و لایەن و نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك لە كوردستان بێت، یان لە دەرەوەی كوردستان، سەركردە و ڕابەرانی ئەو حزبە بە بیر و هزرێكی دوور لە دەمارگیریی نەتەوەییەوە سەیری بەرانبەر خۆیان دەكەن، لایەنێكی دیكە لە ناو بیر و ڕێبازی بارزانیدا ڕەگی داكوتاوە و كاری بەردەوامی بۆ دەكات، ئەویش هاتنەدیی مافی مرۆڤ و مومارەسەكردنی دیموكراتییەت و پاراستنی كەسایەتیی تاكی كوردستانە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، كە ئەمەش لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینیەوە لەلای ئێمە لە هەموو شتێك گەورەتر و پیرۆزترە، بۆیە پشتیوانی و هاوهەڵویستیی خۆمانی وەك گەلی ئەرمەنی بۆ دەردەبڕین.
* هەتا ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیریی ئەوە دەكات كە كورسیی كوردستان یەك بازنە بێت و دابەش نەكرێت، ئایا بۆچی گرنگە كورسیی كۆتاكان لە یەك بازنەدا دەنگی پێ بدرێت؟
- ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرگریی لێ دەكات، بۆ بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی كوردستان و ئەو پێكەوەژیان و لێبوردەییە جوانەیە كە تێدا سەركەوتوو بووە، پارتی دەزانێت ئەگەر سیستمی هەڵبژاردن یەك بازنەیی نەبێت، هەق و دەنگی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان دەفەوتێت و بەشدار نابن لە پەرلەمان و دانانی یاساكانی هەرێمەكەدا، ئەمەش یەكێكی دیكەیە لەو شانازییانەی كە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێت لە حوكمڕانیی هەرێمدا، كە كەس ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات، ئێمە دڵنیاین ئەگەر پارتی نەبێت و داكۆكی لە پێكهاتەكان نەكات، ئەوە حزب و لایەنەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان نەك ماف و بەرژەوەندییەكانمان پێ نادەن، بەڵكو ژیانیشمان پێ ڕەوا نازانن، هەر بۆیە ئێمە وەك گەلی ئەرمەنی داوا دەكەین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت و یەك بازنەیی بێت، تاوەكو ئێمە و هەموو پێكهاتەكانی دیكە بە هەق و مافی خۆمان شاد بین.