ده‌بێ یانه‌كان پشت به‌ یاریزان و ڕاهێنه‌رى بیانى ببه‌ستن

ده‌بێ یانه‌كان پشت به‌ یاریزان و ڕاهێنه‌رى بیانى ببه‌ستن

خه‌یال حه‌مه‌ یاریزانى تۆپى باله‌ى یانه‌ى ته‌ق ته‌ق

ده‌بێ یانه‌كان پشت به‌ یاریزان و ڕاهێنه‌رى بیانى ببه‌ستن
یانه‌ى ته‌ق ته‌قی سه‌ر به‌ قه‌زاى كۆیه‌ هه‌موو سالێك له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى خوله‌كانى باله‌ى كچانی یانه‌كانى كوردستان و عێراق یه‌كێك له‌ تیپه‌ به‌هێزه‌كانى خوله‌كانه‌، بۆ ئه‌مساڵیش چه‌ندین كچه‌ یاریزانى به‌تواناى له‌ یانه‌كانى ترى كوردستان گواستۆته‌وه‌ ریزى تیپه‌كه‌ى به‌ ئامانجی كێبڕكێ كردن له‌ سه‌ر به‌ده‌ست هێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ و له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى ئه‌نجامدانى یه‌كه‌ مه‌شقییه‌كانن له‌ ناحیه‌ى ته‌ق ته‌ق، یه‌كێك له‌ كچه‌ هه‌ر به‌تواناكانى كوردستانیش كه‌ ئه‌مساڵ رێگه‌یه‌كى دوورى بڕیوه‌ بۆ په‌یوه‌ندی كردن به‌ یانه‌كه‌ كچه‌ یاریزانى پێشووى یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان خه‌یال حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د-ه‌ ناوبراو یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانه‌به‌تواناكانى یانه‌كه‌شه‌ له‌ ئێستادا كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌یه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان و ئێستا ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ یانه‌ تازه‌كه‌ى نازناو و ئه‌نجامى گه‌وره‌ تۆماربكات، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 1996 ده‌ربه‌ندیخانه‌ و ده‌رچوونى به‌شى ئینگلیزییه‌ ، گۆڤاری گوڵان له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌كرد، ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
* ئاستى یارى باله‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان ؟
- ئه‌گه‌ر بلێم هه‌ر له‌ سه‌ر هه‌مان ڕێره‌وی ساڵانى پێشووه‌ و ڕه‌نگه‌ جێگه‌ى باوه‌ڕ نه‌بێ بۆ زۆر كه‌س، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ یارى باله‌ له‌ كوردستان و عێراق تاكه‌ یارییه‌ گۆڕانكارییه‌كى باش و به‌رچاو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یاریزانان و یانه‌كان ناكرێت و له‌ سه‌ر هه‌مان ڕیتم پاڵه‌وانێتى ده‌كرێته‌وه‌، بێگومان كه‌ سوودێكى واى نییه‌ بۆ یاریزانان.
*كه‌می كردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانێتى تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ پێشكه‌وتنى نوێ به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینێ؟
-بێگومان ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى هۆكارێكی باشه‌ تاوه‌كو یاریزان زیاتر به‌ره‌وو پێش بچێت و زیاتر چاوی له‌ سه‌ر ئامانجی بێت و دڵ خۆشبێت، به‌ڵام لێره‌ وه‌ك پێویست نییه‌.
* پێت باشه‌ چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ قۆناغێكى تازه‌ ببڕێت بۆ به‌ره‌وو پێشچوون؟
-هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م قسه‌یه‌ دووباره‌یه‌ و هه‌موو ساڵ به‌ هه‌مان ئومێد ده‌یلێینه‌وه‌، پێم باشه‌ خول و پاڵه‌وانێتى زیاتر بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یاریزانان سوودمه‌ند بن له‌ رێگه‌ى یه‌كێتی تۆپى باله‌وه‌ كه‌ ده‌بنه‌ پاڵه‌وان یان ڕیزبه‌ندی پێشه‌وه‌یان هه‌بوو به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك هاوكاریان بكه‌ن تاوه‌كو زیاتر ئاره‌زووی به‌شدارى كردنیان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ ئه‌وه‌ چه‌ندین تیپ ده‌بینین هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ له‌ سه‌دا په‌نجاى هۆكاره‌كه‌ى یه‌كێتى باله‌یه‌ و كه‌م ته‌رخه‌می ئه‌وانه‌.
