خالید ماملێ كوڕی هونەرمەند (محەمەدی ماملێ) كۆچی دوایی كرد

خالید ماملێ كوڕی هونەرمەند (محەمەدی ماملێ) كۆچی دوایی كرد

بە پێی ئەو هەواڵانەی كە لە ئێستادا بڵاوبۆوتەوە, خالید ماملێ ناسراو بە (هێدی ماملێ) كە دەكاتە كوڕی هونەرمەند(محەمەدی ماملێ) لە تەمەنی 64 ساڵیدا لە پاریسی وڵاتی فەرەنسا بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد . 

(مەڵبەندی هونەریی ماملێ) لە نوێترین بڵاوكراوەیاندا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایانگەیاند كە (هێدی) كوڕی هونەرمەندی گەورەی كورد (محەمەدی مالێ)  لە ڕێكەوتی 7/2/2023 لە وڵاتی فەرەنسا كۆچی دوایی كرد .

لە درێژەی بڵاوكراوەكەدا هاتووە...

هاورێیان، دۆستان و خزمانی هێژا و قەدرگرانمان؛

پێتان ڕادەگەیێنین کە برا و ئازیزمان کاک خالید ماملێ (هێدی) ئەمڕۆ سێشەممه ڕێکەوتی ٧/٢/٢٠٢٣ بە هۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن، لە پاریس و لە تەمەنی ٦٤ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و بە جەستە کۆڕی ئازیزان و خۆشەویستیانی چۆل کرد. کاک خالید (هێدی) کوڕی سێهەم و منداڵی چوارەمی هونەرمەند محەممەدی ماملێ بوو. لە هەڕەتی لاوێتیدا تێکەڵ بە کاری سیاسی بوو و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکڕات و لە بەشی ئینتیشاراتدا، درێژەی بە خەبات دا و لە ساڵی ١٩٨٤ ـەوە لە فەڕانسە نیشتەجێ ببوو.

یادی هەرمان و هیچکات لەبیری ناکەین کاکە گیان.

 

هاوكات ئیسماعیل ماملێ كە دەكاتە ئامۆزای هێدی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك كۆچی دوایی (خالید ماملێ)ی ڕاگەیاند و نووسیویەتی....

کۆچی دوایی ئامۆزای بەرێزم کاک هێدی ماملێ ( خالید)

کوری مامۆستا محمدی ماملێ !

بەداخ وپەژارەیەکی زۆرەوە ئەورۆ سەر لە بەیانی ٧ی فیوریەی ئامۆزام کاک هێدی ماملێ پاش نەخۆشێکی چارەسەر نەکراو کۆچی دوایی کرد. کاک خالید سێهەم کوری مامۆستا محمدی ماملێ و حاجی نۆسرەت خانم بوو کە ماوەی چەند ساڵیک بوو تووشی نەخۆشی بوو. پاش بەرەنگارێکی کوت وپر بەداخەوە کۆچی دوایی کرد. پر بە دڵ سەرەخۆشی خۆم لە بنەماڵەی ماملێ بە گشتی و لە کاک خانە و کاک خوسرەو و باجە کۆبرا بە تایبەتی دەکەم و ئاواتەخوازم دواین پەژارە وخەم وئازارەی بنەمالەکەمان بێت. رووحی شاد و یادی هەردەم بەرز وپیرۆز بێت.

گوڵان-ئاسۆ كاكەیی

Top