*گرفتى یارییه‌كانى باله‌ له‌ چى ده‌بینی؟
-گرفته‌كانى ئه‌م یارییه‌ زۆرن هیوادارم چاره‌سه‌ر بكرێ.
* دواى ساڵانێكى زۆر له‌ خزمه‌ت كردن بۆ چى یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخانت جێهێشت؟
-ورده‌ هۆكار زۆره‌، به‌ڵام خزمه‌ت نه‌كردن و نه‌گونجان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى ڕاهێنه‌ر ده‌كرێ هۆكارى سه‌ره‌كی بن، له‌ هه‌ر شوێنى وه‌رزش بكه‌ى ده‌بێ ڕێزت بگیرێ و پێزانین هه‌بێ ئه‌وكات پێش ده‌كه‌ویت، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ جێ هێشتن باشترین بڕیاره‌.
* به‌نیازی چی بۆ داهاتووى خۆت وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
- به‌نیازی به‌رده‌وام بوونم هه‌تا باشترین ئاست و توانام هه‌بێ خزمه‌ت به‌ یارى باله‌ بكه‌م، هیچ كات ڕۆژێك بیرم له‌ وازهێنان نه‌كردۆته‌وه‌ و ده‌ست به‌ردارى خه‌ونه‌كه‌م نابم.
*له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆ چوونه‌ى یانه‌كان پشت به‌ ڕاهێنه‌ر و یاریزانى بیانی ببه‌ستن بۆ سوود وه‌رگرتنى زیاتر؟
-به‌لێ بێگومان ده‌بێ یانه‌كان پشت به‌ یاریزان و ڕاهێنه‌رى بیانى ببه‌ستن وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ پێشكه‌وتنى یارییه‌كه‌.
*چۆن بوو بڕیارت دا یانه‌ى ته‌ق ته‌ق هه‌ڵبژێری؟
- یانه‌ى باشمان زۆرن، به‌ڵام من ته‌ق ته‌قم هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌مساڵ كه‌ یارییان بۆ بكه‌م له‌ ئاستى یاریزانه‌كان ڕازی بوون تا ڕاده‌یه‌ك و كارگێڕى یانه‌كه‌ پێشوازییه‌كى زۆر باشیان لێ كردم و، هه‌روه‌ها گرێبه‌سته‌كه‌م له‌ تموحی من بوو.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسی وه‌رزشیی؟
-داواكارم داوكارییه‌كانمان هه‌موو ساڵ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، زیاتر گرنگی به‌ وه‌رزش بده‌ن و پاڵنه‌رێك بن تاوه‌كو پاڵه‌وانێتى بكرێته‌وه‌ و یاریگاكان نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه‌ بۆ ڕاهێنان تاوه‌كو یاریزانى زیاتر بێنه‌ پێشه‌وه‌ یارییه‌كه‌ له‌ ناو نه‌چێ.
*خه‌ونى ئه‌وه‌ت نییه‌ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ و تۆش یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌كانى بیت؟
-به‌هیوام هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دروست بكرێ و ببێته‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین هه‌ڵبژارده‌كان، بێگومان خه‌ونى هه‌موو یاریزانێكه‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌ یاریزانه‌كانى هه‌ڵبژارده‌ى نیشتمانى خۆی.
*بۆ تۆ ئه‌سته‌م نییه‌ له‌ رێگاى دوور دێته‌ ته‌ق ته‌ق بۆ وه‌رزش كردن؟
- رێگاكه‌ نا خۆشه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ى به‌ خه‌ون و ئامانجت ده‌بێ ئه‌و ڕێگانه‌ش ببڕی و له‌گه‌ڵ بارودۆخی خۆم گونجاندووه‌، كۆتایی هه‌فته‌ ده‌چمه‌ ته‌ق ته‌ق ڕۆژانى تر له‌ سلێمانى مه‌شق ده‌كه‌م.
* به‌چ یاریزانێكى بیانى سه‌ر سامی؟
-یاریزانى زۆر باشمان هه‌یه‌ له‌ جیهان، به‌ڵام له‌ كچان گابی به‌رازیلی به‌ڕای من باشترینه‌ و زۆر سه‌رسامم پێى.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-ده‌مه‌وێ سوپاسی گۆڤاری گوڵان بكه‌م بۆ ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ى به‌ چینی وه‌رزشكارانى كوردستان ده‌كات به‌ بێ جیاوازی، ئێوه‌ هۆكار بووینه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یاریزانان زیاتر ده‌ربكه‌ون، ئه‌وه‌ى گۆڤاری گوڵان گرنگی به‌ یاریزانان داوه‌ له‌ خه‌می یاریزانان بووه‌ یه‌كێتى باله‌ ئه‌و گرنگییه‌ى نه‌داوه‌ هه‌ر بمێنن.

 

Top